ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

( حکومەتی هەرێم توانیویەتی کارەبا بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێم دابین بکات و بیر لە هەناردە کردنیشی بۆ پارێزگاکانی درواسێ دەکاتەوە ) ، ئەوە قسەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودایە لە ئەمریکا ،بەرێز ( بەیان سامی عەبدولرەحمان ) لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی (کوردستان هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکایە )کە لە ٢٩ /٧/ ٢٠١٧ لە واشنتۆن بەرێوە چوو.

بەراستی ئەو قسە و لێدوانە بەربادەی نوێنەری حکومەتە ساواکەی هەرێمی بەتەمای خودا ( ئەو حکومەتەی کە سەلماندی قەت گەورە نابێت ) مایەی پێکەنینە ، بەڵام چ پێکەنینێک ....؟ ، یان باشتر بڵێم دەشێت ببێتە خۆشترین نوکتەی ساڵ ، بەدڵنیایەوەش خەڵاتی یەکەمیش بەدەست دێنێت و دەبێتە بنێشتە شینکەی سەر زاران . 

داپیرم گووتەنی ، لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵەوات ، دیارە نوێنەری حکومەتە پۆشتەکەمان ، یان ئاگاداری باری گوزەرانی خەڵکی هەرێمی بەتەمای خودا نییە ، یان دەیەوێت بەو قسانە دۆستەکانی هەرێم بخەلەتێنێت و چەواشەیان بکات و بلێت : حکومەت هەمیشە لە حزمەتی خەڵک دایە ، بەڵام ئەوە خەڵکە نارازییەو چاوی ئەو دەستکەوتانە نابێنێت کە حکومەت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بەدەستی هێناوە . 

لێرە دەمەوێ بەڕاشکاوی بەو بەرێزە بڵێم : کارەبای هەرێم یان ( کارەبای نیشتمانی یان ترافیکی نیشتمانی )، وەک سەرۆکی هەرێم ماوەی بەسەر چووەو تەزووی کارەبای لێ براوە ، ئەگەر وزەی کارەبای ( مولیدە ئەهلییەکان ) نەبوایە کە هاووڵاتیان بە چارەگە موچە دابینی دەکەن ، ئەوا ئێستا لەگەرمان، لە بێ ئاوی ، لە بێ مووچەیی ، لە گرانی ، لە بێکاری ، هەموومان بیلبتوون لە کاوڵە خانووەکانمان ( خەفە ) ببووین و لە یەخەی ئەو حکومەتە بێ ئامانە ببووینەوە ؟ 

بەرێز بەیان ، کارەبای هەرێم تەنها لە ( رۆتانا و دیڤان و شیراتۆن و لە ڤێلاو قەسەرو مەزرەعەی بەرپرسە پۆشتەکانتان) کە زۆربەی خەلکی هەرێم بەخەونیش نایبینن هەیە ، نەک لە گەرک و شوێنە بێ نازەکانی دیکەی هەرێمی بەتەمای خودا کە بێ کارەبایی و بێ ئاوی و بێ مووچەیی هەراسانی کردووە.

من لێت ناگرم ، چونکە تۆ نوێنەری حکومەتێکی تا سەرئێسقان گەندلی ، ئەو حکومەتەی لەبری ئەوەی داوای لێبوردن لەخەڵکی بکات و ددان بەشکستی حوکمڕانی زیاتر لە ٢٥ ساڵی رەبەقی خۆی دابنێت ، لەبری ئەوەی لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی خەڵک بێت و لە نەهامەتییەکانیان کەم کاتەوە ، رۆژ لەدوای رۆژ دووچاری کێشەو قەیرانی دیکەی دەکات و قەرزی ( هالک بانک و دانا غازی ) لەسەر کەلەکە دەکات و بە گرێ بەستی دۆراو ماڵ وێران تری دەکات . 

لەوەش گەرێ ، حکومەتێک بە ٢٥ ساڵ تەمەنییەوە ، بە خاکێکی بەپیتەوە ، بە نەوت و گازی زۆرەوە ،نەک تەنها نەیتوانیووە گوزەرانی خەڵکەکەی باشتر بکات ، بەڵکو رۆژ دوای رۆژ برسی ترو ماڵ وێران تری دەکات ؟ 

ئێ خۆ بەزۆری نییە ، ٢٥ ساڵە حکومەتەکەمان هەر ساوایەو گەورە نابێت ، ٢٥ ساڵە حکومەت درۆ دەکات و ڕاستی ناڵێت ، ٢٥ ساڵە حکومەت هەر لەسەر سک دەخشێت و پێ ناگرێت ، ٢٥ ساڵە هەر دەدزێت و گیرفانی پڕ نابێت . 

بۆیە لەکۆتایی ئەم چەند وشەیە و بەر لەوەی کارەبا بکوژێتەوەو لەگەرما وبێ ئاوی ئەو هاوینە بێ ئامانەدا ، ئەو تەحەمولەی ماومە لەدەستی بدەم و وەک شێت یەخەم بدڕم و بەچۆلێ بەکەوم ، دەمەوەێ بەراشکاوی بەنوێنەرو ڕاوێژکار و وتەبێژە ئەفەندی و خاوێن و تێروپۆشتەو گیرفان پرەکانی حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا بڵێم :

حکومەتێک پارەی یەک مانگی موچەی کارمەندانی نەبێت و پلانی نیشتیمانی درێژخایه‌نی پشتگوێخستبێت وهەتا نووسینی ئەم وتارەش کاربەڕێکەربێت ، گازی‌ هه‌رێم (به‌سێ‌ جار) هه‌رزانتر له‌گازی‌ وڵاتانی‌ تر به‌دەوڵەتی توركیا بفرۆشێت وداهاتی نەوت نەهێنرێتە ناو بودجەی گشتی ساڵانەی هەرێمی کوردستان ،حکومەتێک هەست بە بەرپرسیاریەتی نەکات بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی باڵای کوردستان و خۆی بە پارێزەری ئازادی و کەرامەتی هاووڵاتیانی کوردستان نەزانێت ،حکومەتێک لە هەڵەکانی فێر نەبێت ،حکومەتێک ئەو هەموو نوێنەرە ( ناڕاستگۆیانەی ) هەبێت ، بەدڵنییاییەوە حاڵی هەرێمی بەتەمای خودا لەوە باشتر نابێت .