ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی (3-4)

ناکۆکی و تێکچونی پەیوەندی نێوان ئەلبانیاو هەریەک لە سۆڤیەت و چین

پاش جەنگی دووەمی جیهانی و گرتنی دەسەڵات لە لایەن شوعیەکانەوە لە ئەلبانیا،سۆڤیەت هاوکارێکی باش و پلە یەک بۆ بۆ ئەلبانیەکان ،ئەویش بە مەبەستی بونیاد نانەوەی وڵاتی وێران داڕماو .

هاوکاریەکان هێندە مەزن بوون ئەو وڵاتە جگە لە بونیات نانەوە گەشەی خێرای کرد. ئەم هاوکاریانەش هەموو لە لایەن ستالینەوە دەکرا. بۆیە ئەنوەر خۆجە بەردەوام ستایشی ستالین و سۆڤیەتی دەکرد بۆ ئەو هاوکاریانەیان.

دەمێک ستالین کۆچی دوایی کرد (١٩٥٣) زیانێکی گەورە بەر ئەلبانیا کەوت.سێ ڕۆژ ماتەمینیان بۆ ڕاگەیاند.پاش کۆچی دوایی ستالین خرۆشۆف دەسەڵاتی وەرگرت .ئەم بێ ئاگادارکردنەوەی ئەنوەر خۆجە هاوکاریە ئابووریەکانی زۆر کەم کردەوە .ئەمەش بەهۆی هەڵوێستی ئەنوەر خۆجەوە بەرامبەر بە ستالین.ئەنوەر خۆجە بەردەوام بوو لە شتایسکردنی ستالیندا ،ئەمەش هێندەی دیکە خرۆشۆفی بێ زار کرد. بۆیە لە کۆنگرەی (٢٠) ی حیزبی شیوعی سۆڤیەتدا خرۆشۆف ئیدانەی کارەکانی ستالینی کردو ڕەخنەی لەوانەش گرت کە تاک پەرستی دەکەن ،دیارە لێرەدا مەبەستی ئەنوەر خۆجە بووە. پاشان یەکیەتی سۆڤیەت بەیانی (پێکەوە ژیانی ئاشتیانە)ی لەگەڵ وڵاتە سەرمایەداریەکاندا دەرکرد.ئەم کارە ئەنوەر خۆجەی بێزار و توڕە کردو بە ئاشکراش سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی کرد . لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی حیزببەکەیاندا ساڵی ١٩٥٦ ئەنوەر خۆجە لە وێدا خرۆشۆفی بە تەحرفی ناوبرد .بۆیە خرۆشۆف وەک سزایەک لەسەر ئەو وتانەی ،هەرچی کەسانی پسپۆری سۆڤیەتی هەبوون لە ئەلبانیا هەموویانی کێشایەوە. بەمەش پەیوەندیەکانی نێوانیان گەشتە ئاستێکی زۆر ئاڵۆز تا ئاستی دابڕان. بێگومان هۆکاری دیکەش هەبوون کە لێرەدا جێگەی باسکردنیان نابێتەوە.

پاشان ئەلبانیا ڕووی کردە چین ،لەو دەمەشدا چین و سۆڤیەت ناکۆکی مەن لە نێویاندا هەبوو، بۆیە چین بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە ئەلبانیا کرد.چینیش بە هەمان شێوەی سۆڤیەت جۆرەها هاوکاری گەیاندە ئەلبانیا،پسپۆرەکانیان بەتابەتی لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵدا جێکەی پسپڕۆە سۆڤیەتیەکانیان گرتەوە.

دیسان ئەم (مانگی هەنگونیە)ی نێوانیان زۆری نەخایاند و ئاڵۆزی تێکەوت.هۆکارەکانیش زیاتر مەبدەیئ بوون.

سەرەتای ساڵی حەفتای سەدەی ڕابردوو چین بڕوای بە (پێکەوە ژیانی ئاشتی) هێنا لەگەڵ ئیمپریالزمی ئەمریکیدا .ئەوەبوو ساڵێک دواتر نیکسۆنی سەرۆکی ئەمریکا ی ئەو دەمە سەردانی چینی کردو کۆمەڵێک ڕێکەوتننامەیان واژۆکرد.

هەروەها لە ململانێی جەنگی سارددا چین بێلایەنی هەڵبژارد.

