ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە، كە داڤید ئەلابای نەمسایی بەرگریكاری یانەی بایرن میونشن، ئەمڕۆ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنوسی دەكات و ڕۆیشتنی لە یانە باڤاریەكە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ڕادەگەیەنێت و ناوی ئەو یانەیەش ئاشكرادەكات، كە پەیوەندی پێوەدەكات.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەلابا بەلایەوە باشە پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانییەوە بكات، بەڵام ئۆفەری باشتری لە خولی نایابی ئینگلتەراوە بەدەستگەیشتووە و لەلایەن یانەكانی چێڵسی و لیڤەرپوڵ و مانچستەر سیتییەوە گرنگی پێدەدرێت.
پێشتریش سایتی سپۆرت وەنی ئەڵمانی ئاشكرایكردبوو، كە ئەلابا ئەمڕۆ تەنیا ڕۆیشتنی لە بایرن ڕادەگەیەنێت، لە ئێستادا یانە نوێكەی ئاشكراناكات.
گرێبەستەكەی ئەلابا لە كۆتایی ئەم وەرزەدا تەواودەبێت و دانوساندنەكان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكە سەركەوتوو نەبوون.