ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فه‌لسه‌فه(فیلۆسۆفیا)‌ سه‌رده‌مانێك خۆشویستنی(فیلۆ) زانین و دانایی بوو(سۆفیا). بۆیه‌ خۆشویستنی زانین بوو، چونكه‌ بڕی زانین له‌ مێژووی مرۆڤدا كه‌م بوو، مێژوو كه‌متر خۆی دابووه‌ ده‌ست ئاشكرابوونه‌وه‌، كه‌له‌پوری نوسینیش به‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌بوو كه‌ زانین كه‌ڵه‌كه‌بووه‌(ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زانین خۆی چه‌مكێكی ناڕۆشنه‌ و ده‌لاله‌تێكی فره‌ڕه‌هه‌ندی هه‌یه‌ و هیچ ئه‌نجامێكی ڕوونمان ناداتێ).

ئه‌و جیله‌ی كه‌ دادێت، خه‌یاڵێكی تری بۆ زانین هه‌یه‌. لای ئه‌و زانین ئه‌و زانیارییانه‌ن كه‌ جیهانی ئێستا ده‌رخواردی ده‌ده‌ن. ئه‌و جیهانه‌ی كه‌ هه‌زارپارچه‌یه‌ و ناتوانین وێنه‌یه‌كی یه‌كپارچه‌ و ڕوونمان بۆی هه‌بێت. به‌شێك له‌م زانینه‌، فه‌زای مه‌جازی ده‌یداته‌ جیله‌ تازه‌كه‌. سرووشتی ئه‌م زانینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جوزئییه‌، زوو له‌بیرده‌چێت، له‌ شاشه‌وه‌یه‌، له‌ڕێگه‌ی ده‌نگ و وێنه‌وه‌یه، ئه‌رگۆمێنت و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نیه‌. ڕه‌نگه‌ لێره‌وه‌ له‌ به‌شێك له‌و قسه‌یه‌ی ژیژه‌ك تێبگه‌ین كه‌ ده‌ڵێت [ئه‌مڕۆ] فه‌لسه‌فه‌ دایالۆگ نیه‌. ‌چونكه‌ ئه‌مڕۆ زاڵبوونی شێوازه‌كانی "چاتكردن"، مانا كۆنه‌كانی دایالۆگی بیربردۆته‌وه‌ و ده‌نگ به‌سه‌ر نوسیندا چه‌ندقات زاڵبووه‌.

فه‌لسه‌فه‌ پێویستی به‌ ڕێژه‌یه‌ك جێگیربوونه‌. جێگیر هه‌م به‌ مانای شوێن، هه‌م به‌ مانای كاتیش. له‌خۆڕا نیه‌ كه‌ فه‌یله‌سوفه‌كانی پێشوو، له‌ شاره‌كه‌ی خۆیان ته‌جاوزیان نه‌ده‌كرد. ئێستا هه‌موولا هه‌ر ستایشكردنی سه‌فه‌ره‌، ستایشكردنی دونیایه‌كه‌ كه‌ وه‌ك ئیحساس و دیارده‌ناسی هه‌مووی له‌یه‌كده‌چێت. له‌خۆڕا نیه‌ پاش زۆرینه‌ی سه‌فه‌ره‌كان، گه‌شتیاران تووشی یه‌ئسێكی قووڵ ده‌بن. به‌و دیوه‌ی تردا زیاده‌ڕۆیی ئه‌م ستایشكردنانه‌، و نه‌فره‌تكردنی جێگیربوون، ئاوابوونی فه‌لسه‌فه‌ و بیركردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه‌. سه‌فه‌ر و ناجێگیربوون له‌و ڕووه‌وه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ گرنگه‌ كه‌ ببێته‌ مایه‌ی بیركردنه‌وه‌، به‌ڵام له‌مڕۆدا ناجێگیریی ژیان فه‌لسه‌فه‌ به‌ره‌و بیرچوونه‌وه‌ ده‌بات و ده‌یكاته‌ موڵكی نوخبه‌یه‌كی بچوكی ناو ئه‌كادیمیا(كه‌ زیاتر سه‌رچاوه‌ی بژێوییانه‌). وه‌ك بڵێی فه‌لسه‌فه‌ ئیشی جیله‌كانی پێشتر بوو و هه‌ر له‌و كه‌سانه‌ جوانه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان هه‌یه‌. دنیادیده‌یی دوو مانای هه‌یه‌، یه‌كیان مادی ئه‌ویتر مه‌عنه‌وی. مادییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ قاچی خۆت دنیا ببینیت، ئه‌ویتریش ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌زموونی خۆته‌وه‌ وه‌ك پێویست ژیان و دونیات بینیبێت.لێره‌دا كه‌لتوری ئێمه‌ و سه‌رده‌می پۆستمۆدێرن یه‌كده‌گرنه‌وه‌ كه‌ هه‌ردووكیان به‌رگری له‌ دنیادیده‌یی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ فه‌لسه‌فه‌ و بیركردنه‌وه‌ی تیۆریی ڕاسته‌قینه‌دا تێپه‌ڕیبێت. فه‌لسه‌فه‌ی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌ركی هه‌یه‌، په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی قوڵی هه‌یه‌. هه‌موو خه‌ڵك ناتوانێت ده‌رگیری فه‌لسه‌فه‌ بێت، به‌ڵام ده‌بێت به‌شێك له‌ فه‌لسه‌فه‌ له‌ڕێگه‌ی جیاجیاوه‌ ده‌رخواردی خه‌ڵك بده‌یت و بیر له‌ جیهانێكی باشتر بكه‌نه‌وه‌(جیا له‌مه‌ فه‌لسه‌فه‌ ده‌بێته‌ دوورگه‌یه‌كی بچوكی خه‌فه‌تخواردن بۆ خه‌ڵكانێكی كه‌م).

په‌یوه‌ند به‌مه‌وه‌ ده‌توانین میتافۆرێك وه‌ربگرین: له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ موسڵ، په‌چه‌ و باڵاپۆش بۆ ژنان قه‌ده‌غه‌كراوه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پاشماوه‌كانی داعش خۆیانی تیا نه‌شارنه‌وه‌ و زه‌فه‌ر به‌ هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان نه‌به‌ن. ده‌ره‌نجامی ئه‌م قه‌ده‌غه‌كردنه‌، جۆرێك له‌ ئازادییه‌ بۆ ژنان، تۆ بڵێ: ئازادییه‌كی كاتی. گه‌ر ئه‌م نمونه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌ینه‌وه‌، چاره‌نوسی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕادیكاڵمان له‌ ئێستادا بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مڕۆ فه‌لسه‌فه‌ له‌ ئه‌ركی ڕادیكاڵ داماڵراوه‌. گه‌ر ئێستا مرۆڤ به‌ درووشمی ئازادی قانگ‌دراوه و دڵخۆشكراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ نه‌یاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ خۆی ده‌رنه‌خات كه‌ به‌دیلێكی تازه‌ی ئه‌م دونیا ساخته‌یه‌ی ئه‌مڕۆیه‌...