ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

۱. دژوەستانەوە هەم ئاماژەیە بە وەستانەوەی جەستەیی و هەمیش بە جیاوازیی فیکری.

ئەوەی دژ دەوەستێتەوە لە ڕووی جەستەییەوە شپرزە و بۆی هەیە پڕجووڵەو بزێوانە ڕەفتار بنوێنێ. جەستەی ئەو لەم دۆخە دژانەیەدا دەبێتە ئامراز و ئاوێنەی ئەو دەروون و هزرینەی کە ناکۆک و دژە. لێرەدا دەنگ بەرزکردنەوە و دەستڕاوەشاندن هاوشان و هاوکاتن بە جوڵەی زۆر و شپرزەیی دەروونی. دۆخێکی سرووشتی و پەرچەکردارێکی ئاسایی بۆ هەر هەستەوەر و مرۆڤێک دێتەپێش کە خۆی و بەهاکانی لە مەترسیدا دەبینێت و بەجۆرێک دەکەوێتە بەرگریی لە خۆی کە ناچاربێت هەم جوڵە و هەم دەنگی خۆی بەرزکاتەوە. ئەمەش گۆڕانێکی بەرچاو لە ڕەفتاری ئەوکەسانەدا دروستدەکات کە زۆر ئاساییە.

۲. بۆیە ئەوانەی دژ دەوەستنەوە هیچ خەتایەکیان نەکردووە تا هێرش و گەلەکۆمەکێ بکرێتە سەریان و تۆمەتبار بکرێن بەو درۆ و دەلەسانەی لەبەرچاوی عەوامیان دەخەن. ئەمانە خیانەتکاریش نین تا سێدارەیان بۆ هەڵواسرێت. (لە یەکێک لە پەیجەکانی لایەنگری پارتیدا وتارێکم لەسەر مەریوان و ئاراس و عەلی کەریمی و کێ و کێ خوێندەوە،) زۆربەی زانیارییەکانی ئەم کەسانەیان پێ تۆمەتبار و ناشیرین کرابوون، درۆ و ناڕاست و هەڵبەستراو بوون.زۆربەی ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنانەش لە میدیاکانی دژەوە لەسەر لایەنگرانی ڕیفراندۆم دەوەشێنرێن، نزمانەن..

۳ . مرۆڤ بیەوێ خۆی دەرببڕێ پەنا بۆ وشە و زمان دەبات. ئەگەر کەسانێک ئەمەیان بەدڵ نەبێت بە وشە و بە پەنابردن بە زمان وەڵامیان دەداتەوە. لەوە بترازێت هەر شتێک بکات، هەم ئەو شتەی دەیەوێ بەرگریی لێبکات ڕەزیل و هەم خۆیشی شەرمەزار و ڕیسوا دەکات هەم زەمینەی دیموکراسیانەی گفتوگۆش بەرباد دەکات.

٤. ئەو شتەی ئەم ناکۆکییەی پێکهێناوە لە ئێستادا (ڕیفراندۆمە). زۆر باشە، هەندێکمان بەو بەڵگانەی بڕوامان پێیانە و بەو زمانەی دەیگرینە بەر لەگەڵ ڕیفراندۆمداین. هەندێک ئەم هەڵوێستەی ئێمە بە (مەسینەهەڵگری) و (جاشایەتی) بۆ بارزانی و کۆیلایەتی بۆ بنەماڵە، ناوزەد دەکەن.

من بۆخۆم مەسەلەی (ئازادیی نەتەوەیی) لە پێش و بەرزتر و ستراتیژیتر دەبینم لەوەی بمەوێت لە ڕێگەی پشتگیریمەوە ببمە مەسینەهەڵگر و کۆیلە و جاشی بارزانی و بنەماڵەکەی.. کاتێک باسی ئازادیی نەتەوەیی دەکەم ئەمە بەرگریکردن لە ئازادیی دژەکانی ڕیفراندۆمیش دەگرێتەوە. بۆیە کاتێک دەبینم ڕاگەیاندنەکانی هەندێ جیهەتی پارتی ئازادیی جیاوازیی ئەوانە پێشێل دەکەن، کە من بە جاش و کۆیلە و مەسینەهەڵگر دەزانن، هەڵوێستی ئەخلاقیم ئەوەیە دەچمە بەرەی داکۆکیکارانی ئازادیی شەخسییەوەو هەر تۆمەت و تەشهیرێک بە نوسەر و گۆڕانخوازان و ئەوانیدیکەش ده‌كرێن، شەرمەزار و ڕەتدەکەمەوە. ئەمە بۆ لایەنگرانیش ڕاستە.. به‌ڵام له‌ پشتگیرم بۆ ڕیفراندۆم كه‌ ئه‌وه‌ شتێكه‌ له‌ یاده‌وره‌یی نه‌ته‌وه‌یی و ئیشتیاقی مرۆڤبوونمه‌وه‌ بۆ ئازادیی هاتووه‌، په‌شیمانم ناكاته‌وه‌.

