ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مانچێستەر سیتی لە داوە مەترسیدارەكەی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند رزگاری بوو، بەڵام بەشێوەیەكی یەكجارەكی نا، بەڵكو تەنیا لە یاریی چووندا و لە دواخولەكەكانی یارییەكە كوڕانی پێپ سەركەوتنیان نووسییەوە.

لەو یارییەی كە لە خاكی ئیتیحاد لە شاری مانچێستەر كرا، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند سەرەڕای یارینەكردنی ئەستێرەی دیاری یانەكەیان جادۆن سانچۆ، بەڵام ئاستێكی باشیان پێشكێشكرد و توانیان تۆڕی مان سیتی بهەژێنن، كە ئەمە بۆ كوڕانی تێرزیچ خاڵێكی ئەرێنییە و دەكرێ لە یاریی گەڕانەوەدا سوودی لێوەربگرن.

وەك هەمیشە مان سیتی كۆنترۆڵی تۆپی لەلابوو، لە نیوەی یەكەمدا و لە رێگەی كیڤن دیبرۆینی ئەستێرەی یەكەمی یانەكەوە، گۆڵی یەكەمی سیتی بە ئاسیستی ریاز مەحرەز بەرهەمهات، بەڵام ئەمە دۆرتموندی نەڕووخاند و بەردەوامبوون لە هەوڵدا بۆ پارێزگاریكردن لە گۆڵەكەیان و تۆماركردنی گۆڵی بەرامبەر.

لە خولەكی 84ـدا ماركۆ رۆیس بە ئاسیستی هالاند گۆڵی یەكەم و یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكەی بۆ بۆرووسیا دۆرتموند تۆماركرد، ئەمە گۆڵێكی بەنرخ بوو بۆ زەردەواڵەكان، خۆ ئەگەر فیل فۆدێن نەبووایە كە لە خولەكی 90 گۆڵی دووەم و بردنەوەی یارییەكەی بۆ سیتی تۆماركرد، ئەوا ئەو گۆڵەی رۆیس بەس بوو بۆ ئەوەی یانەكەی لە یاریی گەڕانەوەدا بە 0-0 بگاتە قۆناغی داهاتوو.

ئیستا دۆرتموند دەبێت لە یاریی گەڕانەوەدا بە ئەنجامی 1-0 و زیاتر یارییەكە بباتەوە تاوەكو بلیتی قۆناغی داهاتوو بەدەستبهێنێت.