ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیوعییەكان لەكۆبونەوەكەی 7/6/2017ی حزبەكاندا لەپیرمام وتیان:

"سەروەربوونی یاسا، لەریفراندۆم و دەوڵەتیش گرنگتر و پیرۆزترە"

ئەو هەڵوێستە بەقەد ئەوەی سیاسیبێت، زیاتر لەوە ئەخلاقییە و پەیوەستبوونە بەئایدۆلۆژیایەك كە قوربانی لەپێناودا دراوە، شیوعییەكان راستگۆترینبوون، بۆیە داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانیانكرد، بەمانایەكی تر، یاسا كە سەروەربێت و بتوانین رێزی لێ بگرین، سەربەخۆش دەبین و ریفراندۆمیش ئاسایی دەبێت و هەمووانیش رێزت لێ دەگرن.

ئەو هەڵوێستە لەبەر خاتری چاوی ئەم و ئەو نییە، بەڵكو لەبەر خاتری مرۆڤە، مرۆڤ سەرمایە مەزنەكەیە، نەك دەوڵەت و ریفراندۆم و ئەو یارییە سیاسییە گڵاوانەی كە وەك كارت بەكار دێن، مرۆڤ لای شیوعییەكان سەروەرە نەك بابەتی سیاسی تر كە گومانگەلێكی ئێجگار زۆری لەسەرە.

ئەوەی شیوعییەكان لەو كۆبونەوە فراوانەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەندا وتیان، جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەبوو كە بەعەزیز محمد پیاوە ئاشتیخوازەكە درا كە لەسەر هەمان رێچكەی فكری ئەو بەردەوام دەبن، بەدرێژایی ژیانی ئەو مرۆڤە مەزنە، مرۆڤ، چەقی مەسەلەكان بووە، نەك دەستكەوتی سیاسی، دەیان بەڵگە لەم رووەوە ئامادەن.

ئەوەی شیوعییەكان وتیان و زۆرینە لێی تێنەگەیشتن، لێپرسینەوەی ئەخلاقی لایەنەكانی تربوو كە یاساكان بۆ بەرژەوەندی گیرفان و وڵاتانی تر بەكار دەهێنن و بەویستی خۆیان یاری بەچارەنوسی گەلێك دەكەن كە ئێستا لەهەموو كات زیاتر تینوی ئازادییە.

شیوعییەكان ناچار نین وابكەن، بەڵام دەیانەوێت سیاسەت بەخەلاقەوە ببەستنەوە و هەر وایشانكرد، هەر بۆیە سەربەرزیشن، كۆچی دوای عەزیز محمد و كاردانەوەكانی ئەوەمان بەروونی بۆ دەسەلمێنێت كە مرۆڤێكمان لەدەستچوو كە پڕاو پڕ لەئەخلاق ــ سیاسەت و مرۆڤگەرا.

خەمی گەورەی شیوعییەكان سەروەربوونی مرۆڤە لەرێی پراكتیزەركردنی ئەو یاسا گەردونی و لۆكاڵیانەی كە مافی مرۆڤ و ئازادییە سیاسی و ئاینی و دینی و كۆمەڵایەتییەكان فەراهەم و پارێزگاری لێ دەكەن.

خەمی داهاتووی شیوعییەكان ئەو دەوڵەتە لاواز و بێ كەڵك و بێ ستراتیژە نییە كە زۆرینەی شڕۆڤەكارەكان وای بۆ دەچن، چونكە ئەو پایە گرنگانەی كە بۆ دەوڵەت پێویستە هەبێت و پێشتر دەوڵەتەكانیان لەسەر بنیاتنراوە، ئێمە نیمانە یان نامانەوێ هەمانبێ یان لایەنێك یان دوو نایەڵن هەمانبن.

بەڵێ راستە دەتوانین دەوڵەتێك رابگەینین كە دوای چەند ساڵێك لەراگەیاندنی رووبەڕووی دەیان كێشە و تەگەرەی نێودەوڵەتی و هەرێمی و بەتایبەتی ناوخۆیی ببێتەوە، بەڵام ئەمە داخوازی شیوعییەكان نەبووە و ناشبێت، هەر بۆیە لەو كۆبونەوە فراوان و (گرنگ)ەدا داواینكردووە پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و پاشان چیمان بوێ دەتواین بیكەین.

لەلایەكی دیكەشەوە ئەوەی كە شیوعییەكان لەو دانیشتنە سیاسییەدا ئاماژەیان پێداوە و داوایانكردووە و كاریشیان بۆ كردووە، هەمان داواكاری هاوڵاتیانە كە ساڵانێكە بەدەست بێ‌ یاسایی و سەروەرنەبوونی یاساكانەوە دەناڵێنن و توشی دەیان و سەدان و بگرە زیاتریش قەیران و تەنگەژە بونەتەوە، بەبۆچونی پسپۆڕان و شارەزایانیش هەر ئەو هۆكارە واتە (سەروەرنەبوونی یاساكان) هەر بەم قۆناغە خراپەی گەیاندین كە تەنها هاوڵاتی هەژا و بێ‌ دەرمەت باجەكەی دەدات و دەوڵەمەندەكانی دەوڵەمەندتریش كرد و هەژارەكانیش زیاتر گرفتارتر كردووە.

بەكێكی تر لەخاڵە گرنگەكانی پشت واداكەی حزبی شیوعی كوردستان لەكۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی ریفراندرمەوە كە لەسەر زاری ئەبوكاروانەوە ئاماژەی پێكراوە، ئەوەیە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەت دەسەڵاتدارەكان كێشە لاوەكی و سیاسی و كەسییەكانیان وەلانێن، بگەڕێنەوە سەر خاڵی سەرەكی كێشەكان كە ئەویش پێشێلنەكردنی یاساكانە، ئەوەشی ئەبو كاروان وتویەتی رێك هەنگاوی یەكەمە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان چ گەورە چ گچكە.