ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆرینه‌ی ره‌های نووسه‌ران و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان به‌سه‌ر ئه‌و ئاراستانه‌ دابه‌شبوون كه‌ حزبه‌كانی سیاسی خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن.

ئێسته‌ دوو به‌ره‌ی سیاسی دژ ده‌نگیان زیاتر ده‌به‌سترێت، وه‌ها وێنا ده‌كرێ به‌ره‌یه‌ك پارتی رێبه‌رایه‌تی بكات و به‌ره‌یه‌ك گۆڕان.

هه‌ردوو به‌ره‌كه‌، ده‌سه‌ڵاتی زۆریان هه‌یه‌ له‌ (تیرۆری كه‌سایه‌تی) ئه‌وانه‌ی به‌ موو جیاوازییان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌. ئه‌و تیرۆره‌ مه‌عنه‌وییه‌ له‌ حزبی سیاسییه‌وه‌ تا تاك به‌ تاكی هاووڵاتیان ده‌گرێته‌وه‌.

یان له‌گه‌ڵ منیت یان دوژمنیت، هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌ت له‌به‌رده‌مدا نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خۆت نه‌بیت.

ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ من بوویت، فریشته‌كان ده‌بێت كڕنوشت بۆ ببه‌ن، خوای ده‌كرد ده‌رسی هه‌زار شه‌یتانت ده‌دا. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ من نه‌بیت، شه‌یتانێكیت به‌هه‌زار ئاو بشۆرێیته‌وه‌ پاك نابیته‌وه‌.

پارتی و گۆڕان له‌ هیچدا هاوبه‌ش نه‌بن له‌ تیرۆری كه‌سێتی و مه‌عنه‌وی ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، هاوبه‌شن.

له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا، خه‌ڵكی زۆر هه‌ن، به‌ڵام جورئه‌تی ده‌نگ هه‌ڵبڕینیان نییه‌، چونكه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆره‌ مه‌عنه‌وییه‌كه‌.

ئه‌و دوو ره‌وته‌ نه‌ك هه‌ر له‌ تیرۆری كه‌سایه‌تی نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانیاندا ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌، بگره‌ له‌ سه‌ركوتكردنی جیاوازییه‌كانی ناو خۆشیاندا كارامه‌ن، به‌ ده‌ستێكی پۆڵاینه‌وه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ر جیاوازییه‌كی وا له‌ناوخۆیاندا ده‌بنه‌وه‌.

گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌: كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ر به‌ گۆڕان، پشتیوانی له‌ ریفراندۆم بكات، چاوه‌ڕوانی چی ده‌كه‌یت؟ له‌لایه‌ن گۆڕانخوازانه‌وه‌ حه‌شرێكی پێ ده‌كرێ، كافر به‌ ئیسلام و ئیسلام به‌ كافری نه‌كرد بێ!

گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌: كه‌سایه‌تییه‌ك كه‌ ئینتمای بۆ پارتی هه‌یه‌ و داوای كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ی یوسف محه‌مه‌د بكات، پارتی و پارتییه‌كان چی پێ ده‌كه‌ن؟ هیچ هه‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕان و گۆڕانخوازان به‌ له‌ دین ده‌رچووه‌كه‌ی لای خۆیانی ده‌كه‌ن!

هۆكاری زۆر هه‌یه‌ بۆ په‌نابردنی هه‌ریه‌ك له‌و ره‌وته‌ سیاسییانه‌ بۆ په‌خش كردنی ئه‌و ترس و تۆقاندنه‌، گرنگترینیان، فه‌شه‌لی ئه‌و ره‌وته‌ سیاسییانه‌ له‌ خاوه‌ندارێتی كردنی داخوازی و نیگه‌رانییه‌كان، له‌ كه‌متواناییان له‌ دروستكردنی دیالۆگ و ئارگۆمێنت، له‌ غیابی عه‌قڵ و مه‌نتق له‌ناویاندا.

رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌هجه‌ خه‌ته‌رناكه‌ له‌ سیاسه‌ت و ژیانی حزبایه‌تیدا، به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌خلاقی و ئینسانییه‌.

تێپه‌ڕكردنی هه‌موو دۆخێكی نه‌خوازراو، پێویستی به‌ قوربانیدان هه‌یه‌. پێویستی به‌ نووسه‌ر و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووسی راسته‌قینه‌ و خاوه‌ن ئامانج هه‌یه‌. ئه‌وانه‌ی ئامانجێكی راسته‌قینه‌یان هه‌یه‌، ئاماده‌ن ئه‌و قوربانییه‌ بده‌ن، چونكه‌ له‌ كۆتاییدا براوه‌ ده‌بن، شانازییان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌.