ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مارك لی تۆمس

و. پێشڕەو محەمەد

سەرەتا نامیلكەی “كاری كرێ و سەرمایە”، وەك كۆمەڵە وتارێك لە “نویە ڕاینیشە تسایتونگ”دا لەلایەن كاڕڵ ماركسەوە بڵاوكرایەوە؛ ڕاینیشە ڕۆژنامەیەك بوو ماركس لە سەردەمی شۆڕشی 1848-1849، كە ئەڵمانیا و ئەوروپای گرتەوە، سەرنوسەری بوو.

ئەم وتارانە بەگوێرەی ئەو گوتاربێژییانەی ماركس كۆكرانەوە كە بۆ كرێكارانی ئەڵمانیی لە برۆكسل لە ساڵی 1847 پێشكەشی كردن.

ئامانجی ماركس لەم نامیلكەیەدا، شیكردنەوە و لێكدانەوەی “هەلومەرجێكی ئابوورییە” كە “بناغە و بنچینەی ماتریالیی خەباتە هەنوكەییەكانی نێوان چینەكان پێكدەهێنێت”.

بۆرژوازیی و پرۆلیتاریا لەسەرەتادا شان بەشانی یەك دژی سیستەمی كۆنی فیودالیی لە ساڵی 1848دا جەنگان. بەڵام ئەم هەماهەنگییە ڕواڵەتییەی بەرژەوەندییەكانی نێوان ئەم دوو چینە لە شۆڕشدا، زیاتر لە پێشوو ڕێگای بۆ ناكۆكییەكی ئاشكرا خۆشكرد. لەبەرانبەر مەترسیی ڕوولەگەشە لەخوارەوەدا، ئەو مەترسییەی هەڕەشە بوو بۆسەر خاوەندارێتیی سەرمایەداران و هەروەها زەویدارانی كۆنی فیودالیی، بەناچاریی بۆرژوازیی بەرەو ئاراستەی دژەشۆڕش برد.

بۆیە داواكارییەكانی نامیلكەی “كاری كرێ و سەرمایە” بۆ كرێكاران، بەشێك بوو لە خەباتی ماركس بۆ سەربەخۆیی سیاسیی چینی كرێكار (پرۆلیتاریا) لە ڕەوتی شۆڕشدا.

ماركس لە مەسەلەی كرێوە دەستپێدەكات كە سەرمایەدار بەرانبەر بە هێز و لێهاتوویی كار، واتا توانای كاری كرێكاران دەیدات. “هێزی كار” لە سیستەمی سەرمایەداریدا، كاڵایەكە وەك هەر كاڵایەكی دیكە كڕین و فرۆشی پێوەدەكرێت. بەڵام “هێزی كار” لە ڕەهەندێكی زۆر گرنگەوە جیاوازە لە هەموو كاڵاكانی دیكە. خەسڵەتی تاقانەی ئەم كاڵایە لەوەدایە كاتێك بەكاردەهێنرێت، كارێكی زیاتر بەراورد بەو شتە ئەنجام دەدات كە بۆ بەرهەمهێنانی خۆی پێویستیی پێی هەیە.

بەهای هێزی كار، وەك كاڵاكانی دیكە، وابەستەیە بە بڕی كاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی [ئەو كاڵایە]. ئەگەر بڕیاربێت كرێكاران كاری خۆیان بخەنە بەردەستی سەرمایەدارانەوە، پێویستییان بە خۆراك، نیشتەجێبوون، پۆشاك و هتدەوە هەیە. دەبێت كرێكەیان تێچوونی ئەم كەرەساتە دابین بكات، واتا دەبێت لەگەڵ بڕی كاری كۆمەڵایەتیی زەرووریی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم كەرەستە و كاڵایانە بگونجێت. دەبێت كرێكان تێچوونی بەرهەمهێنانی وەك نەوەی داهاتووی كرێكاران، واتا منداڵی كرێكاران بگرێتەوە كە دابینكەرانی هێزی كارن بۆ سەرمایەداران.

ئەم تێچوونانە – بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی هێزی كار – هەمان ئەو شتەن كە دواجار “نرخ”ی هێزی كار، واتا كرێی كرێكاران دیاریدەكەن.

بەڵام ئەو كارەی ئەنجام دەدرێت، دەتوانێت زیاتر بێت لە بڕی كاری زەرووریی بۆ دابینكردنی ئەم تێچوونانە. بۆ نموونە لەوانەیە بۆ كەسێك ڕۆژانە تەنها 3 سەعات كاركردن بەس بێت بۆ ئەوەی بتوانێت تێچوونی زیندووبوونەوەی دووبارەی هێزی كارەكەی بەگەڕ بخاتەوە. بەڵام هەر ئەو كەسە بۆ ماوەی 8، 9، یان 10 سەعات كاری پێدەكرێت. ئەم كاری ئیزافییە دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەوە. هەر ئەم زیادەبەهایەیە كە بنچینەی قازانجی سەرمایەدار دادەمەزرێنێت.

