ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تیروپشکی مۆندیالی ٢٠١٨ ی روسیا راکێشراو لە کۆمەڵەی دووەمدا هەردوو هەڵبژاردەی پرتوگال و ئیسپانیا دەبینرێن.

ئێوارەی ئەمرۆ لە کۆشکی کرملین لە روسیا تیروپشکی قۆناغی کۆمەلەکانی مۆندیالی ٢٠١٨ ی روسیا راکێشرا.

بە بەشداری سەرۆکی فیفا و راهێنەری هەموو هەڵبژاردەکان و جەندین ئەستێرە و کەسایەتی ناوداری تۆپی پێ کاتژمێر ٦ ی ئێوارەی ئەمرۆ هەینی تیروپشکی قۆناغی کۆمەلەکانی جامی جیهانی ٢٠١٨ راکێشرا و هەڵبژاردەکان بەسەر هەشت کۆمەڵەدا دابەشکران.

لە تیروپشکەکەدا هەریەک لە هەڵبژاردەکانی (پرتوگال و ئیسپانیا و ئێران و مەغریب ) لە کۆمەڵەی دووەم دەبینرێن.

لە کۆمەڵەی یەکەمیشدا هەریەک لە هەڵبژاردەکانی (روسیا و ئۆرۆگوای و میسر و سعودیە ) دەبینرێن، هەرچی هەڵبژاردەکانی ( فەرەنسا و پیرۆ و دانیمارک و ئوسترالیا ) ە لە کۆمەڵەی سێیەمدان.

هەڵبژاردەکانی ( ئەرجەنتین و کڕواتیا و ئیسلەندا و نەیجیریا ) دەکەونە کۆمەڵەی چوارەمەوە و هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ( بەرازیل و سویسرا و کۆستاریکا و سربیا ) لە کۆمەڵەی پێنجەم و هەڵبژاردەکانی (ئەڵمانیا و مەکسیک و سوید و کۆریای باشوور ) لە کۆمەلەی شەشەمدا دەبینرێن.

کۆمەڵەی حەوتەم پێکدێن لە هەڵبژاردەکانی ( بەلجیکا و ئینگلتەرا و تونس و پەنەما ) ، لە کۆمەڵەی هەشتەمیش کە دواهەمین کۆمەڵەیە بریتین لە هەڵبژاردەکانی (پۆڵەندا و کۆڵۆمبیا و سەنیگال و یابان ).

مۆندیالی ٢٠١٨ لە نێوان ١٤ی حوزەیران بۆ ١٥ی تەمووز لە ١٢ یاریگا و ١١ شاری روسیا بەڕێوەدەچێت، کە دوو یاریگایان دەکەونە مۆسکۆی پایتەختەوە.