ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وابڕیارە رۆژە شەممە هەردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید‌و بەرشەلۆنە رووبەڕووی یەكتر ببنەوە، پێش یارییەكە هەردوو یانە هەواڵی خۆش‌و ناخۆشییان سەبارەت بە پێكان‌و دووركەوتنەوەی یاریزانەكانیان پێدەگات.

یەكێتیی تۆپی پێی ئۆرۆگوای، تووشبوونی لویس سوارێزی هێرشبەری بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، كە بەو هۆكارەوە یاریزانەكە ناتوانێت بەرامبەر بەرازیل و بەرشەلۆنە یاری بكات.

سوارێز كەرەنتینە دەكرێت و بەشداری لە یاری بەرازیلدا ناكات، هەروەها دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەری ئاتلێتیكۆ مەدریدیش بۆ یاری بارسا ناتوانێت پشت بە تواناكانی هێرشبەرە ئۆرۆگواییەكەی ببەستێت.

هەمووان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەوەبوون سوارێز بۆ یەكەمجار رووبەڕووی بەرشەلۆنەی یانەكەی پێشووی ببێتەوە، كە لەم هاوینەدا بەشێوەیەكی نادۆستانە ریزەكانی ئەو یانەیەی جێهێشت و رەخنەی لە بەرپرسانی بارسا گرت، كە پێیوابوو بە شێوازێكی ناشایستە مامەڵەیان لەگەڵی كردووە، بەڵام كۆرۆنا ئەو رووبەڕووبوونەوەیەی دواخست و دەبێت چاوەڕێی یاری قۆناخی دووەمی لالیگا بكەین، كە سوارێز بۆ یەكەمجار لەو یارییەدا دەگەڕێتەو كامپ نو.

لەلایەكی ترەوە هەواڵە خۆشەكان بە كومانی راهێنەری بارسا گەیشت سەبارەت بە پێكانەكەی سێرجیۆ بۆسكێتس.

رادیۆی كادێنا سێری ئیسپانی ئاشكرایكردووە، پێكانەكەی بۆسكێتس سووكە و لەوە بچوكترە كە چاوەڕێ دەكرا، ناوەڕاستكارە ئیسپانییەكە پێویستی بە هەفتەیەكە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە یاریكردن بكاتەوە، بۆیە لە یاریی ئیسپانیا بەرامبەر ئەڵمانیا ئامادە نابێت، بەڵام بە رێژەیەكی زۆر لە یاریی داهاتووی بەرشەلۆنە بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید یاریی دەكات، لەكاتێكدا سەرەتا چاوەڕێ دەكرا بۆسكێتس بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یاریكردن داببڕێت.

بۆسكێتس لە یاریی ئیسپانیا بەرامبەر سویسرا لە خولی نەتەوەكانی ئەوروپا لە ئەژنۆی چەپی تووشی پێكان بوو، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ رایگەیاند لە چوار یاریی داهاتووی بەرشەلۆنە بێبەش دەبێت، بەڵام پشكنینەكان دەریانخستووە پێكانەكەی سووكە و هەفتەی داهاتوو دەست بە یاریكردن دەكاتەوە.