هۆكاری ئەوەی كە لەوانەیە وادەربكەوێت هیچ ناكۆكییەكی جەوهەریی لەنێوان بەرژەوەندییەكانی سەرمایەداران و كرێكاراندا نییە لەوەدایە كە ئەم فۆرمەی چەوساندنەوە لە پشتی گرێبەستی كرێوە دەشاردرێتەوە.

پەیوەندیی نێوان خاوەنكار و كرێكار، ڕواڵەتی دەرەكیی پەیوەندییەكی یەكسانی هەیە. خاوەنكار لاری نییە لەوەدا كە بەرانبەر بە كاری كرێكارێك، كرێی پێبدات. بەپێچەوانەی كۆیلەوە كە خاوەن كۆیلە ئاغاكەیە یان ڕەعیەت (سێرف) لەسەردەمی فیودالیزمدا كە وابەستەیە بە زەوی و ئاغای زەویەكەوە، كرێكار بە زەبر بەكار ناهێنرێت. ئەو لەم ڕوانگەیەوە “ئازاد”ـە، و فرۆشتنی هێزی كار بەرانبەر بەكرێ، وەك كردەوەیەكی خۆویستانە و ئازادانە دەردەكەوێت.

بەڵام ئەم یەكسانییە فۆرماڵ و ڕواڵەتییە، نایەكسانییەكی قوڵتری نێوان كرێكار و سەرمایەدار لەپشتی خۆیەوە دەشارێتەوە. سەرمایەدار، وەك خاوەن ئامرازی بژێویی – كارگەكان، كانەكان، ئیدارەكان و هتد – و كرێكار دەیەوێت بەهۆی برسێتییەوە نەمرێت یان بەهۆی هەژاریی و بەدبەختییەوە نەژیت، دەبێت بچێتە ژێر بكاری كاركردن بۆ سەرمایەدار. كرێكاران لەم ڕوانگەوە “ئازاد”ن كە پێویست ناكات بۆ یەك تاكە سەرمایەدار كار بكەن، بەڵام ناتوانن خۆیان بەدوور بگرن لە كاركردن بۆ چینی سەرمایەدار بەشێوەیەكی گشتیی.

“كرێكار هەر كاتێك بیەوێت دەتوانێت ئەو سەرمایەدارە بەجێبهێڵێت كە هێزی كارەكەی بەو فرۆشتییە و سەرمایەداریش هەر كاتێك بۆی گونجاو بێت كرێكە بە كرێكار دەدات و ئەگەریش هیچ سوودێكی بۆ سەرمایەدارەكە نەبێت، ئەوا دەری دەكات. بەڵام كرێكار كە تەنها سەرچاوەی دەرامەتەكەی بریتییە لە فرۆشتنی هێزی كارەكەی، ناتوانێت كۆی چینی كڕیار، واتا چینی سەرمایەدار بەجێبهێڵێت، تەنها ئەگەر بیەوێت واز لە بوونی خۆی بهێنێت؛ ئەو سەر بەم یان ئەو سەرمایەدارە نییە، بەڵكو سەر بە چینی سەرمایەدارە و ئەگەر بڕیاربێت كڕیاریك بۆ كارەكەی پەیدا بكات، دەبێت بچێتە لای ئەم چینەوە[چینی سەرمایەدار]”.

هەرجارێك كە كرێكار هێزی كاری خۆی بە سەرمایەدار دەفرۆشێت، ئەو زیادەبەهایەی لە كریكارەوە وەردەگیرێت، دەكرێت لەلایەن سەرمایەدارەوە بۆ كەڵەكەكردنی ئامرازی بەرهەمهێنانی زیاتر بەگەڕ بخرێت – سەرمایەدار بەهۆی كێبڕكێ لەگەڵ سەرمایەدارانی دیكەدا و لەترسی لەناچوونی خۆی، ناچار دەبێت سەرلەنوێ سەرمایەگوزاریی بە قازانجە كۆكراوەكانی خۆی بكات.

“ئایا كرێكار لە كارگەی چنینی لۆكەدا تەنها لۆكە بەرهەمدەهێنێت؟ نەخێر؛ بەڵكو ئەو سەرمایە بەرهەمدەهێنێت. كرێكار خەریكی بەرهەمهێنانی ئەو بەهایانە دەبێت كە بۆ زاڵبوون بەسەر كاری ئەودا دووبارە بەگەڕ دەخرێتەوە و بەهۆی ئەم كارەوە، بەهاگەلێكی تازە دێتە بوونەوە”.

كەواتە سەرمایە تەنها ئامرازی بەرهەمهێنانی ماتریالیی نییە، بەڵكو كاری كەڵەكەكراوی ڕابردووە كە دەسەڵاتی بەسەر ژیانی كاری زیندوودا هەیە. لە ئەنجامدا هەروەك ماركس باسی دەكات، “بەرژەوەندیی سەرمایەداران و بەرژەوەندیی كرێكارانی كرێگرتە بەتەواوی لەخاڵی دژ و بەرانبەری یەكتردا وەستاون”. خەباتی چینایەتیی لەسەر ئەم بنەمایە و تەنها دەبێت بەم هۆیەوە ئەنجام بدریت.