ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە دەستپێكی گەڕی 24ـی لالیگادا، ریال بێتیس 1 - 0 لە خیتافی بردەوە، ئەمڕۆ لە درێژەی یارییەكانی ئەو گەڕەدا 4 رووبەڕووبوونەوە بەڕێوەدەچن، كە هەردوو یانەی پایتەخت هەوڵ بۆ بردنەوە دەدەن.

یاری یەكەم لە كاتژمێر 4ی عەسر لە نێوان ئیلچێ و ئیبار بەڕێوەدەچێت، كە ئیلچێ 16 یارییە هیچ سەركەوتنێكی بەدەستنەهێناوە و بە كۆكردنەوەی 18 خاڵ لە پلەی پێشكۆتایی ریزبەندییدایە. ئیباریش 6 یارییە تامی سەركەوتنی نەكردووە و لە پلەی 17ـی ریزبەندیدایە.

ئاتلێتیكۆ مەدرید، كە لە دوایین 3 یارییدا 4 خاڵی لەدەستداوە، بەر لە 3 رۆژ لە یارییەكی دواخراوی گەڕی دووەمدا لەگەڵ لێڤانتی یەكسانبوو، ئەمڕۆ رووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارە لەنێو واندا میترۆ پۆلیتانۆدا.

تیپەكەی سیمیۆنی نابێت خاڵی زیاتر لەدەستبدات، ئەگەرنا خۆی لەبەردەم بەرشەلۆنە و ریال مەدریددا دەبینێتەوە، كە تا دێت لێی نزیك دەبنەوە.

لە یارییەكی دیكەدا ریال مەدرید دەبێتە میوانی ڤایادۆلید كە بێگومان تاكە ئامانجی یانەی شاهانە سەركەوتن و بەدەستهێنانی 3 خاڵی دیكەیە، كە لەوانەیە ئەركی زەحمەت نەبێت، سەرەڕای ئەوەی كەریم بنزیمای گۆڵكاری بۆ ئەم یارییە لەدەستداوە بەهۆی پێكانەوە.

ریال مەدرید بەجیاوازی 6 خاڵ لەگەڵ ئەتلێتیكۆی هاوشاری پلەی دووەمی ریزبەندیی گرتووە، 3 یارییە بەسەریەكەوە دەباتەوە و دەیەوێت لە خاوەنی پلەی 18ـی ریزبەندیی بباتەوە، كە ڤایادۆلید هێندە لەمێژە 3 خاڵی بەدەستنەهێناوە سەركەوتنی لەبیرچووەتەوە.