ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

راهێنەری ریاڵ مەدرید ئاشكرایكرد ئامادەكارییان كردوە بۆ ئەوەی حەوت یاریی داهاتوو ببەنەوەو ئامانجی سەرەكیشیان بۆ یارییەكەی قادش سێ خاڵی یارییەكەیە.

پێش رووبەروبوونەوەی یانەی قادش، زیدانی راهێنەری ریاڵ مەدرید بەشداری كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسی كرد.

زیدان دوپاتیكردەوە كە ئەوان بە باشی راهێنانیان كردوەو ئامانجیان ئەوەیە سێ خاڵی یارییەكەی قادش مسۆگەربكەن.

وتیشی: تا كاتی وەستانی یارییەكان بەهۆی یارییە نێودەوڵەتییەكانەوە حەوت یاریی دەكەین، دەمانەوێت بە گۆڕانكاری لە پێكهاتەو پشوو دانی یاریزانەكان هەر حەوت یارییەكە ببەینەوە.

زیدان نەیشاردەوە ئاستی تیپەكانی خولی ئیسپانیا ئەم وەرزە بەهێز بوەو تەئكیدی كردەوە كە هیچ یارییەك ئاسان نابێت بۆیان.

 بەشێك لە قسەكانی زیدان:

**12 رۆژ تێپەریوە بە بێ زۆربەی یاریزانەكان، راهێنانی باشمان كردوە، یاریزانەكان بە تەندروستییەكی باشەوە گەراونەتەوە، حەوت یاریی بەهێز لەبەردەمماندایە و ئێمەش ئامادەین.

**یاریزانێكی وەك رۆدریگۆ دەتوانێت لە زۆر پێگە یاریی بكات، ئەو یاریزانێكی گرنگی تیپەكەیە وەك هەموو یاریزانەكانی تر.

**قادش تیپێكی رێكخراوە، یارییەكەشمان لێ قورس دەكەن، دەشزانین هەموو یانەكان قورسن، پێویستە ئامادە بین و ئەوەش زۆر گرنگە، ئامانجمان سێ خاڵی یارییەكەیە

**یۆڤیچ یاریزانی ریاڵ مەدریدە و یەكێكە لە یاریزانە گرنگەكان

** پێش وەستانی داهاتوی یارییەكان بەهۆی یارییە نێودەوڵەتییەكانەوە، حەوت یاریی گرنگمان هەیە، گۆڕانكاری لە پێكهاتەدا دەكەین بۆ ئەوەی زۆرترین یاریی ببەینەوە

** یاریزانی باشم هەیە و هەموشیان ئامادەن، هەوڵ دەدەین بە پشو پێدانیان زۆرترین ركابەری دروست بكەین

**راهێنەرایەتی كردنی ریاڵ مەدرید ئەركێكی گەورەیە، ئەوەی دەمەوێت بیكەم ئەوەیە كە لەسەدا 200ی توانای خۆم خەرج بكەم، دڵخۆشم بە بونم لەگەڵ یاریزانەكانمدا