ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1. هه‌م گه‌نجه‌كان و هه‌م چه‌په‌كان دڵخۆشم ده‌كه‌ن، به‌ڵام گه‌نجه‌چه‌په‌كان دڵخۆشتر. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ هه‌تا ئێستاش ڕه‌هه‌ندێكی گه‌نجانه‌ و چه‌پیانه‌ له‌ ناخی خۆمدا به‌دیی ده‌كه‌م كه‌ ڕێگه‌م پێده‌دات به‌ شانازییه‌وه‌ باس له‌ "گه‌نجبوون" و "چه‌پبوون" بكه‌م وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ كوردبوون و مرۆڤبوون.

2. له‌ گه‌نجایه‌تی مانا ئه‌قڵیه‌كه‌یی و له‌ چه‌پایه‌تی مانا ڕه‌خنه‌ییه‌كه‌یم مه‌به‌سته‌، وه‌كئه‌وه‌ی ئه‌قڵی گه‌نجانه‌ نه‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ و نوێگه‌ری ئه‌قڵیی، چاره‌نووسێكی دیكه‌ی هه‌بێت.

3. مرۆڤ وه‌ك تاكه‌كه‌س هه‌م ده‌توانێت گه‌نجانه‌ و هه‌م چه‌پیانه‌ بیر بكاته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی ته‌مه‌ندا گه‌نج و له‌ ڕه‌وتی ئایدیۆلۆژیدا چه‌پ بێت.

4. هه‌ردووكیان بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی كوردبوون له‌ ده‌ره‌وه‌ی "كوردایه‌تی" و مرۆڤبوون له‌ ده‌ره‌وه‌ی "سیسته‌م" پێویستن، چونكه‌ هه‌موو كوردبوونێك له‌ئه‌نجامی ڕه‌خنه‌ له‌ كوردایه‌تی، به‌ره‌و دروستكردنی ویژدانێكی نوێی مرۆییمان ده‌بات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌مه‌ دڵخۆشكه‌ره‌ گه‌شبینكه‌ره‌، گه‌وجكه‌ره‌كه‌یه‌.

5. به‌م مانایه‌ گه‌نجبوون وچه‌پبوون، ئه‌قڵ و ڕه‌خنه‌، دوو گه‌رانتین بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ره‌و دروستكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی مرۆڤانه‌ و كوردیانه‌ی شوناس. غیابی ئه‌م دوو ڕه‌هه‌نده‌ش له‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كدا كه‌ بیه‌وێت شوناسبه‌خش بێت ئامانجی پرۆسه‌كه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

6. پێبزانین یان نا، ئه‌مڕۆ له‌ نێوان به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆندا پانتاییه‌كی فراوانی گه‌نجایه‌تی و چه‌پایه‌تی هه‌یه‌، كه‌ پێده‌چێت ئه‌مانه‌ له‌ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌شدا هه‌بن. به‌ ده‌م قسه‌ به‌ یه‌كتر ده‌ڵێن، به‌ڵام به‌ ڕۆح هه‌مان ئامانجیان هه‌یه‌.

7. پشتگوێخستنی گه‌نجایه‌تی و چه‌پایه‌تی به‌و مانایه‌ی باسمكردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا جێگه‌ی پێكه‌نینێكی نێشدارانه‌یه‌، به‌ڵام په‌راوێزخستنی چه‌په‌گه‌نجه‌كان تراژیدیا.

12/6/2017