ئەم ڕووداوانە بەدڵی ئەنوەر خۆجە نەبوون ،بۆیە نەیتوانی بێدەنگ بێت، لەوبارەوە نامەیەکی بۆسەرکردایەتی چین نارد، تێیدا 

لە مەترسیەکانی نزیکبوونەوە لە ئیمپریالزم ئاگاداری کردنەوە و ئەو کارانەی بەهەڵە ناوزەند کرد.

بەڵام چینیەکان ئەو ڕەخنەیان قەبوڵ نەکردو لە ڕێگەی کەم کردنەوەی هاوکاریە بازرگانیو ئابوریەکانەوە سزای ئەلبانیایان دا.پێدەچێت بۆیان نەنگی بووبێت وڵاتێکی گچکەی وەک ئەلبانیا ڕەخنە لە وڵاتێکی مەزنی وەک چین بگرێت.

دوای کۆچی دوایی ماو ،ئەنوەر خۆجە ئومێدێکی بە چاک بوونی پەیوەندیەکان هەبوو بەڵام جێگرەوەکانی ماو لەماو خراپتربوون بەرامبەر بە ئەلبانیا .

ئیدی ئەنوەر خۆجە بۆی دەرکەوت کە بەردەوامیی پەیوەندی لەگەل چیندا بێ سوودە.

دەبینین بەم جۆرە ئەلبانیا سێ هاوپەیمانی گرنگ و مەزنی یەک لەدوای یەک لەدەستدا، (یۆگۆسلاڤیا ،سۆڤیەت، چین) ،هاوکات بلۆکی سۆشیالیستیش لە ژێر فشاری سۆڤیەتدا هەمان هەڵوێستی سۆڤیەتیان هەبوو.

سەبارەت بە وڵاتانی ئەورپای ڕۆژئاواش پەیوەندەیکانی لە گەلیاندا زۆر کەم لاواز بوو.بەهەمان شیوەش لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەکانیشدا یەک دوو وڵاتی لێدەرچێت ،پەیوەندی لەگەڵ زۆربەیان خراپ بوو ،بە نۆکەری ئەمەریکا ناوزەندی دەکردن.

بەم جۆرە وڵاتی ئەلبانیا لەو دەمەدا کەوتە تەنهاییەکی گەورەوە .

گەر لە هۆکارەکان بگەڕێین دەتوانم بڵیم دوو لایەنە بوون .یۆغۆسلاڤیا ،سۆڤەیت ،چین ئەم سێ وڵاتە زیاتر بەهۆی هەڵوێستی سیاسی ئەنوەر خۆجەوە دژایەتی ئەلبانیایان کرد ،هاوکات هاوکاریە ئابوریەکانیشیان بڕی. بەڵام گەر بەدیوەکەی تردا سەیری بکەین ،ئەنوەر خۆجەش بەشی هەبووە لەو قەیرانەدا. بۆنمونە سۆڤیەت یا چین چ جۆرە پەیوەندیەکیان لەگەڵ ئەمریکا یا ئەوروپای ڕۆژئاوا هەبووبێت ،گەر باش بێت یا خراپ ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبووە ،دەچێتە خانەی ئازدی پەیوەندی ئەو وڵاتانەوە ، بۆیە پێوستی نەدەکرد ئەنوەر خۆجە هێندە خۆی بەو مەسەلانەوە خەریک بکات و هاوکاریەکانی ئەو وڵاتانە بۆ ئەلبانیا بکاتە قوربانی ئەو جۆرە هەڵوێستانە.

بەڵام دیارە ئەو مەسەلانە لەکن ئەنوەر خۆجە مەبدەئی بوون و سازشکردن لەسەریان جێگەی قەبوڵکردن نەبووە.

ئەنوەر خۆجە پێی وابووە هەر پەیوەنیەک لە گەڵ ئیمپریالزمدا بەتایبەتی لە بواری سیاسەتدا لەسەر حسابی فکر و بەرنامەو ئامانجەکانی شوعیەت دەبێت.

پاش ئەم قەیرانە قوڵەی بواری پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا ئەلبانیا دووچاری کێشەی ئابووری بوویەوە ،بەڵام چۆکی دانەداو بەردەوام بوو لەسەر ڕێبازەکەی .

