ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی: د. چواس حسن

نه‌نكم مرۆڤێكی رۆح سپی، سپی، سپی. له‌م هه‌موو دونیای ئاسان تاوان كردنه‌دا، قه‌تاو قه‌ت، نه‌به‌دڵ و نه‌به‌ده‌م و نه‌به‌ده‌ست، ئازاری كه‌سی نه‌دا. چۆن به‌بێگه‌ردی له‌دایك ببوو، ئاواش به‌بێگه‌ردی ماڵئاوایی له‌ ژیان كرد. 

نه‌نكم هه‌رچه‌ند له‌هه‌موو ژیانیدا كتێبێكی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌گرتبوو، مامۆستایه‌كی نه‌ببوو، ته‌نها بایی چوار ركات نوێژ زمانی عه‌ره‌بی، له‌ناو ئه‌م هه‌موو زمانانه‌ی دونیادا، فێرببوو، به‌ڵام كاتێك له‌دوای ڕاپه‌ڕین پێم ووت كه‌ دیكتاتۆر سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی خۆی له‌ كوردستان كێشاوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ته‌واوی له‌م زمانه‌ سیاسیانه‌م تێنه‌گه‌یشت، به‌ڵام زۆر مامۆستایانه‌ ووتی:

- ئاوه‌ و ئاوچێ، چوێله‌كه‌ (چۆله‌كه‌) له‌ هه‌رزن تۆرا، هه‌رزن ته‌غارێكی* زیاد كرد.

به‌ڵێ نه‌نكم به‌م ووته‌‌یه‌ی، وانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فێر كردم، تێیگه‌یاندنم كه‌ تۆرانی داگیركه‌ر له‌ ووڵاته‌كه‌م، وه‌ك تۆرانی ئاگر وایه‌ له‌ دارستان، گورگ له‌ ڕان، هه‌ور له‌ رۆژ، شه‌یتان له‌ ئاده‌م، مردن له‌ ژیان.

ئه‌و داگیركه‌ری باش ده‌ناسی، چونکە به‌درێژایی ته‌مه‌نی له‌ژێر سایه‌یدا ژیابوو. بینیبووی، چۆن ته‌نها نه‌وتی ئه‌م ووڵاته‌یان دزیوه‌ و به‌تاڵانیان بردوه‌، پاروی ده‌می منداڵانیان فڕاندوه‌، كانیان كوێر كردۆته‌وه‌، ته‌ڕ و وویشكیان پێكه‌وه‌ سووتاندوه‌، ژن و پیاویان زینده‌ به‌چاڵ كردوه‌، تاڵاوی زه‌هریان به‌گه‌رووی وورد و درشتماندا كردوه‌.

نه‌نكم له‌بێ نانی و بێ مووچه‌یی نه‌ده‌ترسا، چونكه‌ ده‌یزانی ئه‌وه‌ ئازادیه‌ نان ده‌خولقێنێت، نه‌ك نان ئازادی بێنێت. ئه‌وه‌ ته‌نها كۆیله‌یه‌ له‌برسان ده‌مرێت و ته‌نها مرۆڤی ئازاده‌ ژیان ده‌خولقێنێت.

ڕاست بۆی چووبو ، له‌و كاته‌ی داگیركه‌ر له‌دوای ڕاپه‌ڕین له‌م ووڵاته‌ تۆرا، نه‌ك ته‌غارێك، به‌ڵكو هه‌زاران ته‌غارمان زیاد كرد. نه‌ك دێیه‌ك و دووان، به‌ڵكو هه‌زارانمان ئاوه‌دان كرده‌وه‌.

****

شارستانیەت لێرەوە لەم ووڵاتەوە دەست پێ دەکات. مرۆڤ بەزانیاریە سەرەتاییەکانی، بە چەک و ئامرازە سادەکانی، بەبێ تەکنۆلۆژیا، بەبێ مۆبایل و رۆکێت و فرۆکە و ترانزستەر، ڕووت و قووت، کەچی لێرەوە، لەسەر باشترین زەوی خودا، لەسەر بەپیترین زەوی خودا دەستی پێکرد. نان و ژیان و حکایەت، خوان و خواردن و خۆشەویستی، پێغەمبەرەکان و ئایینەکانی دروست کرد.

