ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئا: محەمەد عامر

كێشانی نێرگەلە بەهۆی هەبوونی نیكۆتین ودوكەڵ و ژمارەیەكی دیكە لەمادد و پێكهاتەی زیانمەند تیایدا زیان بەرجەستە مرۆڤ دەكەوێت و تەنانەت لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە وەك دیاردەیەكی نەشیاو لێی دەروانرێت، كێشنی نێرەگەلە بۆ وەرزشكاران بەتایبەتی زیانەكە زۆرترە، ئەمەش بەپێی لێدوانی پزیشكان و شارەزایان پێیان وایە كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر توانا وەرزششەكەی دەبێت.

یاریزانانی خولە ناوخۆییەكانی كوردستان (بەنهێنی و بەبێ ئاگاداری) یانەكانییان ئالوودەی كێشانی نێرەگەلەبوون، ئەمەش پێدەچێت بەهۆی ئەو بارودۆخە كۆمەڵایەتییەوە بێت كە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە.

رۆژنامەنووسی وەرزشی لوقمان عەلی لەهەولێر، باسی هەبوونی كێشانی نێرگەلە لەناو وەرزشكارانی كوردستان دەكات و دەڵێت: لەئێستادا لەنێو یاریزانان كێشانی نێرگەلە بەربڵاوە و سەد دەرسەد یاریزان هەیە لەپێش و دوای راهێنانەكان و رۆژی یاریكردنی نێرگەلەدەكێشێت.

"یاریزانەكە خۆی دەتوانێت كۆنترۆڵی خۆی بكات و دووربكەوێتەوە لەكێشانی نێرگەلە" لوقمان عەلی وای ووت.

دیدار حامید 40 ساڵ، گۆڵپارێز و كاپتنی یانەی وەرزشی هەولێر: ئەو یاریزانانەی كە تەمەنیان درێژە لەیاریكردن بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە دوورن لەكێشانی نێرگەلە.

دیدار راشیدەگەینێت، یاریزان هەیە تاوەكو كاتژمێر چوار بۆ پێنجی بەرەبەیان لەكافتریاكان خەریكی نێرگەلەكێشانە، ئەمەش وا لەیاریزانەكان دەكات نەتوانن ببنە ئەستێرەیەكی وەرزشی لەخولەكانی كوردستان و تەمەنێكی كورتییان لەیاریكردن هەبێت.

كاپتنەكەی یانەی هەولێر پێی وایە كە یانەكان پێویستە لەكاتی واژۆكردنی گرێبەستی یاریزانەكان، قەدەغەكردنی كێشانی نێرگەلە یەكێك بێت لەبڕگەكانی نێو گرێبەستەكەی و سزای قورسیشی بۆ دابنرێت.

بەشێكی زۆر لەیاریزانان بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون لەبارەی كێشانی نێرگەلە و هۆكارەكانی، قسە و زانیاریم بدەنێ، چونكە بەشێكیان لەسزادانی یانەكانیان دەترسان و بەشێكیتریشیان لەوە دەترسان كە بۆ كەسایەتییان باش نەبێت كە ئەوان نێرگەلەكێشن.

"سەدا حەفتاو پێنجی یاریزانانی خولەكانی كوردستان نێرگەلەدەكێشن و ئەمەش كاریگەری خراپ لەسەر یاریزانان درووست دەكات، لەرووی هەناسەدان و لاوازبوونی ئاستی وەرزشیان" ئەرسەلان قادر چارەسەركاری تەندرووستی یانەی وەرزشی برایەتی.

ئەرسەلان: كێشانی نێرگەلە لەلایەن یاریزانانەوە یەكێكە لەو هۆكارانە كە وەرزشكار نەتوانێت ئەو ئاستە پێشكەش بكات كە راهێنەر و یانەكەش داوای لێدەكەن.

ئارەزووی كێشانی نێرگەلە لەلایەن وەرزشكارانەوە گەیشتە ئەو ئاستەی كە سەفین كانەبی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لەنێو یەكێك لەیاریگاكانی خولی پلە یەكی كوردستان لەسەیدسادق و بەبەرچاوی هاندەرانەوە نێرگەلەی كێشا، دواجار بەبڕی 250 هەزار دیناری عێراقی سزا درا.

 

 

  • 1