ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خواردن، یه‌كێكه‌ له‌ سرووته‌ ڕۆتینییه‌كانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤ‌. به‌ڵام سرووتێكه‌ كه‌ ڕووی ئایدۆلۆژیی هه‌یه‌ و نابێت هه‌روا به‌لایدا تێپه‌ڕین. خواردن له‌ سه‌ره‌تادا، پرۆسه‌یه‌كی بێلایه‌نی بایۆلۆژی و فیسۆلۆژییه‌، به‌ڵام دواتر له‌ كات و شوێنی جیاجیادا ڕه‌هه‌ندی ڕه‌مزی و ئایدۆلۆژی وه‌رده‌گرێت.

"شوێنی تایبه‌ت به‌ خێزان"، كه‌ له‌ خواردنگه و چێشتخانه‌كان‌(مه‌تعه‌م)دا هه‌ڵواسراوه‌، جۆرێكه‌ له‌ هه‌ڵاوێردی ڕه‌گه‌زی، واته‌ هه‌ڵاواردن و جیاكردنه‌وه‌ی ژن و پیاوه‌ له‌ یه‌كتر. ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌ به‌ مانایه‌ك له‌ ماناكان، به‌ده‌زگاییكراوه‌. واته‌ جیاوازییه‌كه‌ له‌ ده‌زگایه‌كی وه‌ك چێشتخانه‌دا هه‌ڵكۆڵراوه و جێگیركراوه‌ و شه‌رعیه‌تێكی شاراوه‌ی وه‌رگرتووه‌. هاوكات له‌ڕووی ئایدۆلۆژییشه‌وه‌، به‌رزدانانی خێزانه‌ به‌سه‌ر تاكه‌كه‌سدا، ئه‌ویش تاكه‌كه‌سێكی نێر. تاكه‌كه‌سی نێر لێره‌دا ئیستیسنا و ئاوارته‌یه‌، توخمێكی ده‌ركراو و فڕێدراوه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ڕێزی زۆره‌، ژن نیه‌ وه‌ك تاك، به‌ڵكو خێزانه‌ وه‌ك ده‌زگایه‌ك كه‌ به‌رده‌وامی به‌ كۆڵه‌كه‌ ئایدۆلۆژییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌دات. لێره‌دا كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆنه‌پارێزی ئیسلامی هه‌یه‌، كه‌ تێكه‌ڵ به‌ ڕووه‌ جیهانییه‌كه‌ی سه‌رمایه‌داری بووه‌. لێره‌وه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌ بیری خۆمان بخه‌ینه‌وه‌، كه‌ جێگه‌یه‌كی وه‌ك چێشتخانه‌ش بێلایه‌ن نیه‌ به‌ڵكو شوێنێكی كۆدڕێژكراوی ئایدۆلۆژییه‌. به‌ سه‌ردانكردنی چه‌ندباره‌ی خه‌ڵكیش بۆ ئه‌م شوێنه‌، ئه‌وه‌ له‌ نائاگاییاندا ده‌چه‌سپێت كه‌ ژن و پیاو دوورن له‌یه‌كتره‌وه‌ و خێزانیش شكۆیه‌كی زیاتری له‌ "تاكه‌كه‌سی نێر" هه‌یه‌.

كاتێك دیارده‌ ئایدۆلۆژییه‌كان له‌ ده‌زگاكاندا خۆیان جێگیرده‌كه‌ن، ئیتر سێ خاڵ جێی سه‌رنجه‌:

1) ڕووی ئایدۆلۆژیی دیارده‌كان ونده‌بێت، چونكه‌ ده‌زگاكان كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌عنه‌وییان هه‌یه‌ نه‌ك شه‌خسی و بینراو.

2) ده‌زگاكان وه‌ك قه‌شه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ڕۆڵی وه‌رگرتنی دانپیانان(اعتراف) وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ.

3) ده‌زگاكان، مادیبوونه‌وه‌ی ڕه‌فتاره‌كانمانن و له‌ڕێگه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌وه‌ تۆڕێكی تۆكمه‌ی ئایدۆلۆژییمان بۆ درووستده‌كه‌ن.

گه‌رچی ئه‌مڕۆ له‌ڕێگه‌ی پێچه‌وانه‌كه‌شیه‌وه‌(واته‌ تێكه‌ڵكردنی نمایشییانه‌) هه‌ر ناگه‌ین به‌ ڕزگاری، چونكه‌ ئه‌وه‌ش جۆرێكی تره‌ له‌ بازاڕدۆزی و به‌كاڵاكردن و ڕاگرتنی دڵی چینه‌كانی سه‌ره‌وه‌.