ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سڵاو ئه‌زیزم ...له‌هه‌واڵت پرسیوم ، زۆر سوپاس من هێشتا له‌م ووڵاته‌دام ، یانی هه‌رێمی كوردستان ،هه‌ندێكیش پێده‌لێن باشوری كوردستان . به‌هه‌رحاڵ درۆ ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر بڵێم حاڵم باشه‌ ..به‌ڵام واڕاهاتووین ده‌ڵێین سوپاس زۆر باشم .

ئه‌زیزی من .. 

به‌ڕاستی لێره‌ زۆر شت بۆته‌ ئاوات ،وه‌ك بوونی وزه‌ی كاره‌با و ئاوی خواردنه‌وه‌ و پێدانی هه‌قده‌ستی كاركردن به‌فه‌رمانبه‌ران و كارگوزارانی میری ، زۆریش فێره‌ دوعا و پاڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وام بوون له‌خوای گه‌وره‌ بۆئه‌وه‌ی پاش چه‌ندین ساڵ له‌ ته‌واو كردنی زانكۆ و په‌یمانگا كارێكیان ده‌ست بكه‌وێت ..به‌ڵام كورد ووته‌نی (ئه‌گه‌ر به‌دوعا ده‌بوو ، پشقل به‌ خورما ده‌بوو ) .

هاوڕی گیان !

من هه‌ر له‌ماڵه‌ كۆنه‌كه‌ و كۆڵانه‌ كۆنه‌كه‌ و گه‌ڕه‌كه‌ی خۆمان ماووم ، زۆرێك له‌ماڵه‌ دراوسێكانمان چونه‌ته‌ شار ، دراوسێ ی تازه‌م بۆپه‌یدابوون ، لێره‌ ژیان زۆر سه‌خت بووه‌ ، خه‌ڵك ترسی هه‌یه‌ له‌به‌ر بێكاری نانی ده‌ست نه‌كه‌وێت بیخوات . زۆریش هه‌ن چه‌ندین ئیش ده‌گرن به‌ده‌سته‌وه‌ و هێشتا هه‌ر ڕاكه‌ ڕاكه‌یانه‌ ...به‌ڵێ هه‌شن به‌جلوبه‌رگی تازه‌وه‌ ، جاربه‌جارێ دێنه‌ ناو چایخانه‌كانی شاره‌وه‌ به‌شی هه‌موومان ده‌ده‌نه‌ قاقای پێكه‌نین .

ڕاسته‌ ئێمه‌ش حكومه‌تمان هه‌یه‌ !به‌ڵام چ حكومه‌تێك ، هاووڵاتی و پووشی به‌ربای له‌لا وه‌ك یه‌كه‌ . ڕاسته‌ غه‌می هه‌یه‌ به‌ڵام غه‌می كه‌ڵه‌كه‌ كردنی سه‌رمایه‌ ، نه‌ك باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان . 

ئه‌م حكومه‌ته‌ هێنده‌ عه‌نتیكه‌یه‌ ، كارێكی كردوه‌ هه‌ موومان بوینه‌ته‌ لێكۆڵه‌ری سیاسی ، كه‌ ده‌ڵێم هه‌موومان بڕوام پێبكه‌ خۆزگه‌ لێره‌ ده‌بویت ؟له‌ چایخانه‌كاندا ئاگادار ده‌بویت و به‌چاوی خۆت ده‌دیت چۆن چایخانه‌كانی شار پڕبوه‌ له‌ لێكۆلیار و چاودێری سیاسی .چۆن به‌ده‌م فڕكردنی چای شیرین و تاڵه‌وه‌ شه‌ن و كه‌وی هه‌واڵه‌ گه‌رماوگه‌رمه‌كانی ڕۆژ ده‌كه‌ن ؟ 

ئێستا ئه‌مشاره‌ چایخانه‌ داگیری كردوه‌ ، هێنده‌ خه‌ڵكی بێكار شاره‌كه‌ی ته‌نیوه‌ به‌شی ده‌یان چایخانه‌ی تر موشته‌ری ده‌ست ده‌كه‌ون . كتێبخانه‌ گشتیه‌كه‌ی شار هێنده‌ خوێنه‌ری كه‌مبۆته‌وه‌ درۆ ناكه‌م ئه‌گه‌ر بڵێم به‌ درێژایی وه‌رزێكیش به‌قه‌د ژماره‌ی كارمه‌نده‌كانی خوێنه‌ر ڕووی لێنانێت . نازانم چیت بۆ بنووسم . بڕوات بێت ڕه‌نگه‌ لای تۆ ناسیاو و هاوڕی و دۆسته‌كان زیاتر بن تا به‌ئێره‌ . من له‌م شاره‌ له‌ غیابی هاوڕیكانما به‌ ته‌نیا ماومه‌ته‌وه‌ و به‌ نیازی تازه‌ ڕه‌فیقم .

ئه‌زیزه‌كه‌م ..

ئه‌وه‌ی له‌م ووڵاته‌دا بیه‌وێت ئیسراحه‌ت لێ ی ڕابكشێت ، ده‌بێت هه‌رچی زوتره‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ گۆڕستان یانی به‌كوردییه‌كی خۆمان له‌م ووڵاته‌دا تا نه‌مری ئیسراحه‌ت ناكه‌ی .

زۆر شت ماوه‌ و من كه‌مم ووت ، گه‌ر خواكردی هاتیته‌وه‌ زۆرتر قسه‌ ده‌كه‌ین .

هه‌ر شاد بیت .