ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مرۆڤی ئاسایی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر کارو بڕیارێک له‌مێشکی خۆیدا له‌ بژارده‌یه‌ک زیاتر دێت وده‌چێ،ئه‌نجام له‌سه‌ر بژارده‌یه‌ک ساغده‌بێته‌وه‌و ملی ڕێگای به‌جێهێنانی ده‌گرێته‌ به‌ر۰

ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێسایه‌ بۆ که‌سێکی ئاسایی بێت وابێت، ئه‌وا بۆ که‌س و ده‌سته‌ی خاوه‌ن بڕیاری سیاسی یان خاوه‌ن پێگه‌و به‌رپرسیاریه‌تی ئیداری وکۆمه‌ڵایه‌تی گرانتر وپێویستی به‌ وورد بوونه‌وه‌و تێڕامانی زیاتر هه‌یه‌۰

۱ـ پێکه‌وه‌یی ودوره‌په‌رێزی؛

بۆگفتوگۆکردن وبیروڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌مه‌ڕ کیشه‌ جۆراوجۆره‌کانی هه‌رێم،هه‌موولایه‌نه‌ سیاسیه‌کان به‌ده‌ورییه‌ک مێزی گفتوگۆدا دابنیشن و بیر له‌ڕێگاکانی ده‌رباز بوون له‌ قه‌یرانه‌که‌ بکه‌نه‌وه‌، یان هه‌رلایه‌ک له‌میدیای خۆیه‌وه‌ بێ گوێگرتن له‌وانی دی هه‌ڵوێست ڕابگه‌یه‌نێ؟ ئه‌ی گله‌ییو ڕه‌خنه‌و ده‌رخستنی هه‌ڵه‌ی به‌رانبه‌ر،ڕووبه‌ڕوو کاریگه‌ری زیاتره‌ یان له‌ پاشه‌مله‌؟

بۆیه‌ به‌ڕای من مرۆڤ (ئاسایی بێت یان سه‌رکرده‌)،و حزبی (دڵسۆز،خه‌مخۆر،ڕه‌خنه‌گ۰۰۰تاد)نابێ خۆی به‌دوور بگرێت له‌هه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌ک، که‌باسی کێشه‌کانی گه‌له‌که‌یو نیشتمانه‌که‌ی تێدا باسده‌کرێت، گه‌ر له‌کۆتایی کۆبونه‌وه‌که‌ گه‌یشتیته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ هیچ بڕیارێکی په‌سه‌نکراوی(تۆ یان ئێوه‌)ی تێدا نیه‌ ئه‌وکات به‌ ڕاشکاوی هه‌ڵوێستی خۆت ڕابگه‌یه‌نه‌۰

۲ــ نه‌رمی نواندن یان توندو تیژی و خۆسه‌پاندن؛

بوونی ئه‌و هه‌موو حزبه‌ له‌کوردستاندا،کۆنه‌بوونه‌وه‌ له‌ده‌وری یه‌ک ئاڵاو به‌رنامه‌،مانای هه‌بوونی جیاوازیمانه‌،جیاوازی له‌ فیکرو تێڕوانینی سیاسی ومیکانیزمی کارکردندا، له‌پاڵ ئه‌م جیاوازییانه‌دا هاوبه‌ش گه‌لمان(مشترکات)مان هه‌یه‌،لانی که‌م هاوبه‌شین له‌ هاووڵاتێتی دا هه‌موومان و هه‌رلایه‌ک به‌ شێوازی خۆی بۆ به‌خته‌وه‌ری گه‌ل وسه‌رفرازی کوردستان تێده‌کۆشین،جا براده‌رینه‌ هاوبه‌شه‌کانمان پته‌وو زیاتر بکه‌ین باشه‌ یان جیاوازیه‌کانمان،وبه‌شێوازی توند ووتن و ده‌ربڕین یان نه‌رمونیانی؟

۳ـ پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ عێراق(مانه‌وه‌ یان سه‌ربه‌خۆیی)؛

له‌دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق و لکاندنی به‌شی باشوری کوردستان به‌م ده‌وه‌ڵه‌ته‌ نوێیه‌وه‌ تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات،له‌حوکمڕانی پاشایه‌ته‌وه‌ بۆ کۆماری و به‌عسی وتایفه‌گه‌ری ئێستا، له‌ناچاریدا نه‌بوبێت دانی خێریان به‌مافه‌کانی ئه‌م گه‌له‌دا نه‌ناوه‌،وله‌پیناو به‌دیهێنانی مافه‌کاندا قوربانیه‌کی زۆری گیانی و مالی دراوه‌و حوکمران دوای حوکمڕان وه‌فادارنه‌بوون به‌ به‌ڵێنه‌کانی پێش گه‌یشتنیان به‌کورسی ده‌سه‌ڵات و هه‌موویان تاقیکراونه‌ته‌وه‌۰

هه‌لومه‌رجی شه‌ڕ له‌ناوچه‌که‌ و کۆتایی هاتنی په‌یماننامه‌ی شومی سایکسبیکۆ وکۆتایی هاتنی سه‌ربازی وداگیرکاری داعش،کوردستان وناوچه‌که‌ ده‌خاته‌ قۆناغێکی نوێ ودووباره‌ دابه‌شکردنه‌وه‌ی سیاسی و جوگرافی وهێزه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کان خاوه‌نی بڕیاری کۆتایی ده‌بن۰وکورد له‌سایه‌ی قوربانیه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ڕیزی براوه‌کان هه‌ژمارده‌کرێت،وئه‌گه‌ر بڕیاری ئازایانه‌ی خۆی نه‌دات،ئه واله‌ کاروانه‌که‌ به‌جێده‌مێنێ۰

لێره‌دا بژارده‌ی دروست به‌ره‌و ئامانجه‌که‌مان ده‌بات،کام ڕێگا هه‌ڵبژێرین، تێکۆشان بۆسه‌ندنی مافه‌کان یان مانه‌وه‌ له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی داگیرکاراندا،به‌ڕای من بژارده‌ی ڕاپرسی به‌گه‌ل وپێکه‌وه‌ ووتنی بــــــه‌ڵێ ئیلزامکردنی ده‌سه‌ڵات بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌نجامه‌که‌و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ودامه‌زراندنی کۆماری کوردستان،بکه‌ینه‌به‌رنامه‌ی کارو تێکۆشانمان به‌یه‌کێتی هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌کان وبه‌پشتیوانی خه‌ڵکی کوردستانووه‌رگێرانی دروشمه‌کانمان بۆ کردار۰ بۆسه‌رخستنی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌،باشکردنی بژێوی خه‌ڵکو لابردنی پاشه‌که‌وتی زۆره‌ملێ وکاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ودامه‌زراوه‌کان وکارکردن به‌گیانی یه‌ک تیمی زامنی سه‌رکه‌وتنمانه‌۰