ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نەیمار داسیلڤا، یاریزانی نێودەوڵەتی بەرازیلی، داوای لە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كردووە بچێتە فەرەنسا و درێسی یانەی پاریس سانجێرمان لەبەربكات.

مێسی لە كۆتایی وەرزدا ئازاد دەبێت لە رۆیشتن بۆ هەر یانەیەك، كە هێشتا چارەنووسی خۆی دیاری نەكردووە، چونكە یاریزانە ئەرجەنتینییەكە دەیەوێت پێش ئەوەی بڕیاری كۆتایی بدات، لەگەڵ بەرشەلۆنەدا تەنیا بیر لە وەرزەكەی بكاتەوە، بەڵام پاریس سانجێرمان بەئاشكرا كاردەكات بۆ ئەوەی لیۆ رازی بكات بچێتە ریزەكانی.

لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی پاریس سانجێرمان روونیكردەوە كە یانەكەیان بایەخ بە هەڵوێستی مێسی لەگەڵ بارسا دەدات، نەیماریش دوودڵ نەبوو لەوەی جارێكی دیكە خواستی خۆی بۆ یاریكردن لەگەڵی نیشان بدات، كاتێك لە كانوونی یەكەمی رابردوودا راشكاوانە گوتی "دەمەوێت یاری لەگەڵ مێسی بكەم و جارێكی دیكە چێژ لە یاریكردن لەگەڵ ئەوە وەربگرمەوە، ئەوە هەموو شتێكە كە دەمەوێت، بەدڵنیاییەوە دەبێت وەرزی داهاتوو ئەو كارە بكەین".

بەپێی ئەو زانیارییانەی هەندێك لە رۆژنامەكانی فەرەنسا ئاشكرایانكردوون، نەیمار بەمدواییە پەیوەندی بە مێسییەوە كردووە و لەو پەیوەندییەدا نەیمار ستایشی ژیان لە شاری پاریس و ئەو ئارامی و دڵنەواییەی بۆ مێسی كردووە كە لەو شارەدا هەیە، وەك هەوڵێك بۆ قایلكردنی لیۆ بۆ ئەوەی لە بارسا بڕوات و بچێتە ریزەكانی یانەی پاریسی.

ئەو سەرچاوانە روونیانكردووەتەوە كە هێشتا زووە بۆ ئەوەی وەڵامەكەی مێسی بزانن، بەڵام بە بوونی نەیمار لە فەرەنسا، پاریس سانجێرمان هێشتا خاوەن دۆسییەیەكی بەهێزە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی و تواناكانی ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە.