ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لێره‌وه‌، ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئاماده‌ین، نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ماڵ و حاڵمان به‌ جێ بهێڵین، گشت یادگاری و خۆشه‌ویستان به‌ جێ بهێڵین، ماڵ و منداڵمان بخه‌ینه‌ گه‌رووی شێتیی ده‌ریاوە، هه‌موو شتێك بگۆڕینه‌وه‌ به‌ ته‌نیا گه‌یشتن به‌ بستێك خاكی ئه‌وروپا، به ‌گه‌یشتن به ‌زه‌ویی خه‌ونه‌كان، كه‌چی تازه‌ له‌وێ هه‌رێمێكی وه‌ك كاته‌لۆنیا بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ ئیسپانیا ده‌كاته‌وه‌.

كاته‌لۆنیایه‌ك سه‌دان ساڵه‌ به‌شێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسپانیا. ئه‌و ئیسپانیایه‌ی كه‌ دیموكراسیه‌، ئه‌ندامه‌ له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، حوكمڕانیه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ره‌ جیهانی و ئه‌وروپیه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ دامه‌زرێندراوه‌، بەڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌س نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی فراوان له‌ كاته‌لۆنیاییه‌كان بڕوا پێ بهێنێت تا ته‌نها ئه‌وروپایی‌ بوونیان به‌س بێت و بیریان لای كاته‌لۆنیایی‌ بوون نه‌بێت. 

ئه‌مه‌ ته‌نها ویستی كاته‌لۆنیاییه‌كان نییه‌، ئه‌وه‌تا هه‌ر چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر بوو كه‌ سكۆتله‌نداییه‌كانیش ڕیفراندۆمیان له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ له‌به‌ریتانیای زلهێزی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازیی جیهان و لانكه‌ی دیموكراسی و سیسته‌می په‌رله‌مانی پیاده ‌کرد. له ‌كۆتایی سه‌ده‌ی پێشووش، كیبیكه‌كانی كه‌نه‌دا ڕێفراندۆمێكیان له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ له‌و ووڵاته‌ پیشه‌سازیه‌ ئارامه‌ پێشكه‌وتووه‌ کرد. 

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردووك ڕیفراندۆمه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی جیانه‌بوونه‌وه‌ بوون، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانیان مایه‌ی تێڕامانه‌. ئه‌وه‌تا دوای پتر له‌ 300 ساڵ له ‌به‌ریتانیایی‌ بوونی سكۆتله‌ندا، ته‌نها 55%ـی دانیشتووانه‌كه‌ی بڕوایان به ‌مانه‌وه‌ له‌ناو به‌ریتانیادا هه‌یه‌، یان ‌ماوه‌ی پتر له‌ سه‌ده‌و نیوێك كه‌نه‌دایی‌ بوون نه‌یتوانی به‌ ته‌واوی جێگه‌ی كیبیك‌ بوون بگرێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ڕاپرسیەکەی ساڵی 1995 له‌سه‌ر دیاریکردنی چارەنووسی كیبیك له‌ناو كه‌نه‌دادا، ته‌نها 50.6%ـی كیبیكه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر 49.4%ـدا بڕیاری مانه‌وه‌یان له‌ناو كه‌نه‌دا دا.

ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی سه‌روەش تاك و ته‌رانین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ حاڵه‌ته‌ گه‌ییو و ته‌قیوه‌كانن، ئه‌گه‌رنا هێشتا (كۆرسییه‌كان) خه‌ون به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ فه‌ره‌نسا ده‌بینن، (فلانده‌ره‌كان) داوای ڕیفراندۆم له‌سه‌ر مانه‌وه‌یان له‌ به‌لجیكا ده‌كه‌ن، (باسكییه‌كان) له‌ ئیسپانیا، كانتۆنی (ژورا) له‌ سویسرا و گه‌لێك نموونه‌ی تر. ئه‌و بیری سه‌ربه‌خۆییخوازیه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌وروپا مه‌غزایه‌كی قووڵیان هه‌یه‌ ، ئه‌و ته‌رحانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ له‌ سه‌رده‌می جیهانگیریدا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و كۆتا ده‌چێت، ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. پێمان ده‌ڵێن هێشتا بیری نه‌ته‌وه‌خوازی و نه‌ته‌وه‌، وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، بڕست و هێزی لێ نه‌بڕاوه‌‌. 

