ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دوای ئەوەی هاتریكی لە بەرشەلۆنە كرد، لە لێداوانێكدا بۆمبێكی گەورەی تەقاندەوە سەبارەت بە داهاتووی خۆی.

بەرشەلۆنە لە یاری چوونی گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەنێو كامپ نودا میوانداری پاریس سانجێرمانی كرد و جارێكی دیكە تووشی شكستێكی گەورە بوو، كاتێك 1 - 4 بە یانە فەرەنسییەكە دۆڕا، كە 3 لە گۆڵەكانی پاریسییەكان بە پێیەكانی ئێمباپێ تۆماركران.

كیلیان ئێمباپێ، لەدوای یارییەكە بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە زۆر دڵخۆشین، چونكە بۆ ئێمە یارییەكی زۆر گرنگ بوو، ئێمە بۆ بردنەوە هاتبووینە كامپ نو، ئاستێكی باشمان پێشكەشكرد و مایەی شانازی بوو، ئێستا بیر لە یاری داهاتوومان دەكەینەوە، كە یەكشەممەی داهاتوو یارییەكی گرنگمان لە خولی فەرەنسا لەپێشە، دەمانەوێت ببەینەوە و پێشەنگی خولی فەرەنسا بەدەستبێنینەوە".

ئەستێرەی فەرەنسی، هەروەها گوتیشی "شەوێكی خۆش بوو، بەڵام هێشتا هیچمان بەدەست نەهێناوە، زۆر دڵخۆشم، هەمیشە چاوەڕێی باشترین دەكەم، ئەوەی ئەمشەو كردم، دەستكەوتێكی بێوێنەیە، بەڵام هەرگیز لە یاریگەدا خۆم نەشاردووەتەوە، ئێستاش پاداشتی كار و تێكۆشانەكانم بەدەستدێنم".

سەبارەت بەگەری درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی دوای ئەم شەوە مێژووییە لە كامپ نو؟، كیلیان لە وەڵامدا گوتی "گەمژە دەبم، ئەگەر لەسەر بنەمای یەك یاری بڕیار لەسەر داهاتووم بدەم، ئەوە پرسێكی پلانڕێژی درێژخایەنە".

بێگومان ئەم قسانەی ئەستێرە گەنجەكەی فەرەنسا لێكدانەوەی زۆریان بۆ دەكرێت، بەتایبەتیش كە چەند جارێكە دەستەوارەكانی یانەكەی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی رەتدەكاتەوە و میدیای جیهانیش باس لەوە دەكات كە ئێمباپێ بڕیاری داوە بچێتە ریزەكانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

ئێمباپێ لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی "هەمیشە گوتوومە لەگەڵ پاریس سانجێرمان دڵخۆشم و ئەو جۆرە یارییانە دڵخۆشم دەكەن، زۆر شانازی بە لۆگۆی پاریس سانجێرمانی سەر دڵمەوە دەكەم" .