ئاستی گەشەی ئابووری لە وڵاتدا دابەزی ،زۆربەی بوارەکان سستیان بە خۆوە دی ،لێ هەوڵی سەرکردایەتی بەردەوام بوو دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤ و زاڵبوون بەسەر ئەو تەنگەژانەدا ،ئەوەیش بە درووشمی(پشتبەستن بە خۆ.)

جا تا چ ڕادەیەک لە جێبەجێ کردنی ئەو درووشمەدا سەرکەوتووبوون ئەوە هەڵدەگرین بۆ بوارێکی دیکە.

 

بەشی (4)

ئەنوەر خۆجە چی بۆ گەلی ئەلبانیا بەدەست هێنا؟

من هەرگیز وەسف و سەنای هیچ ڕژێمێکی نادیموکراتی ناکەم ، سەرکۆنەی هەر دەسەڵاتێکیش دەکەم کە مافی مرۆڤی وڵاتەکەی پێشێل بکات.

جا هیوادارم بە هەڵە لێم تێنەگەن کە گوایە من سەرسام بووم بە دەسەڵاتەکەی ئەنوەر خۆجە ،بەتایبەت دەمێک دەسکەوتەکانی دەسەڵاتەکەی یاداشت دەکەم ،چونکە ئەوە حەقیقەتەو من لە گریفانی خۆم دەرم نەهێناوە. ،حەقیقەتیش دەبێ باسبکرێت .هەرکەسیش ئارەزوو بکات دەتوانێت بگەڕێت بەدووی ڕاست و دروستی ئەو فاکتانەدا.

دەمێک جەنگی دوومی جیهانی کۆتایی هات و سوپاو دەسەڵاتی فاشیەکانی ئیتالیا ئەلبانیایان بە جێهێشت ،حیزبی کاری ئەلبانی وڵاتێکی وێرانەی وەرگرت.

+هەزارەها ئەلبانی لە جەنگدا لەنێو چوون.

+ (١٠٠٠٠) کەس لە بەندیخانەکانی ئیتالیاو ئەڵمانیاگیانیان سپارد.

+(٣٥٠٠٠) ئەلبانی بە کاری سوغرە لە {کەمپەکانی مردن }.لە ئەڵمانیاو ئیتالیا لەنێو چوون.

+هەر چی وێستگەی کارەباو کەلوپولی بەنەرەکان هەیە سەرجەمیان بە تاڵان بران.

+بواری کشوکاڵ و بە خێو کردنی مەڕوماڵات لە نێو بران .

+ئابوری وڵات بە یەکجاری داڕامابوو.

+هەژاری و بێکاری لە ئاستێکی بەرزدا بوون.

+دام و دەزگاکانی دەوڵەت زۆربەیان لە کار کەوتبوون.

لەم دۆخەدا بوونیادنانەوەو بوژاندنەوەی وڵات کارێکی ئاسان نەبوو ،بەڵام مەحاڵیش نەبوو .ئەوەبوو بە پێی پلانێکی دراسەکراو ،بە کۆشش وماندووبوونی خەڵکی ئەلبانیاو بە هاوکاری هاوپەیمانە شوعیەکان لە ماوەیەکی کەمدا توانیان زۆر دەسکەوتی مەزن بەدەست بێهنن کە گرنگەکانیان ئەمانەن:

+ قەدەغەکردنی هەرچی دابوو نەرێت هەبوون ،کە ڕێگر بوون لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا بەتایبەت لە بواری ژندا.

+دەرکردنی یاسایەک بۆ یەکسانی ژن بە پیاو لەهەموو بوارەکاندا ،وە چەسپاندنی لە دەستووری ولاتدا.

+ قەدەغەکردنی بەشودانی کچ لە تەمەنی منداڵیدا.

+هاتنە ناوەوەی مێنیە بۆ مەیدانی کار .کە ڕێژەیان گەشتە ٤٨٪.وە لە حیزب و دەوڵەتیشدا هەندێکیان پۆستی باڵایان وەرگرت.لەم ڕوەوە لە وتارێکیداخۆجە گووتبووی( پێوستە لەسەر ئەندامانی حیزب و گەڵ ،ئەو کەسانە بهاڕن کە مافی پیرۆزی ژن پێشێل دەکەن) 

+هەڵگرتنی باج لەسەر هاوڵاتیان.

+ گەشەکردنی بواری خوێندن.بەجۆرێک ڕێژەی نەخوێندەواری لە وڵاتدا بەتایبەت لە گونەکاندا لە ٩٠٪ سەرووتربوو ،دابەزاند بۆ ڕێژەی ٢١٪.

+خوێندنی کردە ئیجباری و لە هەموو گوندێکدا قوتابخانەیەکی کردەوە.

+ دابین کردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی بۆ هەمو ولات ،بە تایبەت بۆ گوندە دوورە دەستەکان،بەجۆرێک کە هەر (٢٠٠) کەسی ئەلبانی دکتۆرێکیان بەردەکەوت.

+ژمارەی دانیشتوان دووجارو نیو زیادی کرد.ئەویش بە هۆی قەەغەکردنی لەباربردن و باشبوونی بواری تەندرووستی.

+گەیاندنی هێڵی کارەبا بۆ هەموو وڵات.بەمەش ئەلبانیا یەکەم وڵاتی ئەورووپی بوو کە بەشی خۆی کارەبا بەرهەم بهێنێت و لەوڵاتانی دیکەی نەکڕێت.

+ لە ڕووی سەربازیشەوە ،سوپایەکی تۆکمەی پیێک هێنا،تەنانەت بووە خاوەنی چەکی قورسیش .

+کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن چ لە کاتی لە دایک بون و چ لە تەمەنی جیاوازدا کە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزشکیەوە ساڵانە خەڵکانێکی زۆر دەمردن.

+قەڵاچۆکردنی نەخۆشی مەلاریا بۆ هەتاهەتایە.

+ درووستکردنی (٧٥٠٠٠٠ حەشارگە بۆ خۆشاردنەوە لە حاڵەتی بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ لەلایەن (هاوپەیمانی ئەتلەسیەوە)

+دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هەرکەسێک توانای کاری هەبووبیت.

+ کردنەوەی چەندین زانکۆ و ناردنی خوێندکاری ئەلبانی بۆ وڵاتانی سۆشیالست بۆ خوێندن.

+زیادکردنو گەشەکردنی بەرهەمی ئاژەڵداری و کشوکالی بەتایبەت ترێ کە بۆچەندین ساڵ ئەلبانیا دووەم ولات بوو دوای ئیتالیا، لە بەرهەم هێنانیدا.

لە کۆتایدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم ،گەر ئەو دەسکەوتانە لە ئیمڕۆدا هیچیان نرخ و بەهایان نەمابێت ،بەڵام یەکێک لە کارەکانی ئەو دەسەڵاتە کە تائیمڕۆش ئەلبانیەکان شانازی پێوە دەکەن و هەرگیز لەناو ناچێت ،کەلتووری ژیانی مەدەنیەتە.

بڕێک وڵات دەمیک گۆڕانکاری بەسەردا دێت زۆر شت لە ژیانی کۆمەڵگەدا بەرەو خراپی دەگوڕێت ،واتە پاشەکشە دەکات ،بەتایبەت مافی ئافرت و ممارەسەکردنی ژیانی هاوچەرخ .بۆ نمونە دەمێک شای ئێران دەسەڵاتی لەدەستدا یا لەمیسر جمال عەبدولناسر مرد ،ژیانی مەدەنیەت وئازادی ژن پاشەکشەی مەزنیان کرد .بەڵام لە ئەلبانیا وەک خۆی ماوەتەوە و جیل لەدوای جیل پەیوەستن پێوەی و لەسەری ڕاهاتوون و شانازیشی پیوە دەکەن .

کاتی خۆی ئەنوەر خۆجە هەرچی مزگەت و کلیسا هەبوون کردنیە خوێندنگا و نۆرینگای پزیشکی ،بەمەش ڕۆڵی کەسە ئاینیەکانی تەواو لاواز کردو دەستیانی لە کۆمەڵگە دوور خستەوە ،تا ئیمڕۆش هەر هەمان ڕەوت بەردەوامە و ئاین ڕۆڵێکی ئەوتۆ لە ژیانی خەڵکدا نابینێت ، لەوەش ناچێت لە ئایندەدا خەلک پێوستی بەو ڕۆڵەیان هەبێت .چونکە بێ کیشە لەسەر کەلتوورە کۆنەکە ڕاهاتوون کە ئەنوەر خۆجە بۆیانی دەستەبەر کردوە .

سەرنج

بابەتی داهاتوو تایبەت دەبیت بە ژیانی ئەمڕۆی ئەلبانیەکان.