كاته‌لۆنیاییه‌كان له ‌كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ئۆتۆنۆمییان هه‌یه‌ و خاوه‌نی ئابووریەكی به‌هێزیشن، وه‌ك هاووڵاتیە‌كی ئیسپانیایی و ئه‌وروپایش له‌ژێر سایه‌ی سیسته‌می دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپادا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، كه‌چی پێیانوایه‌ ناكرێت چی دیکە وه‌ك ئیسپانیایی بمێننه‌وه‌ و ئیسپانیایی‌ بوونیان زیان به‌ زمان و كو‌لتوور و ئابووریی كۆمه‌ڵگاكه‌یان ده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ حاڵی كا‌ته‌لۆنیاییه‌كان بێت و كه‌چی هێشتا داوای سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن، ئه‌ی ده‌بێت كورد داوای چی بكات و چی بڵێت؟! مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ سه‌ده‌یه‌ك نیه‌ به ‌نه‌وتی كوردستان عێراقیان دامه‌زرا‌ند؟! مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ داهاتی نه‌وتی خودی كوردستان نه‌بووه‌ كه‌ سوپای عێراقی پێ پڕ چه‌ك ده‌كرا و به‌گژ گیانی منداڵ و پیر و لاوی كوردا دەکرا؟! سه‌دان هه‌زاریان لێ ئه‌نفال نەکردین؟! كانی و ئاویان كوێر ‌نەكردینه‌وه‌،؟! له‌سه‌ر زێدی باب و باپیرانیشمانیان ڕایان نەگواستین؟! ئه‌ی ده‌بێت لەهەمبەر ئەوانەدا كورد بڵێت چی؟! كه‌ به‌پاره‌ و نه‌وتی خۆی پێی ڕه‌وا نابینرێت ئاڵایه‌كی هه‌بێت تا له‌ژێر په‌رچه‌میدا، به ‌خوێنی پێشمه‌رگه‌ی خۆی، شه‌ڕی جانه‌وه‌ری وه‌ك داعشی پێ بكات. هێشتاش پێیان زۆر و ناڕه‌وایه‌ كه‌ چه‌ك بدرێته‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌. 

ئه‌ی ده‌بێت كورد بڵێت چی؟! له‌كاتێكدا سوپای عێراقی تا ئێستا و له ‌ماوه‌ی 100 ساڵی ڕابردوودا، داكۆكی له‌ بستێكی خاكی كوردستان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ڕێگه‌ی بۆ هه‌موو سوپا و ده‌سته‌ و تاقمێكیش خۆش كردووه‌ تا بێنه‌ كوردستانه‌وه‌ و چیان بوێت بیكه‌ن. ئه‌ی ده‌بێت كورد بڵێت چی و چی بكات؟! له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ بۆ چوار ساڵ ده‌چێت حكوومه‌تی عێراق بوودجه‌ و قووتی خه‌ڵكی كوردستانی بڕیوه‌، كه‌چی پاره‌ی فه‌رمانبه‌رانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشی مانگانه‌ ده‌نارد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش داوا ده‌كات كه‌ ده‌بێت له ‌به‌رامبه‌ر عێراقیبوونماندا، نه‌وتی كوردستان ده‌ربێنین و بیفرۆشین و ته‌نیا له‌ 17% بۆ ئێمه‌ و باقییه‌كه‌ی وه‌ك سه‌رانه‌ بۆ به‌غدا بنێرین.

ئه‌ی ده‌بێت كورد بڵێت چی؟! له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵ عێراقیبوونماندا، هیچمان له‌ عێراق نه‌چنیه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌موو ئاسته‌كانی ژیاریماندا باجی سیاسه‌ته‌ گه‌مژه‌ییه‌كانی عێراق ده‌ده‌ین. باجی دووبه‌ره‌كی و ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی سیاسیەکانیان ده‌ده‌ین، باجی سه‌رچڵییه‌ بێمانا و بێبنه‌ماكانی دیكتاتۆره‌كانیان ده‌ده‌ین، هه‌شت ساڵ شه‌ڕی عێراق و ئێران، شه‌ڕی داگیركردنی كوێت و ئابڵۆقه‌ی ئابووری، شه‌ڕی ڕووخاندنی سه‌ددام حوسێن و شه‌ڕی تایفی و شه‌ری تیرۆر. 

ئه‌ی ده‌بێت كورد بڵێت چی و چی بكات؟! له‌كاتێكدا كه‌ به‌ هه‌موو یاسا و عورفێك مافی سه‌ربه‌خۆبوونمان هه‌یه‌، كه‌چی هێشتا ئه‌و فیدراڵیه‌ته‌ شه‌قوشڕه‌ی عێراقیشیان پێ زۆره‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نیوه‌یشیان لێ جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، كه‌چی رۆژانەیش له‌ دزینه‌وه‌ی ئه‌وه‌شدان كه‌ خۆمان وه‌ده‌ستمان هێناوه.

بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر كاته‌لۆنیاییه‌كان مافی پیاده‌کردنی ڕیفراندۆمێكیان هه‌بێت له‌سه‌ر بابه‌تی جیابوونه‌وه‌یان، ئه‌وا گومان دەکەم كورد بۆ ئەو مەبەستە پێویستی به‌ڕیفراندۆمیش بێت.

******************

• ئەم ووتارەم نزیکەی دووساڵ لەمەوپێش لەپای بڕیاری کاتەلۆنیەکان لەئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆبوونیان بڵاو کردەوە، ئەمڕۆش تەنها لەدوای دوو رۆژ لەبڕیاری هەرێمی کوردستان لەئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر چارەنووسمان ، ئەوانیش بڕیاریاندا کە لە ١ ئۆکتۆبەر ، ریفراندۆم بۆ هەمان مەبەست ئەنجام بدەن، بۆیە دووبارە بەپێوویستی دەزانم بڵاوی بکەمەوە)