ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فابیۆ كاناڤارۆی راهێنەری یانەی گوانگژۆ ئیڤەرگراندی چینی جیانلویجی بوفۆنی هاونیشتمانی بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەپاڵێوێت.

دوای شكستی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لەگەیشتن بەمۆندیالی 2018ی روسیا كارلۆ تاڤیگۆی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، بەدواشیدا چەند یاریزانێكی بەئەزمونی هەڵبژادەكە بڕیاری وازهێنانیان لەیاریی نێودەوڵەتی راگەیاند.

لای خۆیەوە فابیۆ كاناڤارۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و راهێنەری ئێستای یانەی گوانگژۆ ئیڤەرگراندی چینی لە لێدوانێكدا بەرۆژنامەی كۆرێری دێلا سێرای ئیتاڵی راگەیاندووە دیاریكردنی بوفۆن بەسەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا و كاركردنی شانبەشانی ئەندریا پێرلۆ كارێكی نمونەیی دەبێت.

وتوشیەتی " ئیتاڵیا چوار جار نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە، لەماوەیەكی دورودرێژیشدا باڵادەست بووە بەسەر تۆپی پێی جیهاندا، لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە گۆڕانكاری بكەین و خوێنی نوێ بهێنینە پێشەوە، باشترین نمونەش بۆ فێربوون، هاوتا ئەڵمانیەكەی یەكێتی تۆپی پێی ئیتاڵیایە".