ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆران هەڵەبجەیی (ئەلبانیا)

بەشی 1

لەسەردەمی لاوێتیمدا کە هاودەم سەرەتای ئاشابوونم بوو بە فکری چەپ ،کە پاشان لە نێو حیزبی شێوعی عێراقیدا خۆم بینیەوە، زۆر ئارەزووی زانیارم دەکرد دەربارەی حیزبە شوعیەکانی جیهان بە تایبەتی ئەو حیزبانەی لە دەسەڵاتدا بوون.

لەو دەمەدا چەند دیدو بۆچوونێکی جیاواز و شرۆفەی جیاواز بۆ مارکسیەت،هاوکات بۆ گەشتن بە سۆشیالزم لە ئارادا بوون کە گرنگەکانیان ئەمانە بوون :

یەکێتی سۆڤیەت لە گەڵ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات کە لەو دەمەدا ( لیۆنید برجنێڤ)سەرکردایەتی ئەم بلۆکەی دەکرد .چین (ماوتسی تۆنگ)بە هاوسۆزی و نزیکی کۆریای باکوور.یۆگۆسلاڤیا بە ڕابەرایەتی (تیتۆ).وە ئەلبانیا بە ڕابەرایەتی (ئەنوەر خۆجە.)

پاشان ئەورۆشیوعیش پەیدا بوو کە هەردوو حیزبی شیوعی فەرەنسی و ئیتالی پێشەنگی بوون.

سەیر لەوەدا بوو لە ناوخەڵکدا وا باو بوو بە سۆڤیەتیان دەگووت (سلمی) بەڵام بە نەگەتیڤ.

وە بە چینیان دەگووت (پوری) واتە شۆڕشگێڕ بە پۆزەتیڤ.

پاشان دەرکەوت نە ئەم لا تەواو سلمی بوو نە ئەولاش تەواو پوری بوو.

لەوەش گرنگتر دەرکەوت کە تێڕوانینیان بۆ فکری مارکس خلافی لەسەر نیە ،بەڵکو زیاتر خلافەکان سیاسی و دبلۆماسی و هەندێک جاریش ئابووری بوون.

 

لە کۆبوونەوە حیزبیەکانماندا زۆر لەسەر ئەزموونی ئەلبانیا دەوەستاین .هەبوو ستایشی دەکرد کە بەتەنها و بە پشتبەستن بە خۆیان توانیویانە بینای سۆشیالست بکەن.هاوکات دژی ولاتانی سەرمایەداری بوەستنەوە.

هەبوو لە نێوماندا کە من یەکێک بوو لێیان دەمانگووت ئەزمونێک سەرناگرێت کە لە یەک کاتدا دژی هەموو جیهان بێت .دەەمانگووت ئەزموونێک سەرناگرێت کە هەموو قوتابخانە فیکریەکانی شوعیەت بە هەڵە بزانێت و تەنها هەر خۆی بەڕاست بزانیت. دەمانگووت بینای سۆشیالست پێوستی بە پەیوەندی و ئاڵووگۆڕی ئابووری ،بازرگانی، ڕۆشنبیری و وەرزشی و زۆر بواری دیکە هەیە.

ئەوەی زیاتر ئێمە لەگەڵیدا نەبووین ،دژایەتی کردنی ئەنوەر خۆجە بوو بۆ سۆڤیەت و وڵاتانی دیکەی سۆشیالست ،چونکە لەکن ئیمەی گەنجی پڕ لە وزەی (ڕۆمانسیەتی پوری) ،سۆڤیەت قیبلەی شوعیەکان بوو،دژایەتیکردنی مەقبول نەبوو .

ئەوەی ڕاستی بێت زانیاریەکانمان دەربارەی ئەلبانیاو ژیانی خەڵکەکەی زۆر کەم بوو ،تەنا سەرچاوە ڕادۆیۆکانی جیهان ،بەتایبەتی عەرەبیەکا بوون کە ئەوانیش زۆر بە سلبی باسیان دەکرد و وێنەیەکی زۆر ناشیرینیان دەربارەی نیشان دەدا. هۆكاری نەبوونی زانیاری بۆ ئەوەبوو چونکە ئەلبانیا وڵاتێکی داخراو بوو ،تەنها خەڵکەکەی ناوەوە دەینزانی چی دەگوزەرێت.

لەگەڵ هەرەس هێنانی بلۆکی سۆڤەیت و ئاوابوونی خۆری ئەو دەسەڵاتە شوعیانە،هاوکات ئەزموونە تاقانەکەی ئەنوەر خۆجەیش ساڵی (١٩٩١)هەرەسی هێناو بە دوایادا دەروازەی ئەلبانیا بەڕووی جیهاندا کرایەوە،کە ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاری لە زۆر بواردا.

خودی ئەنوەر خۆجە ئەو داڕمانەی نەدیت ،چونکە ساڵی ١٩٨٥ بە هۆی نەخۆشی و پیریەوە کۆچی وایی کرد.

چاوەڕێی بەشی دووەم بن