ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوڕێ عەزیز محەمەد1/7/1924 ــ 31/5/2017 یادی زیندوو

 لە ٣١ ئایار دڵە گەورەکەی سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەر و شیوعی لە لێدان کەوت . دەمزانی ئەو کەوتنەخوارەوەی ڕەنگە ئیتر دوا قۆناغی ژیانی بێت . گەلێک جار بۆ دڵدانەوە و لەبیرکردنی ئازارەکانی دەمگووت دیارە تەواو دکتورەکان ڕازین لە تەندروستیت بۆیە ڕێگایان دای بگەڕێەوە ماڵەوە. بەردەوام بە تەلەفون لە تەندروستیم پرسیار دەکرد  . کە پەشێوی شاعیر گەڕاوە هەولێر و سەردانی کاک عەزیزی کرد و وێنەکەی لە لاپەرەی هاوڕێ حیدەر فەیلی بڵاکراوە لەلای کاک عەزیز گیرابوو بە تەلەفون هەواڵی و چۆنیەتی کاک عەزیزیم پرسیارکرد کاکە پەشێویش بە کوردیەخۆشەکەی خۆی گووتی باش نی یە بەداخەوە . لەگەر ئەویش گووتم ئەو کەوتنە دواقۆناغە چونکە تەمەنەکەی ڕێگای نادات . پەشێو بەختی باشی هێنا چونکە بۆ دواجار ماچی کرد و سەردانی کرد.

دەکرێ کتێب دەربارەی ژیان و تێکۆشان و هەڵوێست و بیروباوەڕ و ئادگار و بیرەوەری و یادگاریی و کۆمەڵێک شتی تریش دەربارەی کاک عەزیز بنووسرێت و بەرهەم و سەرچاوە زۆرن هەر لە کۆنگرەی دووەمی حزبەوە هەتا کۆچی دوایی کە دواوتاری لە کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستانی بوو . ئەوە لێدەگەڕێم بۆ ماوەیەکی تر ئەگەربێت و مردن خۆی لە گەردەنم نەئاڵێنێ . من هەر لە منداڵیەوە رقم لە مردنە . برادەرە نزیکەکانم چاک دەزانن چەندی جنێو پێدەدەم و چۆن ریسوای دەکەم بەڵام بەداخەوە هەر ئەو سەردەکەوێت و خۆشەویست و ئازیزێکم لێ دەبات . بۆ کەس تەمەنای مردنی بۆ ناخوازم هەتا ئەگەر دژی بیروباوەڕیشم بێت . ئەوە مردنە منی لە باوەشی دایکم و باوکم کە بەداخەوە تەنها هەر نۆزدەساڵ لەگەڵیان ژیام لە یەکتر کرد . جگە لەوەی نزیکترین هاوڕێ و برادەری لێ بردم کە بە دەیان یادگاری خۆشم هەبووە لەگەڵیان هەر مردنە کەسە نزیکەکانی لێ سەندمەوە کە شەوانە پێکی خۆشی و پێکەنینمان هەڵداوە و شەوانمان کردووە بە ڕۆژ بۆ گۆرانی و قسەی خۆش . یەکێک لەو خۆشەویستانە کە بەراستی حەزم دەکرد زیاتر بژیابایە   هاوڕێ عەزیز محەمەد بوو . بۆمن وەکو خاڵ وەکو سکرتێری حزبەکەم وەکو برایەکی گەورە وەکو هاوڕێ یەکی نزیک وابوو بۆیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە یەکتر جیانەبووینەوە و دواجاریش ئێوارەیەکی ساڵی 2015 نان و ماستمان پێکەوە لە ماڵەکەی سەعدیەی خوشکم خوارد . کاک عزیز ڕێزی تایبەتی نووسەرانی دەگرت زۆر بە ئەدەبەوە باسی نووسینەکانی هەریەکی دەکرد کە دەیخوێندەوە . زۆر بە ئەدەبەوە باسی بیرەوەری هاوڕێ یەکانی دەکرد ئەگەرچی هاوڕێ یەکان لەو بیرەوەری یانە  ڕەخنەی توندیشی یان لەسەر کاک عەزیز نووسیبوو .  زۆر بە ئەدەب و ڕیزەوە ناوی سەرکردەکانی کوردی دەهێنا هەتا هەندێک جار کە بە توندی رەخنەم لێدەگرتن ئەو بە هێمن و لەسەرخۆ ناوی دەهێنان . هەربۆیە بۆی باسکردووم چۆن وای کردووە مەلامستافا ڕێزی تایبەتی بگرێت لەو سەرکردە شیوعیانەی کە لە کوردستان بوون . ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بەڕیزەوە سەیریان کردووە . هەتا کە ئەوکاتەی مەکتەبی سیاسی جیابۆتەوە و لێکترازان لە پارارتی رویداوە . تازە کارەساتی پشتئاشان بووە لەکەیەک و بە نیوچەوانی نەوشیروان مستەفا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نوسا ، بەڵام ئەگەر کاک عەزیز لە کوردستان بوایە ئەو کارەساتە بەوجۆرە نەدەبوو کە بووە قەتلوعامی شیوعیەکان . کاریزمای کاک عزیز و ئەزموونی سیاسی گەلێک زۆربوو. کوردەوکانی ئێران و سوریا و تورکیا و عێراق پرسیان پێ دەکرد و هەردەم بە حزبە شیوعیەکانیشی دەگووت دەبێت ەسەلەی کورد وەکو مەسەلەی خۆتان سەیربکەن  . هەر لە منداڵیەوە کە لە تەمەنی لاوی بووە بە کادیرێکی دڵسۆزی حزبی شیوعی عێراق و لە هەولێرەوە گۆزرایەوە بۆ چاپخانەی حزب لە بەغدا . کوڕە فەقیرەکی گوندی بێرکۆت هەنووکە بێرکۆت کەوتۆتە ناو هەولێر وای لێهات مەدالیای لینین و دیمترۆڤ لە سینگی بدرێت و لە کۆنگرەجیهانی یەکان بەناوی حزبی شەهیدان حزبی شیوعی عێراق ووتاربخوێنیتەوە . باوک جوتیاری فەقیر و دایک خزمەتکاری ماڵان ئا ئەو مرۆڤە لە قوتابخانەی زیندانی دەرچوو بووە ئەو مرۆڤە نیشتمانپەروەر و شیوعی یە .لە گوندی بێرکۆت جگە لە کاک عەزیز محەمەد ، گۆرانی بێژ قادر زیرەک [قادر ئەحمەد مستەفا 1954 ــ 18/7/1981] و شاعیری نیشتمانپەور و خۆشەویستی کوردستان عەبدوڵڵا پەشێو 1946 لە دایک بوونە و ناوبانگی خۆیان وەرگرتووە .تەمەنی درێژ بۆ پەشێوی شاعیر دەخوازم .  کاک عەزیز بۆ خۆی دەڵێ تەمەنم حەڤدە یا هەژدە دەبوو بوومە ئەندامی حزبی هیوا ساڵی 1942 . پاشان کاک جەمال حەیدەری رێگای مارکسیەتی نیشاندام ، مەلا شەریفیش بەرەو حزبی شیوعی بردم . ئەوکاتەش خوێندنی سەرەتایی تەواوکرد و کەوتە زیندان هەتا شۆڕشی 14 تەمووز ئینجا ئازاد کرا و لە ساڵی 1964 لە کۆبوونەوەی فرەوانی سەرکردایەتی کە بۆخۆی دەنگی بەخۆی نەداوە وەکو سکرتێری حزبی شیوعی عێراقی هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەکانی دووەم ساڵی 1970 و سێ یەمی ساڵی 1976 و چوارەمی 1985 بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەی پێنجەم ساڵی 1993 داوای کرد یەکێکی تر لە شوێنی خۆی دابنێن و خۆی هەڵنەبژارد . لە حزبەکانی شیوعی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست یەکەم سکرتێر بووە شوێنی خۆی بۆ یەکێکی تر چۆل بکات . هەر لەو کاتەوە ئیتر خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەت کردنی ئەو ئەزموونە ساوایایەی کوردستان کە لە ڕاپەڕینی 1991 وەدەست هات و باشترین دەوریش لێک نزیکردنەوەی کاک مەسعود و مامجەلال بوو ئاوەکی بەو شەڕی خۆکوژی یە داکرد و ئاشتی لە نیوان پارتی و یەکێتی دروست بوو . ئەگەرچی ئەو ماندووبونەی کاک عەزیزیان بردە کۆشکی سپی ئەمریکا و کۆشکی ئیلیزی پاریس .

