ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوور له‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانی CNN و BBC و میدیاكانی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری ، ئه‌وه‌ی له‌ ڤه‌نزویللا رووده‌دات له‌ په‌یوه‌ندی نێوان تاك و ده‌سه‌ڵات و ئه‌و ئاژاوه‌گێڕیه‌ی به‌ ده‌ست له‌ پشتدانی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته‌ به‌رپاكراوه‌ ، له‌ هه‌موو دنیادا و ره‌نگه‌ به‌ درێژایی مێژووش ، ئه‌زموونێكی ده‌گمه‌ن بێت .

ده‌گمه‌نی رووداوه‌کانی ڤه‌نزویللا له‌وه‌دایه‌ ده‌سه‌ڵێ‌ت پارێزه‌ری ماف و ژیان و گوزه‌ران و بژێوی خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و نه‌داره‌که‌یه‌ و له‌ رێگای پرۆسه‌یه‌که‌وه‌ که‌ ناوی نراوه‌ (مشته‌کۆڵه‌ی ئاسنین) ، رێگری له‌ سه‌رمایه‌دار و بازرگانانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌کاات به‌ ویستی خۆیان قۆرخی بازاڕ و ئابووری بکه‌ن و چۆنیان بوێت ئاوا خه‌ڵک بڕوتێننه‌وه‌ .

ئه‌وانه‌ی دێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌و لاچوونی مادۆرۆر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كورسی حوكم ، ئه‌و ورده‌ بۆرژواو بازرگان و قۆرخكارانه‌ی بازاڕن و ده‌یانه‌وێت حکومه‌ت ملکه‌چی مه‌رجه‌کانی ئه‌مه‌ریکاو سه‌ندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی بێت و که‌رته‌ گشتیه‌کان به‌ تایبه‌تی بکرێن و هه‌ڕاج و هه‌رزان فرۆش بکرێن ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌رتانه‌ بخه‌نه‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.

حكومه‌ت رێگری له‌ مشه‌خۆران ده‌کات به‌ ویستی خۆیان یاری به‌ نرخ و بازاڕبكه‌ن و له‌سه‌ر حیسابی قوتی خه‌ڵك سه‌رمایه‌ی زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر و گرانی بخه‌نه‌وه‌ له‌ وڵاتدا ، سه‌ركرده‌كانیان له‌ گه‌ڕه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندنشینه‌كان فه‌رمانیان پێده‌كه‌ن و خه‌ڵكی كۆنه‌پارێز و گه‌وره‌ سه‌رمایه‌دارانن و له‌سایه‌ی سیاسه‌تی ئابووری ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می هۆگۆ چاڤیزه‌وه‌ تا ئێستا سنوورێك بۆ ته‌ماحكاری و چاوبرسیه‌تیان دانراوه‌ و ناتوانن جوڵه‌بکه‌ن .

ئه‌وانه‌ی رۆژانه‌ش دێنه‌ سه‌رشه‌قام و به‌ره‌نگاری ئاژاوه‌چیه‌كان ده‌بنه‌وه‌ و داکۆکی له‌ حکومه‌ت و به‌هاکانی هۆگۆ چاڤیز ده‌که‌ن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێشه‌ن ، له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانه‌وه‌ دێنه‌ ده‌رو ده‌زانن ئامانجی به‌ره‌ی دژه‌ده‌سه‌ڵات سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و بوژانه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار فه‌راهه‌م كراوه‌ و داكۆكی له‌ پارووه‌ نانی خۆیان و هاوچینه‌كانیان ده‌كه‌ن .

له‌ دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ ، ره‌نگه‌ یه‌كه‌مین جاربێت خه‌ڵكی هه‌ژار داكۆكی له‌ حكومه‌ت بكات و به‌هی خۆی بزانێت .