ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کۆمەڵێ کورد لە دژی داواکاری داخستنی کەناڵی جەزیرەی قەتەری شتێکیان بڵاوکردۆتەوە، دوو سێ پرسیار لە لای خوێنەر دروست دەکات. جارێ نە جەزیرە و نە ئەوانەشی داوای داخستنی دەکەنن فڕیان بەسەر ئەلف و بێی ئازادی ڕادەربڕینەوە نیە. هەرچی کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندنیان هەیە شەو و ڕۆژ خەریکی بڵاوکردنەوەی بیر و بۆچوونی توندڕەو، فاشیزم ودەمارگیری ئاینی و نەژادین. لە دژی ئاین و گەلانی دیکە گوتارێکی تا بڵێی دوژمنکارانە و فاشییانە بڵاودەکەنەوە. هەرچی تیرۆریست و پیاوکوژی ئەو ناوچەیە هەیە لە جەزیرە باشتریان نەدۆزییەوە بۆ ئەوەی تۆماری دەنگ و ڕەنگیانی تێدا بڵاوبکەنەوە. کێ هەیە پەیامەکانی بن لادن، سەدام، زەرقاوی، عیزەت دوری و سەدان پیاوکوژی تری لە جەزیرە نەبینیبێت، کە هەموویان هانی ڕەشەکوژییان دەدا. کێ ئەوەندەی جەزیرە پشتگیری لە سەدام و شوێنکەوتووانی دەکرد و هانی دەدان تا دەتوانن عیراق و کوردستان وێران بکەن. ڕۆژانی ڕووخانی سەدام کەس ئەوەندەی جەزیرە و پەیامنێرەکەی یوسف ئەلشەریف هەوڵی ئەوەیان نەدا ئاژاوە لە کەرکوك بنێنەوە. خۆ ئەڤینی جەزیرە و جەزارە نوێکەی تورکیا هەر باس ناکرێت. 

جەزیرە کە شەڕ بە هەموو کەسێک دەفرۆشێت، بە یەک وشە باسی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سیستەمی کۆیلەیی کرێکارانی بیانی لە قەتەر ناکات. لە کاتێکدا لە دژی ڕۆژئاوا لاف لێدەدات گەورەترین بازگەی سەربازی ئەمێریکا وا لە قەتەرە.

ئەگەر جەزیرە هەندێ جار باسی کوردی کردبێت، یا بۆ ئاژاوە نانەوە بووە لە نێوان کوردا، یا هەندێ توندڕەوی عەرەب و تورکی هێناوە قسە بە کورد بڵێن و تۆمەتی بۆ دروست بکەن. ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هەندێ لەوانەی کاریان بۆ جەزیرە کردووە هەوڵیانداوە شتێکی بابەتیانە لە بارەی کوردەوە بڵاوبکەنەوە. 

یەکێ لە داهێنانە هەرە خراپەکانی جەزیرە داهێنانی شەڕە قۆندەرەو جنێوی بازاڕی بوو بە گەلان، ئاینەکان، کولتورکان و کەسەکان لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن، کە گەلێک بەناو میدیاکاری کوردستان زۆر حەزدەکەن بە شێوەیەکی هەرزەکارانە لاسایی بەکەنەوە. ئەم نەریتە چەپەڵە بوو بە یەکێک لە دیاردە هەڕە قێزونەکانی میدیای ڕۆژهەڵات کە بۆ گەرمکردنی بازاڕ و جۆشدانی هەستی ئاژەڵیانەی مێگەڵی نەفام و گەمژە هیچ نەما پەنای بۆ نەبەن. 

ڕاپرسییەکانی جەزیرە و پێشوەخت هەڵبژاردن و ئامادەکردنی ئەوانەی بە تەلیفۆن پەیوەندی دەکەن هەموو بە وردی ڕێکدەخرێن. دەستنیشانکردنی ئەوانەی بانگ دەکرێن و بەشداری لە پرۆگرامەکان دەکەن بە پێی پێوەرەکانی جەزیرە دەکرێن. بەشداری کردنی هەندێ کەس لە دەرەوەی ئەو پێوەرانە و بۆ پرسی لاوەکی لە کرۆکی مەسەلەکە هیچ ناگۆڕن.

با ئەزموونێکی تایبەتی خۆم بگێڕمەوە. من چەند جارێک بۆ جەزیرە قسەم کردووە، دوو سێ جار لە هۆڵەنداوە و چەند جارێکیش لە کوردستانەوە، لە سەر داخوازی بەرپرسی جەزیرە لە کوردستان، کە هەوڵی دەدا هەندێ بێلایەنی بپارێزێت. زۆر لەو جارانەش زیاتر پەیوەندییان کردووە و من داوای لێبوردنم کردووە چونکە ئامادە نیم لە سەر هەموو بابەتێک قسە بکەم. لە دوای کەوتنی ڕژێمی سەدام بوو، ڕۆژێکیان پەیامنێرەکەیان لە برۆکسل، کە پیاوێکی فلەستینی بوو و دەیوت کوردم خۆشدەوێت، پەیوەندی پێوە کردم و هەر لە ماڵەکەی خۆمەوە ڕاستەوخۆ لە گەڵ ستۆدیۆ لە دەوحە بەشدارییان پێ کردم. ئەو کاتە هێشتا سکایپ و مسکایپ لە ئارادا نەبوون. ئەوانەی ستۆدیۆ وادیارە ئاگایان لێ نەبوو کە من گوێم لێیانە. پێشکەشکارەکە خەشرەم بوو کە دواتر بوو بە بەڕێوەبەری جەزیرە، لەوەی لای خۆی پرسی، کە وادیارە بەعسی بوو، ئایە ئەوەی پاریس ئەناسێ، کە قەیس عەزاوی سەر بە بزاڤی ناسیۆنالیستی عەرەبی بوو و دواتر کرا بە باڵێوز لە کۆمکاری عەرەبی. کابرای بەعسی زۆر بە گەرمی وتی: بەڵێ بەڵێ ئەوە لە خۆمانە. پێموایە مەبەستی ئەوە نەبوو بڵێ بەعسییە، بەڵکو مەبەستی ئەوە بوو بڵێ عەرەبێکی ناسیۆنالیستە و وەک خۆیان بیر ئەکاتەوە. ئیتر لەویدا ئاگادار کران کە منیش گرێدراوم، بۆیە قسەکانیان تەواو نەکرد.

ژمارەیەك لەوانەی واژۆی ئەو ڕاگەیاندنەیان کردووە، ئاشکرایە هاوسۆز و هاوبیری برایانی موسوڵمانن و جەزیرە بە کەناڵە فەرمییەکەی ئەم ڕێکخراوە جیهانییەی خۆیان دەزانن، بۆیە ڕوون و ئاشکرایە بۆ واژۆیان کردووە. هەندێکی دیکەیان یەك دوو جار قسەیان بۆ جەزیرە کردووە و بانگهێشت کراون بۆ " کۆنفرانسی زانستی!!!" بۆ قەتەر. بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا بێبەش نەبن ئەمایان کردووە. بەشی سێیەمیان ئەوانەن کە زۆر حەز ئەکەن ناویان لە ناواندا بێت.

مرۆڤ لە خۆی دەپرسێت دەبێ کورد هەقی چی بێت بە سەر شەڕ وململانێێ خێڵەکانی نیمچە دورگەی عەرەبییەوە؟.