ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هیچ ڕابەرێکی سیاسی چەپ لەسەدەی بیست بە قەدەر (لینین)ئیش و چەواشەکاری لەسەر نەکراوە، لە

کوردستانیش تەوژمی ئەم چەواشەکاریە ئەگەرچی کەمی کردووە، بەڵام لە لە دەیەی نەوەدەکان و ڕێک لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە هەتا ٢٠١٠ یەکێك لە ئیشە سەرەکیەکانی " ڕەهەندیەکان " و شاگردەکانیان بریتی بوو لە هێرشی بەردەوام بۆسەر مارکسیزم لەم چوارچێوەشدا ناشیرین کردنی لینین و بەلەشەفیزم و ئەزمونی سۆڤیەت بەشی شێری بەرکەوت .

لینین دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، وەک تەمەناو هیوایەک نا بۆ کەسێک کە لەو بچێ، بەڵکو وەکو زەرورەتێک لە غیابی ڕێبەرێکی یەکگرتوو مشت لە کاریزمای چەپ و بزوتنەوەی چینایەتی . ڕەهەندیەکان بەر لە دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان هەموو توانای خۆیان تەرخان کرد بۆ ناشێرین کردنی " ڕێبەری " مێژوویی و " کاریزما "، ئیشی بە بەرنامەی ئەوان بریتی بوو لە ناشیرین کردنی هەموو کاریزماکان تا لە ئەنجامدا خۆیان لە ناوەندێکی دیاریکراوادا بە مەحدودیاتێکی قوڵی ئاسۆی سیاسی بوون بە کاریزمایەکی ڕۆشنبیری ! کاتێ بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو ئەوان فزەیان نەهات لە بەرامبەر " کاریزما" ی نەوشێروان موستەفا، وەفادار نەبوون بە یەک حەرفی ڕەخنەکانی ٢٣ سالیان کە لە کاریزما و لە ڕێبەری مێژوویی و تەنانەت لە ڕیبەری ناسیۆنالیستیش گرتبوویان . بەوەش نەوەستان بەڵکو چەندین وتارو نوسین و نامیلکەی هاوبەشیان نووسی بۆ پشتگیری کردنی پڕۆژەی گۆڕان و کاریزمای نەوشێروان موستەفا . ئەو حەملەیەی ئەو برادەرانە کردیان کاریگەری سایکۆلۆژی خۆی هەبوو، تەنانەت بەشێک لە چەپیش لە ڕووی نەدەهات باس لە کاریزما و ڕێبەری مێژوویی بکا ! ئێستا کاتی ئەوەیە چەپ یەک شەق لەو باسە ئینتیهازیە بدات و بێ ترس باس لە کاریزماو ڕێبەری مێژوویی بکات، چونکە ڕۆشنبیرانی چینی ناوەڕاست ئەگەر کاریزما بۆخۆیان بێت ترافیك سەوزەو ئەگەر بۆ چەپ ترافیك سوورە .

ئەلگۆیەک لە لینین کە دەکرێ بهێنرێتەوە مەیدان لە دوومەیدانی بنەڕەتیی مومکین دەبێ، لینین نوێنەرایەتی بیرتیژی ستراتیژی سیاسی و لینین وەکو ڕابەرێکی حیزبی . لە مەیدانی ئەمڕۆی سیاسەت و چەپ بە لای کەمی لە هەرێمی کوردستان ڕێبەرێکی کاریزمای نییە کە ئێستا نوێنەرایەتی یەک ستراتیژی سیاسی بکا کە هێزی چەپ لە دەوری کۆببێتەوە . حێزبێک نیە کە لینینێکی بەرهەم هێنابێ ( ئەوەش ڕاستە کە بڵێ ی لینین ێک نییە حیزبێکی بەرهەم هێنابێ ) . عەزەمەت خوازی و حیساب نەکردن بۆ یەکترو کۆمەڵێ نەخۆشیتری ئیگۆ و سیکتاریزم، لە پاڵ بوون بە ئەندامی کانوونە " سیکولارەکانی " حیزبە ناسیۆنالیستەکان بە شێکە لە واقیعی تاڵی چەپ !