هەر لە زیندانەوە فێربوو بە عارەبی کتێب بخوێنیتەوە و سەرچاوەی گشتی خوێندنەوەی عارەبی بوو پاشان بە کوردیش دەیخوێندەوە . هەر کتێبەکی وەدەست بکەوتبایە دەیخوێندەوە ئەگەر کتێبەکی لانەبوایە لە ماڵەکەم دەستی بۆ کتیبخانەکەم دەبرد و لەسەر جێگا دەیخوێندەوە هەندێک جار کە لە کار دەگەڕامەوە لە ژوورەوە چەند کتێبەکی لە دەورەی خۆی دانابوو . کەیفیشی بە و قەلەمانەی من دەهات کە لە کتیبەکانم دابوو یان بۆ ئەوەی لەبیرم نەچێ لە تەنیشتی شتێکم دەنووسیەوە ، جارجارە دەیگوت کاریئاسانیت کردووە بەڵام من بە کاک کەریمی حسامی و عبدوڵڵا پەشیوم دەگوت پشتم شکاندووە . خوێندنەوەی کاک عەزیز لە کتێبی سیاسی و لێکۆڵینەوە دەپەڕیەوە بۆ ڕۆمان و بیرەوەری و چیرۆک و پەخشان و شیعر .  زۆر چاک بیرورایەکەی دەردەبڕی و سەرنج و رەخنەکانی بەجۆرێک دەردەبڕی کە بەرانبەرەکەی قەناعەتی پێ دەهینا . گەلێک جار هەر من نا زۆرکەسی تریش داوایان لێکرد بیرەوەری یەکانی بنووسیتەوە بەڵام رازی نەبوو . لە هەر گفتوگۆ و جاوپێکەوتنێک حەزی دەکرد پێشئەوەی قسەکانی بڵاوبکرێنەوە سەیری بکاتەوە . نەمرە کاک عەزیز محەمەد کە لەو خێزانە هەژارە و دایک خزمەتکارە ببێتە ئەو مرۆڤە بەناوبانگەی کە دوژمن و دۆست حیسابیان بۆ دەکرد . کاک عەزیز لە دڵمان دەژیت . یادت زیندوو.

فـەهد گـردەوانی 4/7/2017 ستۆکهۆڵم