ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمشەو كاتژێر 11ی شەو یەكەم یاری پێشكۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، لەسەر یاریگەی نوێڤۆ ئاركانخێل لە شاری كۆردۆبا لە نێوان بەرشەلۆنە و ریال سۆسیداد بەڕێوەدەچێت.

ئەمە دووەم وەشانی جامی سوپەری نوێی ئیسپانیایە، كە بە بەشداری 4 یانە بەڕێوەبچێت، كە بریتین لە بەرشەلۆنە، ریال مەدرید، ریال سۆسیداد و ئاتلێتیك بیلباو.

بەرشەلۆنە پێشتر لە جامی سوپەری ئیسپانیادا هەرگیز رووبەڕووی ریال سۆسیداد نەبووەتەوە، بەڵام لە یارییەكانی لالیگا و جامی شای ئیسپانیادا زۆر یارییان كردووە.

بلوگرانا لە خولە ناوخۆكاندا 160 جار بەرامبەر ریال سۆسیداد یاریكردووە، 149 یاری لە لالیگا و 11 یاریش لە جامی شادا، كە لە كۆی ئەو یارییانەدا بەرشەلۆنە 90 جار براوەبووە و 33 جاریش دۆڕاوە، 37 یاریش بە یەكسانبوونی هەردوولا كۆتاییهاتوون.

بارسا لەوەتەی وەرزی 2015 - 2016 بە سۆسیداد نەدۆڕاوە، نە لە لیگا و نە لە جامی شادا.

سبەی لە دووەم یاری پێشكۆتاییدا یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی یانەی ئاتلێتیك بیلباو دەبێتەوە و رۆژی 17ـی ئەم مانگەش یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت.