ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عه‌بدوڵڵا خالید/ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌نگ ناده‌ن به‌ ریفراندۆم ،خاین نین!

ده‌زانم و ده‌نگیش ده‌ده‌م!

(1)

ئه‌وانه‌ی په‌نایان برده‌ به‌ر ریفراندۆمی یه‌كلایه‌نه‌ ،رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ دیزاینی فۆڕمی راپرسییه‌كه‌ به‌ "به‌ڵێ" و"نه‌خێر"ده‌بێت.ئه‌وه‌ش واته‌ له‌و كاته‌ی ده‌نگدان به‌ "به‌ڵێ"ره‌وایه‌ ،له‌هه‌مان كاتیشدا ده‌نگدان به‌"نه‌خێر"ره‌وایه‌،بگره‌ نه‌چووینیش بۆ راپرسی ره‌وایه‌.

تا ئێستا هیچ لایه‌ك به‌ فه‌رمی راینه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌نگی نه‌خێر ده‌بێت له‌ راپرسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا،هه‌رچه‌ند كه‌ ماف و راواش بێت.به‌ پێچه‌وانه‌ی گه‌لێك راپرسی فه‌رمی و نافه‌رمی كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایی ئه‌نجامدراوه‌،به‌ نموونه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر خودی ئیرله‌ندییه‌كان بوون كه‌ له‌دوا راپرسیدا ده‌نگی نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی سه‌ركه‌وت.كه‌سیش به‌ خاین وخۆفرۆش تۆمه‌تباری نه‌كردن.

"نه‌خێر"ی كوردستان تا ئێستا روون نیه‌،چونكه‌ له‌هه‌ناویدا "به‌ڵێ"یه‌،ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێك كاتدا له‌ "به‌ڵێ"،"به‌ڵێ"تره‌!

هه‌رچۆنێك بێت ،ده‌بێت بڕوای ته‌واو هه‌بێت،كه‌ ئه‌وه‌ی لایه‌نگری "به‌ڵێ"یه‌ نیشتمانی تر و كورد په‌روه‌رتر نیه‌ له‌وه‌ی لایه‌نگری "نه‌خێر"ه‌.ناشبێت به‌ چاوی خیانه‌ت و خۆفرۆشییه‌وه‌ له‌ ده‌نگی "نه‌خێر"بڕوانین.

(2)

من ده‌زانم ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆم قه‌واره‌یه‌ك به‌رهه‌م ناهێنێت كه‌ تیایدا شكۆی مرۆڤ پارێزراوبێت.ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه‌ خه‌ڵك سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات نابێت ،جیاكاریی سیمایه‌كی زه‌ق ده‌بێت تیایدا.ده‌شزانم جیاوازی نێوان مرۆڤه‌كان زۆرترده‌بن.ده‌زانم مافه‌كانی مرۆڤ به‌هایه‌كی ئه‌وتۆی نابێت.ئازادی بیرۆڕا و راده‌ربڕین كارتۆنی ده‌بێت.ده‌زانم یاسا و سه‌روه‌ری یاسا ته‌نها قسه‌ی بێ رۆح ده‌بن.هه‌ژارتركردنی هه‌ژاره‌كان درێژه‌ی ده‌بێت.ژن كوشتن پاساوی زیاتری ده‌بێت،رێگری خۆپیشاندان و شه‌هیدكردنی رۆژنامه‌نووسان و ده‌ستگیركردنی چالاكوانان په‌ره‌ده‌ستێنێ.ده‌زانم به‌ندیخانه‌كان زۆرتر و قه‌ره‌باڵه‌غ تر ده‌بن.ده‌زانم ناشه‌فافیه‌ت وگه‌نده‌ڵی فراوانتر ده‌بێت.به‌هه‌ده‌ردانی سامانی سروشتی نه‌وه‌كانی ئێستا و ئاینده‌ زیاتر به‌ فیڕۆده‌درێت.

ده‌زانم خێڵ و چه‌ك حاكم ده‌بن.گه‌نجه‌كان و عه‌قڵه‌كان له‌ نیشتمان هه‌ڵدێن. ده‌زانم خۆم یان نه‌وه‌كانم شه‌قی ده‌وڵ‌تی كوردی ده‌خۆێن!

به‌ڵام هێشتا و هێشتا هه‌ر لایه‌نگری "به‌ڵێ"م بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆبوون.