ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

منیش وەكو هاوڵاتیەك، لەكوردستانەكەم‌و زێدەكەم، هەم مافم هەیە، هەمیش ئەركم لەسەر شانە، بۆیە ئەرك‌و مافی خۆمە بەشداریم هەبێت لە كۆی پرۆسەكانی كۆمەڵگای خۆم، بۆ ئەم مەبەستە ئەم پێشنیارو بۆچونانەم دەخەمە روو، هیوام ئەوەیە دڵی كەس عادز نەكەم‌و كەسیش وا هەست نەكات بۆ بەرژەوەندی شەخسێك یان دووان ئەم بابەتەم نوسیوە، بەڵكو تەنها لە روانگەی مافی هاوڵاتی بوونی خۆم بیرمكردۆتەوە: 

بەڕێزان: ئێستا كێشەی كورد بەقۆناغێكی زۆر دژوار‌و هەستیاردا دەڕوات، لەبەردەم ئەگەری زۆر‌و هەمەلایەنەی پڕ قۆرت‌و كۆسپ‌و چارەنوسساز دایە، هاوكات نەتەوەكەشمان هیلاك‌و شەكەتی دەستی قەیران‌و ململانێی بەردەوامەكانی ناوخۆیە، بۆیە بۆ چارەسەری گرێكوێرەكان بەم جۆرە بۆچونی خۆم دەخەمەروو: 

یەكەم: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، سەرۆكی هەرێمە؟؟، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمیشە. بۆ ئەوەی بابەتی چارەنوسسازی ریفراندۆم یەكگرتوویی لەناو كورد دروست بكات، پێویستە دەست لە پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵبگرێت‌و تەنها خەریكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بێت. بەلای منەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم زۆر گەورەۆ گرنگ‌و نەتەوەییە‌و هاوتای سەرۆكایەتی هەرێمە؟؟.

دووەم: كۆسرەت رەسوڵ علی، وەكو جێگری سەرۆكی هەرێم، دەسەڵاتی پێ بدرێت كارە كارگێری‌و تەشریفاتەكانی سەرۆكی هەرێم بكات، تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو، دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمیش كاری خۆی دەكات‌و گرفت دروست نابێت.

سێیەم: كۆسرەت رەسوڵ علی، كارەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان چۆڵ دەكات(تا دوای ریفراندۆم‌و هەڵبژاردنەكان)، دەستەیەك دروست دەبێت بۆ بەرێوەبردنی یەكێتی، كە پێویستە پێكەوە دەوام بكەن‌و رۆژانە پێكەوە كار بكەن؟ ئەویش(دكتۆر بەرهەم، هێرۆخان، مەلا بەختیار). حەدی ئەوەم نیە ئامۆژگاری كەس‌و هیچ لایەنێك بكەم، بەڵام خۆتان دەزانن كێشەكانی هێزێكی وەكو یەكێتی ئەگەر چارەسەر بێت كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دۆخی كوردستان. بەوپێیەی ژیانی هاوڵاتیان‌و پرۆسەی سیاسیان لەبەردەستە ئەو مافەمان هەیە بۆ قسەكردن لەسەر پارتی‌و یەكێتی. 

چوارەم: ئەگەر بارزانی وازی لەسەرۆكایەتی هەرێم هێنا، ئەوكات ئاسان بزوتنەوەی گۆڕانیش دەتوانێت هاوڕێیەكی دیكە لەناو فراكسیۆنەكەی لەجێگای دكتۆر یوسف دابنێت‌و پەرلەمان كارا دەبێتەوە.

پێنجەم: ئەگەر بارزانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بكات، بەم سیفەتە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامیش هەستیاریان نابێت‌و نوێنەری خۆیان دادەنێن، واتە گرفتەكە كە پرسی یاسایی سەرۆكی هەرێمە، بە دەست لەكاركێشانەوەی بارزانی كۆتایی دێت.

شەشەم: بارزانی كات‌و توانا‌و دەرفەتی زۆری دەكەوێتە بەردەم بۆ كارەكەی، كە هەموو حزبەكانیش هاوكاری دەكەن‌و دەنگی نەخێر كەم دەبێتەوە.

حەوتەم: پێویستە راستگۆیانە‌و بوێرانە بێنە مەیدان بۆ چاككردنی بژێوی خەڵك، ئەم سزا دان‌و برسی كردنەی خەڵك كۆتایی پێ بهێنن. 

هەشتەم: كاتێك لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، بزوتنەوەی گۆڕان نوێنەری هەبوو، ئەوكاتە پێویستە وەزیرەكانی بگەڕێنەوە. حكومەتیش كارا ببێتەوە.

هەموو ئەم پڕۆژەیە بۆ چەند مانگێكە، كە بەڕاستی بە هەستیارترین قۆناغ‌و سەخترین دۆخی سیاسی‌و حەیاتی هەرێمی كوردستانی دەزانم. دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی كوردستان ئەو كاتە بونی ئەم جۆرە پڕۆژەیە نامێنێت‌و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لایەنەكان، دەزگا‌و دامەزراوەكان‌و دەسەڵات دروست دەكەنەوە.