ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەپەنای کێوەڕەشی زبرو سەختدا شارە بزێوەکەی کوردستان رانیە وەک پیرەمێردی ساڵدیدەی زەمان، لەگەڵ ئاهە ساردەکانی خۆیدا خەمساردی دەسەڵاتی کوردی دەژمێرێ. 

بەراورد بەساڵانی پێشوو کواڵیتی ژیان زۆر رووی لە کزیی کردوە، وەک هەموو شاروشارۆچکەکانی تری کوردستان بزەو خەندە ونە، لەهەموو سوچ و کافێ و سەرشەقامێکدا خەڵکەکەی نیگەرانی و گلەیی دەبارێنن و دەردە دڵی خۆیان بەیان دەکەن. لەم دەڤەرە مادەی هۆشبەر مەترسی لەسەر ژیانی گەنجان دروستکردوە بەتایبەتیش پشدەر، دەڤەرەکە وەک راڕەوی بردن و هێنانی مادەی هۆشبەری لێهاتوە بەتایبەتی لەمبەرو ئەوبەری سنوری ئێرانەوە. کەدەچیتە ناوسەنتەری شار تەواو نەبوونی جادەی ناوبازاڕی رانییە سیمای ناو شارەکەی شێواندوەو، نەبوونی دەسەڵاتی نامەرکەزیی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تەواو نەبوونی پرۆژەکە.

تەواو نەبووی پرۆژەی ئاوی دەربەندیش کە زیاتر لە دەساڵە راگەیەنراوەو زیاد لە جارێک گوژمەی بۆ تەرخانکراوە یەکێکی ترە لە گلەییەکانی خەڵکی دەڤەری بتوێن. بەتەواوبوونی ئەو پرۆژەیە گرفتی ئاو لە رانییەو حاجی ئاواو چوارقوڕنەو سەروچاوەش لە ئایندەدا ناهێڵێ.

بێکاریی سەرچاوەیەکی تری نیگەرانییەکانی گەنجانە، هەر بۆیە کۆچی گەنجان لەم دەڤەرە بووەتە دیاردەو پۆل پۆل گەنجە خوێن گەرم و هەناسە ساردەکانی نیشتمان، رێگای ئاوارەیی و هەندەران دەگرنەبەر! ئێوارەیەکی خەمگینم لە ۲۸/۷/۲٠۱۷ لەم شارە لەگەڵ چەند گەنج و هاوڕێدا بەڕێکرد. بەشێک لەخەمەکان، خەمی بێ ئومێدبوونە لەم دەسەڵاتە سیاسیەی کوردستان بێ متمانەیی بە حکومەتی کوردستان . ئەم گرفتەش وەک هەوری هەرێمگیرە، لەگەرمیانەوە بۆ هەولێرو کەرکوک و رانیەو سۆران یەک گرفتە، بەکەمێک جیاوازییەوە. دەروازەی راپەڕین بەناو ئیدارەی سەربەخۆیەو چەندین ساڵە تایبەتمەندی کارگێڕیی دراوەتێ، بەڵام ئەم فەرمانە تەنیا لەسەر کاغەزەو رەنگدانەوەی لەسەر گەشەکردنی کرداریی دامودەزگاکانی حکومەت نەبووە، دائیرەکان سەربە پارێزگای سلێمانین، بەڕێوبەرایەتیەکان نەکراون بەگشتی. راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیراندا ناکەن هاوشێوەی ئیدارەی گەرمیان، هاوشێوەی گەرمیان بەڕێوبەرایەتیەکانیان گشتی نیین! 

لەگەرمیان بۆ دەرکردنی پاسپۆرتیش سەردانی سلێمانی و هەولێر ناکرێ. واتە لەگەرمیان پاسپۆرتیش دەردەکرێت. ئەی دەروازەی ئازادیی و دەروازەی راپەڕین بۆ لەم دەستکەوتە ئیداریی و کارگێڕیانە بێ بەشە؟!؟!

ئەمانە هۆکارە سەرەکیەکانی توڕەیی دەروازەی راپەڕینن. لەپاڵ خەمە گەورەکەی نەمانی پردی متمانە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان..

لەشارو دەڤەرەکەی عەلی نەبی و مەلا نەجم و محەمەد سوڵتان و سەلاح دیلمانی و مامۆستا مەهدی ئێوارەیەکی خەمگینم بەڕێکرد