ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی و ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشلۆنە بەردەوامە لە نوسینەوەی مێژووە زێڕینەكەی و بەتۆماركردنی دوو گۆڵ بەرامبەر یانەی لاس پاڵماس ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆماركرد.

مێسی لەیاریی یانەكەی بەرامبەر یانەی لاس پاڵماس دوو گۆڵی تۆماركرد و ژمارەی گۆڵەكانی لە حەوت هەفتەی سەرەتای لالیگادا بۆ یانزە گۆڵ بەرزكردەوەو لە ئێستاشدا پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكەیە.

تۆڕی سكای سپۆرت بڵاویكردووەتەوە مێسی ژمارەیەكی خۆی شكاند كە پێشتر و لەوەرزی دوو هەزارو یانزە بۆ دوو هەزارو دوانزە تۆماریكردبوو، كاتێك لە حەوت هەفتەی سەرەتای ئەو وەرزەدا دە گۆڵی تۆماركردبوو.

لای خۆشیەوە هەژماری مستەر شیپ بڵاویكردووەتەوە پێشتر پێنج یاریزان لەمێژووی لالیگادا لە حەوت هەفتەی سەرەتادا دە گۆڵیان تۆماركردووە، ئەوانیش (دیراتی، كوینی، سالڤا، كریستیانۆ رۆناڵدۆ، مێسی) بوون، بەڵام مێسی ركابەرەكانی تێپەڕاندو لە حەوت یاری دەسپێكی لالیگادا یانزە گۆڵی تۆماركردووە.

بەپێی هەمان هەژمار یەكەم یاریزان كە لە حەوت یاریی سەرەتای وەرزی خولی ئیسپانیادا یانزە گۆڵی تۆماركردوە بەناوی سیزارەوەیەو لە ساڵی هەزارو نۆسەدو پەنجا ئەو ژمارەیەی تۆماركردووە.

لەلایەكی ترەوە تۆڕی سكواكا بڵاویكردووەتەوە مێسی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا چلو شەش گۆڵی تۆماركردووە، بەوەش لەپێش سەرجەم یاریزانانی پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپاوەیە.

تۆڕی ئۆپتای جیهانیش بڵاویكردووەتەوە مێسی لەسەر یاریگای نیوكامپ گۆڵی ژمارە سەدی بۆ هاوڕێكانی دروستكرد ئەوەش دوای ئەوەی لەیاریەكەیان بەرامبەر لاس پاڵماس پاسێكی یەكلاكەرەوەی داوای بۆسكێتس و ئەمەی دووەمیشیان گۆڵی یەكەمی بەرشلۆنەی پێ تۆماركرد.