ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

رێفراندۆم وەک خۆی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵکە لەسەر پرسێکی گشتییدا؛ هێزێک بۆ بڕیاردان لەسەر پرسێکی نیشتمانیی و یان جڤاکییدا بۆ ئیرادەی خەڵک دەگەڕێتەوە. کەواتە ئەوە خەڵکە کە ئەو پرسە بە ئەرێ یان نەخێر یەکلایی دەکەنەوە. 

سەبارەت بە رێفراندۆمی کوردستان، وەک هەمیشە ئێمە بە دیار دۆخێکەوەین، کە لەوێدا لایەنگرانی رێفراندۆم بە سەرگەرمییەوە بانگەشەی بۆ دەکەن و داهاتووی ئاوەدانی کوردستانیان بە سەربەخۆییەتوە بەستاوەەوە، هەروەک رێفراندۆم تاکە چارە بێت کە بتوانێ ئەو خەڵکە لەو دۆخە سەرگەردانەدا رزگار بکات، بە پێچەوانەی ئەمەشەوە، دژەکانی رێفراندۆم بە سەرگەرمییەوە رێفراندۆمییان لێ کردووین بە مێردەزمە، هەروەک ئەگەر رێفراندۆم نەکرێت، کوردستان بە خۆشی خۆی دەمێنێتەوە.

هەر بۆیە بەر لە هەموو تشتێک، گەرەکە رێفراندۆم بتوانێت ویستی گشتیی دروست بکات، چونکە ئیرادەی سەربەخۆیی بە دەست خەڵکە. کۆنەکردنەوەی ئەو ئیرادەیە، بەردەوامبوونی گرێی دووبەرەکیی مێژووی کوردە. بۆیە ئەگەر پرۆژەی لایەنگرانی ریفراندۆم کەفو کۆڵ بێت، بەر لە گەل، ئیرادەی خۆیان، نەک گەل، کڵۆڵ دەکەن، ئەوهاش ئەگەر دژەکانی رێفراندۆم پرۆژەیان کەفوکۆڵ بێت، بەر لە لایەنگران، پارتی، خۆیان کاول دەکەن. دیارە کە گەل یان خەڵک قەت وەک خۆی بێئرادە و گەندەڵ نییە، بەڵکو ئەوە دەستەڵاتە کە خەڵک بێئرادە و گەندەڵ دەکات. هێزێک کە بە دژی هێزی خاوەن گوتاری رێفراندۆمە، گەرەکە خاوەن گوتارێکی بەهێزتر بێت کە بتوانێ پشت بە ئیرادەی خەڵک ببەستێت نەک تەنێ بە خۆی و کەمێکی خەڵک. ئەوە ئەو بۆشاییەیە کە بەرهەڵستکارانی رێفراندۆم تێکەوتووە، بۆیە بێجگە ژاوە ژاو، ژیانێکی دیکە نییە.

هەر چۆنێک بێت، رێفراندۆم بە شاتە شات ناکرێت، بەڵکو بە هزر دەکرێت. بە هەمان شێوەش بەرهەڵستکارانی رێفراندۆمیش بە ژاوە ژاو ناکرێت. بۆیە ئەگەر پارتی خۆی بە خاوەن هزری رێفراندۆمی دەزانێت، دەبێت پرۆژەی دوای رێفراندۆمی هەبێت. پرۆژەی دوای رێفراندۆم، پێویستی بە نەخشەی کردەییەوە هەیە نەک لاملیی. بەمجۆرە پارتی بەر لەوەی بیر لە ئیرادەی خەڵک بکاتەوە، گەرەکە بیر لە ئیرادەی خۆی بکاتەوە. ئیرادەی تۆ رەوایەتی لە سەرچاوەیەک وەردەگیرێت، کە حکومەت و پەرلەمانە، چونکە ئەو دوو دامەزاراوەیە ئیرادەی خەڵکن. ئەگەر پارتی و گۆڕان ئەو گرێی پەرلەمان و حکومەت نەکەنەوە، ئیستاش نەبێتە نەخۆشی ئیرادەی خەڵک، لە دوای رێفراندۆم بە هەموو ئەگەرەکانییەوە، دەبیت بە نەخۆشی.

لەوەش بترازێ، ئاشکرایە لە سەرەتای نەوەتەکان و دوو هەزارەکانەوە راپرسیی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کراوە، بەڵام بۆچی ئەوکات ئیرادەی خەڵک نەکرا بە کردە؟ ئێستا سێ بارەکردنەوەی رێفراندۆم کارێکی سەیر و سەمەرە نییە، ئەوە گرینگە ئاکامی رێفراندۆمە. 

هەر کەسێک کەمێک لە سیاسەت بزانێت، تێدەگات دۆخی ناوەخۆی کوردستان، بەر لە هەموو مەرجێک، ئیرادەی گشتیی خەڵکە، کە یەکگرتوو نییە، بۆیە مەتەڵی ئەو رێفراندۆمە، تەنێ بە ئەگەری مەیلی هێزگەلی دەرەکییەوە گرێدراوە. 

ئەو هێزەی کە رێفراندۆم خوازان گرەوی لەسەر دەکا، گریمان رەنگە ئەمریکا بێت، بەڵام نەک کۆی دەستەڵاتدارانی ئەمریکا، بەڵکە وەزارەتی بەرگریی یان پێنتاگۆنە، کە روونە هەمان وەزارەت پشتگیری یەپەگە دەکا لە رۆژئاڤا. مەبەستمە بلێم، ئەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە کە وەک ئەگەرێک دەکرێت چاوەڕوانی ئەو کارەی لێبکرێت. هەر ئەویشە دەتوانێ عێراق، تورکیا و ئێران، واتە بە گشتیی ئەو دەستەڵاتە دەڤەرییانە بەرانبەر ویستی سەربەخۆیی کوردستان بێدەنگ یان هاودەنگ بکات، چونکە ئێستا قەدەری رۆژهەڵات، بە دەست سیاسەتی بەرگریی ئەمریکایە.

ئەگەر ئەمەش رووبدات، لێ دواجار ئەگەر دۆخی ناوەکیی کوردستان ئەوها بە دووبەرەکیی بمێنێتەوە، کە رەنگە چارەسەرکردنی ئەو دووبەرەکییە لە سەربەخۆی کوردستان خۆی ئەستەمترە، ئەوا کوردستان بەوجۆرەی کە هەیە، تووشی ئاژاوەیەک لە شەڕی ناوەخۆ دەبێتەوە لە نەوەتەکان ئاڵۆزتر دەبێت. چونکە پالپشتی ئەمریکا یان تورکیا یان هەر هێزێکی تری دەرەکیی، ناتوانێت کێشە ناوەکییەکان چارەسەر بکات، بەڵکو ئەوەی دەتوانێت ئەو کارە بکات، ئیرادەی ‌هێزەکان و پرۆژە نیشتمانییەکانی ئەو هێزانەیە. 

بەمجۆرە رێفراندۆم بێ هزر، نە دەتوانی خاوەن ئیرادە بێ و نە پرۆژەش. نەبوونی ئەو سێ مەرجە، کەڵەکەکردنی کەفوکۆڵی ئەرێ و نەرێی ئەکامی رێفراندۆمە، واتە بەردەوامی قەدەری بەدی دوولەتی کوردە.