ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

راهێنەری مێرنگی زینەدین زیدان بۆ ئەم یارییەی بەرامبەر ڤیاریال ناچاربووە بەبێ كۆمەڵێك لە یاریزانە سەرەكییەكانی تاقیكردنەوەیەكی زۆر زەحمەت ئەنجام بدات، كاتێك تیپەكەی بەبێ بێنزیما، رامۆس، كاسێمیرۆ، ڤالڤێردی، میلیتاو، ئۆدریۆزۆلا و یوڤیچ لەسەر یاریگەی لاسیرامیكا دەبێتە میوانی ڤیاڕیال.

زیدان كە هەمیشە بەخۆڕاگر ناسراوە و حەزی لە یارییە زەحمەتەكانە، دەیەوێت لەو ئەركە زەحمەتەدا سەركەوتن بەدەستبێنێت و جارێكی دیكە تیپەكەی بگەڕێنێتەوە سەر رێچكەی سەركەوتنەكان، دوای ئەوەی دوایین یاری خۆی بە چوار گۆڵ بە ڤالێنسیا دۆڕاند.

ڤیاڕیال كە ئەمساڵ ئاستێكی نایاب پێشكەش دەكات و تاوەكو ئێستا بە كۆكردنەوەی 18 خاڵ لە پلەی دووەمە، دەیەوێت لەسەر یاریگەی خۆیدا ئەو بارودۆخە خراپەی یانەی شاهانە بقۆزێتەوە و 3 خاڵی گرنگ لە ریال مەدریدی چوارەم وەربگرێت، كە ئەگەر ئەمەی كرد، دووبارە ریالەكەی زیدان گومانی دەكەوێتەوە سەری و جارێكی دیكە رۆژنامەكانی ئیسپانیا پرسی دوورخستنەوەی زیدان لە لایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە دەكەنەوە مانشێتی سەرەكییان، بۆیە كوڕانی زیدان پێویستە ئەمشەو بۆ درێسی ریال و بۆ چارەنووسی زیدان یاری بكەن و كۆششەكانیان دوو ئەوەندە و زیاتر بكەن، بۆ ئەوەی هەموو شتێك بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.

واندا میترۆ پۆلیتانۆ دەبێتە مەیدانی یاری لووتكەی گەڕی دەیەمی لالیگا، ئاتلێتیكۆ مەدرید، كە هەمیشە لەنێو ئەو یاریگەیەدا وەك دێوێكی برسی مامەڵە لەگەڵ میوانەكانی دەكات، پێشوازی لە بەرشەلۆنە دەكات و هەوڵدەدات بارسا هەر لە پلەی هەشتەمی ریزبەندیی بهێڵێتەوە، یان دوورتریشی بخاتەوە.

تیپەكەی سیمیۆنی لە بارودۆخێكی باشدا تێپەڕدەبێت و یاریزانانی هەوڵدەدات ئەنجامێكی مێژوویی بۆ خۆیان و راهێنەركەیان تۆماربكەن، كە هەرگیز بەسەرپەرشتی راهێنەرە ئەرجەنتینییەكە نەیانتوانیوە لە لالیگادا لە بارسا ببەنەوە، لە 17 یارییدا 11 جار بە كەتەلۆنییەكان دۆڕاو و 6 جاریش یەكسانبوونە.

بارسا سەرەڕای زەحمەتیی ئەركەكە، بێجگە لە بردنەوە هیچ رێگەیەكی دیكەی لەپێش نییە، چونكە شكستی لەم یارییەدا واتا لەدەستدانی زۆر شت، نەك تەنیا 3 خاڵ.

گەڕانەوی لیۆنێل مێسی و هاوڕێكانی بە شكستێكی دیكەوە لە مەدریدەوە، واتە دووبارە سەرهەڵدانەوەی بێمتمانەیی و بێهیوایی و تەنانەت گرژیش لە ژووری جلگۆڕیندا، كە هەر خۆی زۆر ئارام و سەقامگیر نییە، خۆ بەر لە دوو رۆژ بینیمان كە مێسی جارێكی دیكە بێزاری خۆی لە بارودۆخی لە بارسا دووپاتكردەوە.