ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووکتەیەکی تاڵ هەیە دەڵێ :"خودا 10 کوردی دروستکرد یازدەهەمینی زیاد کرد تاوەكو لە دەیەکەی دیکە تێکبدات".

کە چوار چینی دەکەونە چاڵێک، یەکیان خۆی دەچەمێنێتەوە تاوەكو یەکێكی دیکە بچێتە سەر پشتی و ئەوەی دیکەش بچێتە سەر ملی ئەو تاوەكو چوارەمیان دەگاتەوە سەرەوە، هیچ نەبێت یەکێکیان رزگاربێت. کوردیش وادەکات یەکێک خۆی دەچەمێنێتەوە تاوەكو ئەوەی دیکە بچێتە سەر پشتی و ئەوەی دیکەش بگاتە سەر شانی، بەڵام هەر کە ئەوەی دیکەیان نزیکبوو رزگاری بێت لە خوارەوە یەکێک رایدەکێشێ بۆ ئەوەی دەرباز نەبێت و بکەوێتەوە ناو چاڵەکە، ئایا هەتا هەتایە ئەوەیە چارەنووسمان؟ وەک میللەت.

لە ئەدەبیاتی بیانیدا لە مارکۆ پۆلۆوە تاوەكو ئەمڕۆ پێناسەی مرۆڤی کورد کەللەڕەقی، حەسوودی، ساویلکەیی و خۆشباوەڕییە، ئەوانەش وایلێدەکەن لە کۆتاییدا کارێک بکات تاوەكو لە دەیەکەی دیکە تێکبدات. بۆچی ؟

هەموو دەزانین بیری دەوڵەتی نەتەوەیی و میللەتبوون و دەوڵەتبوون (state nation) هزرێکی نوێیە و دوای شۆڕشی فەڕەنسی سەریهەڵداوە، فکری دەوڵەت بەرهەمی شارە، فکری هاووڵاتیبوون، ماف، خەبات بۆ سەربەخۆیی، هەستی هاوبەشی لەگەڵ هاونیشتیمانیانی دیکە... هتد لە شار سەریهەڵداوە.

کورد شاری گەورە و گەشاوە و منەوەری نەبووە (چەند سەدەیەک پێش ئێستا تاوكو رادەیەک لە دیاربەکر و ئۆرفا زانکۆ و فێرگەی فەلسەفە و فکر و ئاینناسییان هەبووە کە ئاشوورییەکان دروستیانکرد بوو، چونکە خاوەنی مەدەنیەتێکی کۆنترن) باشووری کوردستان شاری نەبووە، سلێمانی گەنجە و دهۆک گەنجە و هەولێریش بەهۆی تەنیایی و گۆشەگیرکردن و دابڕان لە دونیا پیر بووە و کەرکووکیش... ؟.

تاوەكو ماوەیەکی کەم پێش ئێستا زۆرینەی کوردی باشوور لە گوند دەژیان بەرهەمێکی ئەوتۆی فکرییان نەبووە، مەبەستم لە گوند و گوندیبوون سووکایەتی و لێ کەمکردنەوە نییە، چونکە شاریش بە ژمارەی دانیشتووانی نییە، بە کۆنی و نوێیش نییە، ئامێدی یان هەولێر هیچ نەبێت چەند هەزار ساڵ لە نیویۆرک کۆنترن، بەڵام نیویۆرک بە داهێنان و زیندوویی فکر و بەرهەمەکانی دەناسرێتەوە.

هەموو بەرهەمە فکرییەکانی کورد بە شیعریشەوە کۆبکەینەوە واتە لە شەرەفنامەوە تائێستا کە دەبێتە پێنج سەت و هەندێک ساڵ ناگاتە ئەو بەرهەمانەی فەرەنسا بە یەک هەفتە چاپیان دەکات، بۆیە یازدەهەمەکە دەیەوێ لە دەیەکە تێکبدات و دژیسەربەخۆیی میللەتی خۆی بوەستێتەوە.

دیارە شۆڕشەکانی کوردستانیش بەرهەمی ناسیۆنالیزمێکی مۆدێرن نەبووینە بۆ دروستکردنی دەوڵەت و سەربەخۆیی،تەنیا پەرچەکردار بووە دژی دەستدرێژیی و زوڵم، خەڵکی شار بیر دەکاتەوە و خەڵکی گوندیش پەرچەکرداری دەبێت، لە شار بزاڤ هەیە و لە گوند بەستن و چەقبەستن هەیە.

ئیسرائیل لە جووی 180 وڵات و سەتان زمانی جیاواز پێکهاتووە،سەتان کولتووری جیاواز، سەتان رووخساری جیاواز لە فەلاشەی ئەسیۆپیا تاوەكو ئیدیشی پۆلۆنیا و لەگەڵ هەبوونی چەندین مەزهەب و تەفسیری تەوڕاتی جیاواز، بەڵامسەرکەوتن. بۆ؟ چونکە ئەوانەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی جویان دروستکرد بژاردەی بژاردەکانی (ئەلیت-نوخبە) پاریس، لەندەن، وارشۆ، نیویۆرک و جنێڤ بوون.

ئەوانەی رێبەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیان کرد (بەڕێزێکی رەهام بۆیان) بەڵام خەڵکی گوند و شاری بچووک و داخراو بوون ، بەبێ ئیستیسنا، زۆربەیان تەمەنی گەنجایەتیان لە چیا و ئەشکەفت بردە سەر نەک لە زانکۆ و خوێندن، ئەمە واقیعە، بۆیە لە ناویاندا یازدەهەمەکە نایەوێ دەیەکەی دیکە سەرکەون.

لە هەموو مرۆڤێکدا هەستی خێر و شەڕ هەیە، رۆشنبیری هەموو شتێک نییە و کیفایەت نیە، خۆزگە ئەمجارەیان بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی هەستی خێر کە لە مرۆڤی کورددا هەیە زاڵ بێ و بیباتەوە. ئەوەش دەزانم کە بچووکترین هەڵوێستی سیاسی دەکرێ تاوەكو هەتایە گفتوگۆی لە سەر بکرێ، بەڵام خۆ یەکلاییکردنەوە دەربارەی گەورەترین هەڵوێستی ئەخلاقی تاوەكو بڵێی ئاسانە تێگەیشتن و بڕیاردان لە سەری، مەسەلەی سەربەخۆیی میللەتێکی جینۆسایدکراو مەسەلەیەکی ئەخلاقییە.

رۆشنبیرانی ئەوروپا پشتگیریان لە بزاڤی رزگاریخوازی ئەفریقیا و ئاسیا کرد، نەک چونکە هاوڕای سیاسەت و ئایدۆلۆژیایان بوون و سەرکردەکانیان فریشتە بوون، بەڵکو تەنیا لەبەرئەوەی کە ژێردەستی نەتەوەیی تاوانە و مەسەلەیەکی ئەخلاقییە، سەربەخۆیی کوردستان پێش ئەوەی سیاسی بێت مەسەلەیەکی ئینسانی و ئەخلاقییە. با ژێردەستی نەبێتە قەدەری میللەتی کورد.

*دەرهێنەری سینەمایی و نیشتەجێی پاریس