ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یانەی بارسێلۆنا لە گرنگترین هەفتەی وەرزەكەدایە، كە بۆ تیپەكەی رۆناڵد كۆمان یەكلاكەرەوە دەبێت لە لالیگا و كۆپا دێل ریدا و ركابەرەكەیشی سێڤییایە.

یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی پێنج رۆژدا لە دوو یاری گرنگ و یەكلاكەرەوەدا رووبەڕووی یانەی ئەندەلۆسی دەبێتەوە، یەكەمیان ئەمڕۆ كاتژێر 6ی ئێوارە، لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 25ی لالیگا، دووەمیشیان رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەبێت لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا.

بەرشەلۆنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیشبیلیە، دەچێتە نێو قەڵاكەی تیپی ئەندەلۆسی، رامۆن سانچێز پیزخوان و بێجگە لە بردنەوە هیچ ئامانجێكی دیكەی نابێت، بۆ ئەوەی چانسی خۆی لە ململانێ لەسەر نازناوی لالیگا بپارێزێت.

بارسا بە 50 خاڵ سێیەمی ریزبەندیی خولەكەیە، دوو خاڵ لەپێش ئیشبیلیەی چوارەمە، بەڵام تیپی ئەندلۆسی یارییەكی كەمترە.

یاری قادش ئەركی بەرشەلۆنە لە لالیگادا ئاڵۆزكرد، كە بە گۆڵێك یەكسان بوون، بارسا دوو خاڵی بەنرخی لەدەستدا، ئیدی هەموو ئەو خاڵانەی لەمەودوا دێن بۆ بلاوگرانا گرنگن بۆ ئەوەی لە ململانێی سەر نازناوەكە بەردەوام بێت.

هەروەها دوای چەند رۆژێك بەرشەلۆنە لەنێو كامپ نودا میوانداری ئیشبیلیە دەكات لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا، كە لە یاری چووندا بارسا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە ئیشبیلیە دۆڕاوە.

رۆناڵد كۆمانی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەمدواییە گوتی جامەكە نزیكترین و ئاسانترینە بۆ بارسا بەو پێیەی ژمارەی یارییەكانی كەمترە بە بەراورد بە خولەكانی دیكە.

ئەگەر بارسا سەركەوتوو نەبێت لە بەدەستهێنانی ریمۆنتادا بەرامبەر ئیشبیلیە لە جامدا، واتا دەرچوون لە پاڵەوانێتییەكی دیكە، دوای دۆڕاندنی نازناوی سوپەری ئیسپانیا بە یانەی ئاتلێتیك بیلباو، هەروەها سەختی چانسی ئەو لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەكە، دوای ئەوەی لە یاری چووندا 1 - 4 پێیدۆڕا، كەواتە تیپەكە هەڕەشەی ئەوەی لەسەرە بە وەرزێكی سفری دەربچێت.