ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمڕۆی وەرزی 29ـمینی پرێمەرلیگی ئینگلیزی دەستپێدەكات و كاروانی خولەكە بە ئەنجامدانی چوار یاری لە چوار كاتی جیاوازدا بەڕێدەكەوێ.

هەرچەندە هەر لە گەڕی یەكەمەوە دوو یاری دواخران، دوای ئەوەی یانەكانی مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد بەشدارییان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و یۆرۆپالیگ كرد، دەستەی بەڕێوبەرانی پرێمەرلیگ بڕیاریاندا كە یاریی ئەو دوو یانەیە دوابخات و تاوەكو بە تەواوی ئامادەدەبن.

پرێمەرلیگی ئەم وەرزە بە یاریی نێوان هەردوو یانەی ئارسیناڵ و فولهام دەستپێدەكات، ئەم یارییە لە كاژێر 14:30 دەستپێدەكات، یارییەكە لەسەر یاریگەی كراڤین كۆتاجی تایبەت بە یانەی فولهامی تازە سەركەوتوو دەبێت.

لە كاژێر 17:00 یانەی كریستال پاڵاس بەرامبەر بە یانەی ساوسامپتۆن یاری دەكات، ئینجا لە كاژێر 19:30 یانەی لیڤەرپوولی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لە یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی لیدز یونایتدی مارسێلۆ بێلسا دەكات، لەو یارییەی كە هەموو چاوەكانی بۆخۆی رادەكێشێت كە یانەی لیدز لەدوای دابڕانێكی زۆر جارێكی دیكە لە پرێمەرلیگ قورسترین تاقیكردنەوە دەكات.

لە دوایاری ئەمشەوی پرێمەرلیگیشدا، وێستهام یونایتد لە یاریگەی خۆی یاری بەرامبەر بە یانەی نیوكاسڵ یونایتد دەكات لە كاژێر 22:30.