ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لیڤەرپوول بە بردنەوەیەكی باش لە چامپیۆنزلیگدا، شكستەكانی سەر ئاستی ناوخۆی لەبیر هاندەرانی بردەوە.

لەسەر یاریگەی پوشكاش لە هەنگاریا، لایپزیگ و لیڤەرپوول لە یاری چوونی گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، رووبەڕووی یەكدی بوونەوە و یانە ئینگلیزەكە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر شكستی بە یانە ئەڵمانییەكە هێنا.

نیازەكانی لیڤەرپوول هەر لە سەرەتاوە بە كۆنتڕۆلكردنی یارییەكە بە روونی دیاربوون، بەڵام لایپزیگ خەریكبوو لە خولەكی پێنجەمدا بەرامبەرەكەیان تووشی شۆك بكات، كاتێك ئەنجلینۆ تۆپێكی بۆ دانی ئۆلمۆ بەرزكردەوە و كەم مابوو بەسەر تۆڕی گۆڵی رێدز بهەژێنێت، بەڵام ستوونی گۆڵەكە رێگربوو.

نیوەی یەكەم بەبێ گۆڵ كۆتاییهات، بەڵام لە نیوەی دووەمدا كوڕانی یۆرگن كڵۆپ باشتر دەركەوتن، ئەگەرچی ئەڵمانەكانیش چەندین هەلی گۆڵكردنیان دروستكرد، تاوەكو محەممەد سەڵاح لە خولەكی 53ـدا سوودی لە هەڵەیەكی بەرگری لایپزیگ وەرگرت و گۆڵی یەكەمی بۆ رێدز بەدەستهێنا.

دوای تەنیا 5 خولەك، جارێكی دیكە هێڵی بەرگری لایپزیگ تووشی هەڵەیەكی دیكە بوو، كە ئەمجارە سادیۆ مانێ سوودی لێوەرگرت و گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ لیڤەرپوول تۆماركرد.

وا بڕیارە لە 10ـی ئاداری داهاتوو، یاری گەڕانەوە لەنێو یاریگەی لە ئانفێڵد لە لیڤەرپوول ئەنجام بدرێت.