ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ریفراندەم " گشتپرسی" ، هەتا ئێستا پرسێكی ناوخۆییە، بۆچی ئەو هەموو هەرایەی لەسەر دروستكرا، لەراستیدا دەبوایە زۆر كاری بۆ بكراباو كەمتر باسی بكرابا!!، بەڵام ئەگەر ئەوەش هەیە ئایا راستە دوو بەرەی بەڵێ ‌و نەخێر دژ بەیەك بن؟ و بۆچی بەرەیەك نەخێر هەڵدەبژێرن ؟ ..خۆ پێویستە مافی گوتنی نەخێر مسۆگەر ببێت، بەڵام چما " نەخێر.." وەك چەند بەڕێزێك دەیانەوێ وای پیشان بدەن نیشتمانپەروەرێتی لەوەدایە..دیسان خۆ من وكەسانی دیكەش باش دەزانن لەدوای بەڵێ بۆ ریفراندەم و هەتا راگەیاندنی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆ و دوای داننپێدانانی نێودەوڵەتیش ، بەهەشتێك لەكوردستان دروست نابێت‌و دیموكراسیەت ناگاتە ئاستی پێویست و عەدالەتی كۆمەڵایەتیش پێویستی بەخەباتێكی هۆشیارانەی جەماوەری بەرفرەوان‌و بەسەركردایەتیی رەوتێكی چەپی بەهێز دەبێت..بەڵام كام رێگا لەو ئامانجانە نزیكمان دەكاتەوە..بەرەی نەخێر چ پرۆژیەكی بۆ دوای نەخێر هەیە، ئەوەندەی موتابەعەمان كردبێت، هیچ پڕۆژەیەكی ئابوری‌و سیاسیان نییە جگە لە گوتنەوەی دروشمی نەخێر..باشە با گفتوگۆی "نەخێر لەئێستادا .." بكەین، بەمانای چی دێت، نەخێر لەبەرامبەر بەڵێ بۆ ریفراندۆم، واتە بەڵێ بۆ عێراقی ئێستا، راستەوخۆ ئەوە ماناكەی دەبێت، ئینجا عێراقی ئێستا چی بۆ گەلی كوردستان پێیە، بگرە چی بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراقی پێیە؟..رەنگە تەنها لە30 رۆژدا مانگانەی فەرمانبەران بدات بەبێ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكی ئەوتۆی دیكە ، بەڵام هەروا سوپا و فیرقەی سەربازی بەناوی جۆراوجۆر دادەمەزرێنن، هەروا حزبی تایفەگەری لەژێر ناوی بەزاندنی تایفەگەری دادەمەزرێت، یاساكان تووندتر دەكرێن، دەستتێوەردانی دەرەكی زێتر دەبێت..ئەم عێراقەی ئێستا چی بۆكەسێكی خاوەن رەگەزنامەی عێراقی پێیە..چی بۆ گەلی كوردستان‌و پێكهاتەكانی دیكە پێییە؟ ..لەچی دەترسین هەرچەندە جۆرێك لەموجازەفەشی تێدابێت بەڵام قۆناغی یەكەمی ئەم هەنگاوە، پرسێكی ناوخۆییە، واتە ریفراندەم بۆ ناوخۆییەو كاریگەری لەسەر سنوورە دانپێنراوەكانی عێراق نییە، هیچیش لەپەیوەندی نیوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق ناگۆڕێت، قۆناغی دووەمە كە قۆناغی راگەیاندنی دەوڵەتی نیشتمانیی سەربەخۆییە، قۆناغێكی زەحمەت‌و پێویستی بەپاڵپشتی نێودەوڵەتی دەبێت، بۆیە لەپای چی ‌و بۆ بەرژەوەندی كێ هەڵمەتی "نەخێر .."سازبكرێت..ئەگەر لەرووی نەزەریشەوە ئەم مافە هەبێت!!.