ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بیست وهه‌شت ساڵ عومرێكه‌ ،ڕاسته‌ ته‌مه‌نێكمان به‌سه‌ربردوو نه‌مانتوانیو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان سوود له‌به‌سه‌ربردنی ئه‌م بیست وهه‌شت ساڵه‌ بكه‌ین ، كه‌ غه‌مساردانه‌ به‌ڕێمان كرد .سه‌رباری ئه‌م غه‌مساردی و له‌كیس چوون و له‌به‌ین چوونی ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ ده‌مانتوانی زۆر سودی لێ وه‌ربگرین و كاری جدی و به‌سوودی تێدا ئه‌نجام بده‌ین .به‌هه‌رحاڵ وه‌ك كورد ده‌ڵێ (زه‌ره‌ر له‌نیوه‌دا بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ر قازانجه‌ ) بۆیه‌ ئێستاش هێشتا كات دره‌نگ نی یه‌ و ده‌رفه‌تی زۆر و جدی له‌به‌رده‌مماندا ماوه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و په‌یامه‌ی تا ئێستا نه‌مانتیواوه‌ بگه‌یه‌نین ،ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵی گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌مان بین ، ئه‌گه‌ر تا ئێستا نه‌مانتوانی بێت ئه‌و كاروبه‌رنامه‌یه‌ی بڕیار بوو ئه‌نجامی بده‌ین و ئه‌نجاممان نه‌داوه‌ ، هێشتا كات دره‌نگ نییه‌ بۆئه‌نجامدانی ئه‌و كارو به‌رنامانه ی پێویسته‌ ئه‌نجامی بده‌ین .

ڕاسته‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ چه‌ند هه‌وڵێكی تاك لایه‌نه‌ و دوور له‌یه‌ك یان بڵێین به‌په‌رته‌وازه‌یی و دوور له‌ كاری ده‌سته‌و گروپ گه‌رایی ،چه‌ندین كاریان له‌سه‌ر دۆسییه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام داوه‌ .(لێره‌دا من ته‌نیا باس له‌دۆسییه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌م و دۆسییه‌كانی وه‌ك ئه‌نفال و بارزانییه‌كان و ڕاگواستن و به‌عه‌ره‌بكردن .....هتد بۆ هاوڕێیان و هاوكارانم به‌ جێ دێڵێم )لێره‌دا نامه‌وێ قسه‌له‌سه‌ر چۆنیه‌تی كاركردنی هاوكاره‌كانم بكه‌م له‌دۆسییه‌ی كیمیاباراندا ،ئایا كاره‌كانیان تا چه‌ند ئه‌كادییم و به‌سود و به‌بڕشته‌و تا چه‌ند توانیویه‌تی له‌ خزمه‌ت به‌ دۆسییه‌كه‌دا كاریان كردوه‌ ،ئه‌م سه‌رنجدانه‌ جێده‌هێڵم بۆ كاتی خۆی و لایه‌نی پسپۆڕ .

به‌ڵام لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت بڵێم كاركردن له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سته‌ و گروپ گه‌رایی چه‌نده‌ سودی هه‌بێت پێم وایه‌ له‌گه‌ڵ سود گه‌یاندنیدا ده‌بێته‌ مایه‌ی زه‌ره‌ر و بارگرانی بۆ دۆسییه‌كه‌ .له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌ڵێم سه‌رباری تێپه‌ڕبوونی بیست و هه‌شت ساڵ ،پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت ئه‌م تاك ده‌نگانه‌ له‌ده‌وری یه‌ك كۆببنه‌وه‌ و هه‌وڵ و تواناكانیان بكه‌نه‌ یه‌ك له‌پێناو دروست كردن و كاراكردنی ده‌زگا یان ده‌سته‌یه‌كی پڕ له‌زانیاری و كارا بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت هه‌رچی زووتره‌ له‌ڕێ ی ئه‌م ده‌زگایه‌وه‌ ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ دۆسییه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ فه‌راهه‌م بكرێت تا دواجار ببێته‌ مه‌یدانی به‌ده‌ستخستنی سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌ تایبه‌ت و گشتیه‌كانی دۆسییه‌كه‌ ،بۆئه‌وه‌ی له‌م په‌رته‌وازه‌یی و بێ هه‌ماهه‌نگییه‌ ڕزگارمان ببێت و ئێمه‌ش وه‌ك باقی نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی جینۆساید زه‌ده‌ ببینه‌ خاوه‌نی ده‌زگا و ده‌سته‌و سه‌نته‌ری تایبه‌ت به‌ توێژینه‌و به‌ئه‌رشیفكردنی دۆسییه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ . له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ به‌لای منه‌وه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئیتر كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ین و هه‌ریه‌كه‌و له‌لای خۆمانه‌وه‌ هه‌وڵ بدات بۆ دروستكردن و دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌ كه‌ گرنگی به‌بواری توێژینه‌و به‌ئه‌رشیفكردن و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان تا ببینه‌ خاوه‌نی سه‌نته‌رێك یان ده‌زگایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند .

له‌ڕاستی ده‌مێكه‌ ده‌توانم بڵێم چه‌ندین ساڵه‌ ئێمه‌ به‌بێ هۆ كات به‌فیڕۆ ده‌ده‌ین هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانی فریاد ڕه‌سێكین بۆ ئه‌وه‌ی به‌فریامانه‌وه‌ كه‌ون .به‌ڵام به‌هه‌ده‌رچونی ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ و بۆمان ده‌رده‌خات كه‌ ته‌نها فریاده‌ڕسێك به‌هانامانه‌وه‌ بێت خۆمانین ،پێویسته‌ خۆمان ببینه‌ ئه‌و فریاد ڕه‌سه‌ڕه‌ی سالانێكه‌ چاوه‌ڕوانین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بێ له‌كات كوشتن هیچی دیه‌مان به‌ده‌ست نه‌خستوه‌ .

له‌كۆتاییدا پێویسته‌ هوشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌یه‌دا بكه‌ین و چیتر كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ین و له‌هه‌وڵی دروستكردنی (ده‌زگای یاده‌وه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ ) دا تواناكانمان بخه‌ینه‌ گه‌ڕ ،بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ش وه‌ك گه‌لان و نه‌ته‌وه‌ جینۆساید زه‌ده‌كانی دونیا ببینه‌ خاوه‌ن ده‌زگای خۆمان و پارێزه‌ری به‌ڵگه‌و ئه‌رشیفه‌كانمان ببین .