لە کاتی گەمارۆدانی شاری ستالینگراد، سوپای نازی لە ڕووی تەکنەلۆژیای سەربازی و لۆجیستیەوە زۆر لە سوپای سۆڤیەت بە ‌هێزتربوو . لە کاتی سەردانی خرۆشۆڤ بۆ بەرەکانی جەنگ، داوا لە ئەفسەرەکان دەکا کە حەلێک بدۆزنەوە، زۆر پێشنیاری دەخنە بەردەم، هەمووی ڕەفز دەکا . یەکێک لە ئەفسەرە سیاسیەکانی نێو سوپای سۆڤیەت دەڵێ ئێمە پێویستمان بە " قارەمان " ێکە کە مەعنەویاتی سوپا بەرزکاتەوە بە تایبەتی گەنجان لاسایی بکەنەوە ! خرۆشۆف لێ ی دەپرسێ : تۆ قارەمانێک دەناسی لەم ناوە ؟ ئەویش دەڵێ بەڵێ، سەرەنجام " ڤاسیلی " قەناس وەشێن کە خۆی بە راستی قارەمانێکی سادەو خۆڕسک بوو دەکرێتە ڕەمزێک و بواری بۆ دەڕخسێنن و ئەویش و تیمکەی بەسەر تیمی قەناسە ئەڵمانیەکان سەردەکەون و سەرنجام شەڕی ستالینگراد بەم گۆڕانە ڕەمزی ومەعنەویە وەک فاکتێکی کاریگەر لە پاڵ فاکتە مەوزوعیەکان سەرکەوتن دەسەپێنن بەسەر سوپای نازی، بەڵام ئەمە لە ڕێگای پاڵپشتی تەواوی حیزب و سوپای سوور بۆ فیکرەو کاریزمای " قارەمان " .

چەپ لە ئەمڕۆی کوردستان پێویستی بە قەناس وەشێنێکی بواری فیکری سیاسی و جێگیر کردنی ئەولەویاتی ستراتیژی کارکردنە. پێویستی بە قەناس وەشێنێکە کە بتوانێ حیزبێک دروست بکا نەك تەنها لە هێزو ڕێکخستن وەکو پ .ک.ک یان یەپەژە بێت بەڵکو دەبێ بەو نەفەسە ئیش بکات کە لەوانیش بە هێزتر بێت . چەپ پێویستی بەوەیە هەر نوتفەیەکی " ڕابەر" و " قارەمان " و " کاریزما " ێکی خۆی گەورەی بکا نەك بێ ئەرزشی بکات، زۆر کەس ڕەنگە دڵی ناسک بێ و بلێ دیماگۆجیەت و دیکتاتۆریەت هەندێ بۆڵە بۆڵیتر بکا، ڵێگەڕێن با ئەو بۆڵە بۆڵانەش هەبێ، بەڵام حیسابی بۆ مەکەو شتێک بخوڵقێنە . 

کۆمۆنیزم توانی " لینین " بەرهەم بهێنێ و ئەزموونی سۆشیالیستی بە هەموو کەم و کوڕیەکەوە خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی کرد، کاپیتالیزم " ڕێگان " و " تاتشەر" ی بەرهەم هێناو لە ڕێگای کارنامەو ناوی ڵیبرالیزمی نوێدا هەموو ئەو دەسکەوتانەیان تەفروتونا کرد. کاپیتالیزم هەمووی لە پشتی تاشەرو ڕێگان وەستان، ئەم وەستانە عیبرەتێکی تێدایە، کە تۆش دەبێ کاریزمای خۆت هەبێ و واز لەو شەرمە بهێنە بە " کۆن " پێناسەت بکەن، بۆ تۆ لەسەر پێناسەی بەرامبەر مەحتەل بووی ؟ حیساب بۆ بەرامبەر مەکە، ئەو ئیشی خۆی دەکا تۆش ئیشی خۆت بکە.