ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەنگاوێکی مێژوییە کە سەرکردایەتی سیاسی کورد بەبێ دوودڵی بڕیاری ئەنجامدانی راپرسی (رێفێراندوم)ی داوە، لە ٢٥ی مانگی ئەیلولی ئایندەدا بەمەبەستی زانینی راو هەڵوێستی گەل لەبارەی بڕیاردانی مافی رەوای چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کە مافێکی رەوای گەلی کوردستانە بەگشت پێکهاتەکانیەوەو ساڵەهای ساڵە بە ئاواتی پێکهێنانی ئەو مەبەستە پیرۆزەن.

کارێکی باش و پەسەندە کە گشت حزب و لایەنەکانی کوردستان، جگە لە دوو لایەن، پشتگیریی خۆیان بۆ راپرسیی گشتی راگەیاندو هیوادارین ئەوانیش چاوبە هەڵوێستی خۆیاندا بگێڕنەوە بەرەو بەشداری و دەنگدان بە بەڵێ بۆ ریفێراندووم و سەربەخۆیی.

لەبارەی ئەم راپرسییەوە دەمەوێ زۆر بە چڕوپڕی راوبۆچوونی خۆم لە چەند خاڵێکدا بخەمە بەردیدی خوێنەرانی بەڕێز:

یەکەم: هەندێک لایەن لەناوخۆی هەرێم و ناوچەکەو لە دەرەوەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەگوایە ئەنجامدانی راپرسی و کۆشش بۆ هێنانەدیی سەربەخۆیی کوردستان دژی "یەکێتیی نێشتیمانی عێراقە"و پارچەپارچە کردنی عێراقە!، کە ئەمەش بەهیچ جۆرێک راستنییە، چونکە لە راستیداو لەبارەی مێژوییەوە نە عێراق کوردستانەو نە کوردستان عێراقە، بەڵکو کوردستان بەناڕەوا پارچە پارچەکراوەو باشوری کوردستان بەبێ خواستی گەلەکەمان لکێندراوە بە عێراقەوە، واتە (ئێلحاق) کراوە، بۆیە لەم گۆشەنیگایەوە سەربەخۆیی کوردستان عێراق پارچە پارچە ناکات، بەڵکو (ئیلحاق) کۆتایی پێدێنی و بۆ گشت پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ئەم بۆچوونە راستە.

دووەم: رێفێراندوم و سەربەخۆیی مافێکی رەوای گەلی کوردستانەو، لەگەڵ یاسانێودەوڵەتییەکان و لایەحەی مافەکانی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، گەورەو بچوکیان، پێچەوانە نییەو ئەمانەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکراون. ئیتر بۆچی دەبی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئەڵمانیاو رووسیا ئەم مافە یاساییە رەوایە بە چەشنێکی پێچەوانە لێکبدەنەوە؟ لەکاتێکدا ئەرکی ئەو دەوڵەتانەیە بە هەڵوێستی خۆیاندا بچنەوەو لەگەڵ رێفێراندوووم و سەربەخۆیی کوردستاندابن و ئەو مافەی هەموو گەلانی جیهان بەم گەلەش رەواببینن کە پێشمەرگە ئازاکانی هەزاران قوربانییانداوە لە شەڕی رەوادا دژی تێرۆریستان کە ئاسایشی ئەو وڵاتانەو تەواوی وڵاتانی دنیایان خستبووە بەرمەترسییەوەو، پێشمەرگەکانی گەلەکەمان چالاکانە لە شەڕدان بۆ لەناوبردنیان.

سێیەم: راپرسی و پاشان هێنانەدیی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و بەتایبەتی ئابوری و ئەوانیترەوە لە قازانجی دەوڵەتانە کە لە کوردستاندا سەرمایەگوزاری وبازرگانی بکەن و باشترین پەیوەندیی لەگەڵ عێراق و دراوسێکانیشدا دەبێت.

چوارەم: لەناوخۆدا هەرکەس و لایەنێکی نیشتیمانپەروەرو دیموکرات و پێشکەوتیخوازو نەتەوەپەروەرو هەرهاوڵاتیەکی ئاسایی ئەم کوردستانە بەگشتی دەبێ و پێویستە لەگەڵ راپرسی و بڕیاردانی چارەنووس و سەربەخۆیی کوردستانەکەیاندابن و، ئەگەر هەڵوێستی ئەرێنی و باشیان نەبێ دەکەونەبەر شەرمەزاربوونی مێژویی و، راست نیە هیچ ناکۆکی و جیاوازییەکی بیرو بۆچوون، لەم یان لەو بوارەدا، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بکرێنە بڕوبیانوی دژایەتی راپرسی و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەداو لەهەموو کاتێکدا.

بۆیە بەڕاشکاوی دەڵێم دەبێ و ئەرکی هەموانە کە گشت ناکۆکی و ناتەبایی و جیاوازییەک لەبیرو بۆچوونی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بخەنەلاوەو کۆکبن لەسەر ئەنجامدانی راپرسیی گشتی لە ٢٥ی ئەیلولی ئایندەداو، دەنگدان بە(بەڵێ) بۆدیاریکردنی چارەنووس و هێنانەدیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا، تا ئەم هەل و بارودۆخە مێژووییەو ئەم دەرفەتە گونجاوە لەدەست گەلی کوردستان دەرنەچێ و دوژمنانمان پێخۆشنەبن.

ئاشکرایە کە رێگەی راستی چاری ناکۆکییەکانی ناو ریزەکانی گەل، رێگەی ئاشتیانەو دیالۆگ و بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستانە. سەرکەوتنی راپرسی و گەیشتنە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان سەرکەوتنە، نەک تەنیا بۆ لایەنێک ودوولایەن، بەڵکو بۆ هەموو لایەنەکان، بۆ تەواوی گەلی کوردستان، بەرەو چاری گشت کێشەو گیروگرفت و قەیرانەکان بۆ بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان کە بەدرێژایی مێژو قوربانیداوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بوون بە دەوڵەت و گرتنەبەری رێگەی گەشانەوەو پێشکەوتن لە سایەیدا.