ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ریال مەدرید لە یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ، میوانداری یانەی لیڤەرپوولی كرد، ئەمە یەكێك بوو لە یارییە لووتكەكانی ئەم قۆناغەی چامپیۆنزلیگ، یانەی شاهانە ئاستێكی زۆر بەرزی پێشكێشكرد و یارییەكەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە لیڤەرپوول بردەوە تاڕادەیەك لە قۆناغی داهاتوو نزیك بۆوە.

لەو یارییەدا هەریەكە لە سێرجیۆ رامۆس‌و كارفاخاڵا‌و ڤاران‌و هازارد یارییان نەدەكرد.

لە نیوەی یەكەمدا یانەی ریال مەدرید كۆنترۆڵی یاریگەیان كرد، بەجۆرێك كە یانەی لیڤەرپوول تەنیا یەك لێدانیشیان بۆ گۆڵی كۆرتوا نەبوو، لەو گێمەدا سپی پۆشەكان دوو گۆڵیان لە رێگەی ڤینیسیۆس جونیۆر و ماركۆ ئاسێنسۆوە تۆماركرد، ئەم دوو گۆڵە وای لە كلۆپ كرد كە بیر بكاتەوە و لە سەرەتای نیوەی دووەمدا هەڵەكەی چاك بكاتەوە، كە یاری پێنەكردنی تیاگۆ ئالكاتانتارا بوو.

لەگەڵ هاتنەناوەوەی ئالكانتارا لە سەرەتای نیوەی دووەم، لیڤەرپوول ریتمێكی دیكەی هەبوو، ئەوەبوو جیاوازییەكەیان كەمكردەوە بە گۆڵێكی محەممەد سەڵاح، بەڵام دوای ئەو گۆڵە دەستبەجێ ڤینیسیۆس جونیۆر هاتەدەنگ و گۆڵی سێیەمی یانەی ریال مەدریدی تۆماركرد، یارییەكەش بە ئەنجامی 3-1 لە سوودی شاهانەكان كۆتاییهات.