نەتەوە یەكگرتوەكان نیگەرانی خۆیان لە دۆخی میانمار راگەیاند و بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەیەکلاییکردنەوەی ململانێکانی ئەو وڵاتەدا، بۆیە داوا دەکەن سوپای ئەو وڵاتە رێز لەبنەماکانی مافی مرۆڤ بگرێت و خۆپیشاندانی مەدەنی سەرکوت نەکات.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، داوا لەهێزە ئەمنییەکان میانمار دەکەن پارێزگاری لە مافی گردبونەوەی مەدەنی و خۆپیشاندان بکەن و رێگری بکەن لە سەرکوتکردنی گردبونەوەکان، هەروەها "توندوتیژییەکان و دەستدرێژیکردنەسەر هاوڵاتیان و ماڵ و موڵکیان لەلایەن ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان جێگەی قبوڵکردن نیە".
ئەوەش هاتوە، بەپێویستی دەزانن پرۆسەی دەستگیرکردنی سەرکردە سیاسییەکان، چالاکوان و رۆژنامەنوسان و پەکخستنی هێڵەکانی ئنتەرنێت لەو وڵاتە کۆتاییان پێ بهێندرێت.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان داواشی لە وڵاتانی خاوەن پێگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ فشارخستنەسەر دەسەڵاتی میانمار بەمەبەستی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان.
سەرەتای ئەم مانگە هەریەک لە سەرۆکی میانمار و سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەت و وەزیری دەرەوە، لەلایەن سوپاوە دەستبەسەرکران و باری نائاسایی لەو وڵاتە راگەیاندرا.