هەمیشە مێژووی دوور و نزیکمان، چیرۆکی خوانی پڕ و نانی گەرم و میوەی تەڕوبڕی ئەم خاکەی گێڕاوەتەوە. پادشا و سوڵتانەکانی دونیا ئیرەییان بە بەپیتی ئەم خاک و ناوچەیە بردوە. چیرۆکی هەزار و یەک شەوە پڕیەتی لەباسی تێروپڕی ئەم مەملەکەتە. ئێرە لەبەر رۆزیی زۆر، بە خاکی پیت و بەرەکەت ناودەبرا، دونیا و بونیا لەسەر داهاتی ئەم مەملکەتە خۆیی بەکوشت دەدا.

ئەوێ رۆژێ دەستم بەهەمبانەی یادەورەیەکانی باپیرمدا کرد، چنگمم لێ پڕ کرد، تەنها گەشی و سەوزی ژیانی لێ دەچۆڕا، پڕ پڕی بوو لە میوە و گەنم و سەوزایی، لەتێری و پڕی. 

ئەوێ رۆژێ خەیالی وێنەکانی باپیرمم شتەوە، هەموویان لەسەر سەربانی ماڵەکەیانەوە، یان بەسەر ئەسپەکەیەوە، بەشکۆوە، بەسەر خاکی بەپیت و پێدەشتی پڕ زەرد و سەوزایی و چیای بڵنددا دەیانڕوانی . قەت چیرۆکی نەبوونی و قاتوقڕی ئەم کۆمەڵگەیەم لە باپیرم نەبیستووە.

***

کوردستان زەوی پڕ مرۆڤ و پیت و فەڕ، لەوەتی مرۆڤ هەیە لێرەش ژیاوە، به‌درێژایی مێژووی ئه‌م ووڵاته‌، هه‌زاران ساڵه‌، خۆمان نانی خۆمان و چه‌كمه‌ بۆری داگیركه‌ریشمان خولقاندوه‌. به‌شانی قوڕاویمانه‌وه‌ شارو دێ و ده‌شت و ده‌رمان ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌.

باش بزانە کە لەئەستەمبوڵ برسی بوویت، بێ دوودڵی دەستبەرە و خشتێک، بەردێک، ئەستوونێکی مزگەوت و کۆشکی سوڵتانەکانی عوسمانی دەربێنەو دایکرمێنە**. دڵنیابە، زۆریش دڵنیابە، ئەوە یان گەنمی دەشتی قەراجە، یان گوێزی هەورامانە، یان برنجی بازیان و ئاکرێیە، یان خۆشاو و سرکەی هەناری خۆشناوەتیە، یان پەنیر و ژاژی مەڕدارانی برادۆستە، کە لەماوەی ٥٠٠ ساڵ داگیرکاریاندا بەسەرانە و باج و خەراج لێرە کۆیان دەکردەوە و لەوێ دەیانکرد بە کۆشک و تەلار و شار.

کە لەبەغدا بوویت و سەرمات بوو، بێ دوودڵی، خشت و بەردی هەر کۆشک و تەلارێکت بینی، راست دەریبێنە و بیسووتێنە و خۆتی پێ گەرم بکەرەوە، چونکە ئەوە سەد ساڵە بەنەوتی کوردستان بونیادنراوە و ئاوەدانی دەکەنەوە.

ساڵی ١٩٩١ کاتێک ڕاپەڕینمان کرد، داگیرکەرمان وەدەرنا ، ٤٥٠٠ گوندی وێران و دوو گەمارۆی ئابووری (جیهانی و عێراق)یمان بۆ بەجێ مابوو، کەچی لەماوەی ١٢ ساڵدا، داهات و بژێوی خۆمان زۆر باشتر وەک لە عێراق خۆی دابین کرد، بگرە لەساڵی ٢٠٠٣ دا، داهات و مووچەی فەرمانبەرێکی سادەی هەرێمی کوردستان ١٠ قات و بگرە ١٠٠ قاتیش لە مووچەی فەرمانبەرێکی عێراقی زیاتر بوو.

ئیتر بۆ دەبێت ئێستا پێمان وابێت کە بەسەربەخۆبوونمان برسی دەبین؟!!

**********

(*) تەغار: یەکەیەکی كێشان یا پێوانی دەغڵودانە کە لە هەر ناوچەی ئەندازە و ڕادەکەی جیاوازی هەیە وەک (چوار پوت - ٦٤ کیلۆ- ١٠ کیلۆ- ٣ ڕبە - ٤٠ ڕبە - ٢ تەن...)

(**) کرماندن: خواردنی شتێکی رەقی تاراددەیەک ناسک.