٥. ڕیفراندۆم، چ بەوجۆرەی لایەنگرانی ستایشی دەکەن و چ بەو شێوازەش دژەکانی سووکی دەکەن، بۆ من ساتەوەختێکە لە ڕۆشنبیرییەکی بەرزی لایەنگرانە و دژانە. لە مانای وشەی بەرز مەبەستیشم قووڵی و دەروەستانە و بەرپرسیارانەشە. هەم دژەکان و هەم لایەنگرەکان دەتوانن ڕەهەندە قووڵ و دەروەستییە ئەخلاقی و بەرپرسیارییە مێژووییەکانی خۆیان بخەنە ڕوو بەبێ ئەوەی بکەونە ناو گەمەی (هاندانەوە) تا خەڵک فێر و ئاراستە بکەن بۆ دەنگدان و دەنگنەدان. چونکە ئەمەیان وەکئەوەیە تۆ خۆت بە مامۆستا و خاوەن دەنگیش بە گەمژە و گەوج بزانیت و بتەوێت ئاراستەیان بکەیت!

٦. باوی کەسێتی (ڕۆشنبیری مامۆستا) و (ڕۆشنبیریی ئاراستەکەر) بەسەر چووە. من لەوێوە دەنگدان بە (بەڵێ) و بە (نەخێر)م بۆ گرنگە چونکە بەرجەستەکەری زاتی تاکەکەسە کە خۆی دەیەوێت بڕیار بدات. ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە هیچ بەهایەکیشی نەبێت، لە خۆیدا ئەوپەڕی ڕێزگرتنە لە ئیرادەی تاکەکەس بۆ هەر بڕیارێک دەیدات.

ئەگەر ڕێز و حورمەتێکمان بۆ تاکەکەس هەبێت پێویست ناکات لەسەر دەنگدان و دەنگنەدان یەکتری تەخوین و ڕیسوا بکەین. ئەمە ئاستێکی بەرزی یەکتردواندن نییە. نەکەس جاش و نەکەس مەسینەهەڵگر و نە کەسیش کۆیلەیە و نەکەسیش جاش و کۆیلە و مەسینەهەڵگری دەوێ. ئەم وشانە جگەلەوەی لە ڕووی مێژووییەوە، بەرهەمی زەینی فیودالین، ئاواش هەژاری و ئاستی بەکارهێنەرانیان ئاشکرا دەکات.

۷. بیرمان نەچێت (نالی) کاتێک لەوەها دۆخێکی وەکئەوەی ئێستای ئێمەدا بوو بۆ جیابوونەوە لە زمانی (فارسی، تورکیی عوسمانی و عەرەبی) و بەکارهێنانی زمانی کوردی، تەشهیری بەکەس نەکرد و کەسییشی نەکردە مەسینەهەڵگر. ئەو بڕیاریدا و لەسەر سندووقی هەڵبژاردنەکان دەنگی خۆی نەخستە ناو سندووقیی کەسەوە. نالی بڕیاریدا بوو کورد بێت نەک شتێکیتر:

(تەبعی شەکەرباری (من)، (کوردی) ئەگەر ئینشا دەکا،

ئیمتیحانی (خۆ)یە مەقسوودی، لە عەمدا وا دەکا..)

۸. کورت و پووخت: دەنگدان بۆ بارزانی نییە و دەنگنەدانیش دژی ئەو نییە. هەم زاتی کوردی و هەم حەقی تاکەکەس بۆ بڕیاردان دەکەونە پێش و سەرووی پڕۆژەی سیاسییەوە. پێشئەوەی بارزانی هەبێت، مرۆڤبوونی ئێمە و کوردبوونی ئێمە هەیە، ئەمەش حەقمان دەداتێ خۆمان بین و لەهەر کونجێکەوە ترووسکەی ئازادیی دیاربوو بەرەوپیری بچین بەبێ ئەوەی وا بزانین ئازادی بەهەشتە، چونکە زۆرجار ئازادیی دۆزەخێکە تۆزێک لە واقیع خۆشترە!

۹. بۆیە شەرمەزاری بۆ ئەوانەی ئەم ئازاوەیان ناوەتەوە و کەرامەتی مرۆیی و نەتەوەییمان دەشکێنن و لە ئاستی تاکەکەسیشدا ڕۆشنبیرییەکی نزمی یەکتر دواندنی سەردەمی دەرەبەگایەتی زیندوو دەکەنەوە.

2017/6/26