ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە یارییەكی بەهێزی گەڕی دووەمی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا، كریستیانۆ رۆناڵدۆ سەركردایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی كرد بۆ بردنەوە لە سوید بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر كە كریس تۆماركەری هەردووكیان بوو.

رۆناڵدۆ بە حەماسەت و بڕوا بەخۆبوونەوە چووە نێو یاریگە، وەك ئەوەی دڵنیابێت كە گۆڵی 100ی نێودەوڵەتی خۆی تۆماردەكات.

یارییەكە دەستیپێكرد، فێرناندۆ سانتۆس ترسی لە سوێدییەكان هەبوو، كە یەكەم دەستپێشخەریان كرد و نزیكبوون لە گۆڵكردن، بەڵام ماركۆس بێرگی كاپتن زۆر بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ تۆپەكە كرد و بەسەر هاوێشتییە دەرەوە.

ئەمجارە ترسەكە گەیشتە لای ئاندرسۆنی راهێنەری سوێدی، ناهەقی نەبوو، چونكە دەیزانی رۆناڵدۆ یاری دەكات، هەرواش بوو، كریس زۆر نزیكبوو لە تۆماركردنی گۆڵی یەكەم، بەڵام ئۆلسنی گۆڵپارێز بووە بەربەست لەپێشیدا.

لە دوایین خولەكی نیوەی یەكەمدا ناوبژیوان لێدانێكی راستەوخۆی بۆ پۆرتوگال هەژماركرد و سێڤنسۆنی یاریزانی سوێدی بە كارتی سوور دەركرا، رۆناڵدۆش بە مووشەكێكی مادێرا تۆڕی گۆڵی ئۆلسنی هەژاند و هەڵبژاردەی وڵاتەكەی پێشخست، كە تاوەكو ئێستا 57 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ تۆماركردووە و 10 لەو گۆڵانە بۆ پۆرتوگال بوونە. لەوەش جوانتر ئەوە گۆڵی 100ـی خۆی بوو كریس بۆ پۆرتوگال تۆماری دەكات.

لەنیوەی دووەمیشدا هەر دەنگی كریس لە سەرووی هەموویانەوە بوو، كە لە خولەكی 72دا جارێكی دیكە بە ئۆڵسنی گوت "هیچ گۆڵپارێزێك ناتوانێت تا سەر لەگەڵ من ئاڵنگاری بكات"، رۆناڵدۆ بەلێدانێكی هونەری و وردەوە گۆڵی دووەم و سەركەوتنی تۆماركرد و هەڵبژاردەی وڵاتەكەی كردە پێشەنگی كۆمەڵەكەیان بە 6 خاڵ، كە بەجیاوازی گۆڵ لەپێش فەرەنسای پاڵەوانی جیهانە.