ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلیزی بەهۆی كاری ئابڕووبەرانە لە پێكهاتەكەی وڵاتەكەیان دوورخرانەوە و ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە و پێشبینی دەكرێت سزایەكی قورسیش بدرێن.

گاریس ساوزگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلیزی لە لێدوانێكدا كە لە پێگەی دەیلی مەیلی بریتانیا بڵاوبووەتەوە بۆ یارییەكەی سبەی بەرامبەر دانیمارك هەردوو یاریزانی لاوی وڵاتەكەی ماسۆن گرینوود و فیل فۆدنی دوورخستەوە كە ئەو دوو یاریزانە یاری بۆ یانەكانی مان یونایتد و مان سیتی دەكەن.

بە گوێرەی میدیاكانی بریتانیا ئەم دوو یاریزانە شەوی پێش یارییەكەیان بەرامبەر ئایسلەندا هەریەكەیان ئافرەتێكیان بردووەتەوە هۆتێل، بەمەش پێشێلی یاساكانی هەڵبژاردەكەیان و رێنماییە تەندروستییەكانیان كردووە.

كەناڵی تەلەڤزیۆنی Icelandic outlet DV وەكو یەكەمین سەرچاوە ئەم بابەتەی ئاشكرا كرد و ڤیدیۆی ئەو دوو یاریزانەی بڵاوكردەوە كە‌ لە هەمان هۆتێلی هەڵبژاردەی ئینگلیز سەرپێچیان لە یاسایەكانی خۆپارێزییان كردووە و ئافرەتیان بردووەتە ژوورەكانیان.

پێگەی دەیلی مەیلی بریتانیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە فیل فۆدنی یاریزانی مان سیتی دوو كوڕی هەیە و هاوسەرگیری كردووە، كەچی ئافرەتێكی لە ستافی هۆتێلەكە بۆ ژوورەكەی بردووەتەوە و لە كەمپی مەشقی هەڵبژاردەكەی دوورخراوەتەوە، بە هەمان شێوە گرینوودیش خیانەتی لە هاوڕێ كچەكەی كردووە لە هەمان شەو یەكێك لە ئافرەتەكانی هۆتێڵەكەی بردووەتە ژوورەكەی.

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئینگلیزی لە خولی نەتەوەكانی ئەورووپا ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆپنهاگن دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی دانیمارك، لە یەكەمین یاریدا بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە ئایسلەندای بردەوە.