ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌پێی به‌دواداچوونێكی من، له‌ دوو ساڵی رابردوودا حه‌وت هه‌زار رووداوی هاتووچۆ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتووچۆی هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی تۆمار كراون. هه‌زار و 152 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 15 هه‌زار و 632 كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون.

ژماره‌ی قوربانیانی رووداوه‌كانی هاتووچۆ ته‌نیا له‌و دوو ساڵه‌دا، زیاتره‌ له‌كۆی ژماره‌ی شه‌هید و بریندارانی پێشمه‌رگه‌ به‌درێژایی هه‌موو شه‌ڕی داعش له‌ 2014ه‌وه‌.

له‌ ئه‌نجامی رووداوه‌كانی هاتووچۆ له‌و دوو ساڵه‌دا، 13 هه‌زار ئۆتۆمبێل زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

به‌رپرسانی هاتووچۆ هۆكاری رووداوه‌كانی هاتووچۆ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بۆ تیژڕه‌وی ده‌گێڕنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ راست نییه‌.

دوو هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ پشت رووداوه‌كانی هاتووچۆ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌:

یه‌كه‌م: خراپی رێگه‌وبان و شه‌قامه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار و ناوشار.

دووه‌م: خراپی كوالێتی ئۆتۆمبێل له‌ كوردستاندا.

هه‌ردوو هۆكاره‌كه‌ حكوومه‌ت لێی به‌رپرسه‌، نه‌ك شوفێران.

حكوومه‌ت له‌ پێناو شاردنه‌وه‌ی عه‌یبه‌كانی خۆی، ده‌یه‌وێ هۆكاری كاره‌ساته‌كه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی خه‌ڵك، ئه‌وه‌ش تاوانێكی دیكه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵك ده‌كرێ، هیچی له‌وه‌ كه‌متر نییه‌ به‌رپرسانی حكوومه‌ت گه‌نده‌ڵی له‌ كوالێتی كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ن، پاره‌ ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرێ و دوو شه‌قام دروست ناكرێ.

من له‌و به‌دواداچوونه‌دا، هه‌وڵمدا جۆری رووداوه‌كانی هاتووچۆ روون بكه‌مه‌وه‌، زۆرینه‌ی رووداوه‌كان پێكدادان بوون، به‌ڵام وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمبێل پله‌ی دووه‌می له‌ناو رووداوه‌كاندا هه‌یه‌، بۆنمونه‌ ساڵی رابردوو سه‌رووی 300 رووداوی وه‌رگه‌ڕان له‌كۆی رووداوه‌كانی هاتووچۆ له‌ سلێمانی هه‌یه‌، خراپی كوالێتی ئۆتۆمبێل و خراپی رێگه‌وبان، هۆكاری بنه‌ڕه‌تین له‌ وه‌رگه‌ڕاندا و ئه‌وجا تیژڕه‌وی.

حكوومه‌ت هۆكاری رووداوه‌كانی هاتووچۆیه‌ نه‌ك خه‌ڵك!

حكوومه‌ت خه‌ڵك ده‌كوژێ، نه‌ك خه‌ڵك خۆی، خۆی بكوژێ!