ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی (5) کۆتایی

ژیانی ئەلبانیەکان لە ئیمڕۆدا چۆن دەگوزەرێت؟

لەپاش لەکار کەوتنی دەسەڵاتی شوعیەکان لە ئەلبانیا،لە سەرتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا،ئەلبانیا بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ زیاتر پشێوی و ناسەقامگیری بە خۆوە دی .

دەسەڵاتی سیاسی توانای دابینکردنی پێوستیە ئاسایەکانی خەڵکی نەبوو، زوو زوو دەسەڵات دەگۆڕدرا،جار هەبووە حکومەت بوونی نەبووە،چەک و جبەخانەکان ئاوەڵاکرابوون بۆ هاوڵاتیان،ناکۆکی لایەن و کەسەکان پەرەی سەندبوو،لە بێ ئومێدی و بێ کاریدا بەلێشاو خەڵکانی ئەلبانیا بەتایبەتی گەنجان ڕوویان لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپی کرد،بەتایبەتی یۆنان و ئیتالیا و ئنگلترە.

ئەم حاڵەتە تا سەرەتای دووهەزارەکان بەردەوام بوو، لەوە بەدواوە گۆڕانکاری بەسەر دۆخی وڵاتادا هات.

سەقامگیری سیاسی

لەو سەردەمەدا هێزە سیاسیەکانی ئەلبانیا لەژێر فشاری خەڵکادا و بە ئامۆژگاری وهاوکاری بڕێک وڵاتی ئەورپی،گەشتنە ڕێکەوتن بۆ بەڕیوەبردنی وڵات.بنەمای بەڕیوەبرنی دەوڵەت بە شیوازی مۆدێرن دەستی پێکرد. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو جۆرە بەڕیوەبردنە بەردەوامە.

دوو پارتی سەرەکی پتر لەسەر دەسەڵاتن،یەکێکیان حیزبی دیموکراتە کە (نزیکە لە ڕێبازی سۆشیال دیموکراتەکان) و لە وڵاتدا بە حیزبی دیموکرات پێناسە دەکرێت،وە حیزبی سۆشیالست کە بە حیزبێکی(چەپ) پێناسە دەکرێتو بڕێک کادێرە باڵاکانی کۆنە ئەندامی حیزبەکەی ئەنوەر خۆجەن .لە ئێستادا حکومەت و پەرلەمان بەدەست سۆشیالستەکانەویەو سەرۆکی وڵاتیش بەدەست دیموکراتەکانەوەیە.

گەشەی ئابوری

هەر سەقامگیریەکی سیاسی کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئابووری و بەگشتی گوزەرانی خەڵک.پاش ئەم سەقامگیریە سیاسیە کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەوروپی ڕوویان لە ئەلبانیا کرد بۆ سەرمایە گوزاری،بەمەش هەلی کاریان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئەلبانیەکان مەیسەر کرد.

ئەم کارە بوە هۆی هاندانی هاوڵاتیە ئەلبانیەکان ئەوانەی لە وڵاتانی دیکە دەژیان، تا بەلێشاو بگەڕێنەوە وڵات بۆ سەرمایەگوزاری،بەتایبەتی لە بواری پرۆژەی بیناسازی و هۆتێل و بنکەی گەشتیاریدا.دەسەڵاتیش هەموو کارئاسانیەکی بۆ کردن.

هەر لە (٢٠٠٣)دا ئەلبانیا داوی ئەندامیەتی لە یەکیەتی ئەوروپا کرد.لەساڵی (٢٠٠٩) وە کاندیتە بۆ وەرگرتن.

بۆ بوون بەئەندام دەبوو ئەلبانیا چەند مەرجێک قوبوڵ بکاتو هەنگاو بۆ جێبەجێکردنیان بنێت. ئەوەبوو ئەلبانیا بە جددی کاری بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو مەرجانە کرد کە هەموویان پەیوەست بوون بە گونجاندنی یاساکانی وڵات لەگەڵ ستنادەری ئەو یەکیتیەدا لە زۆر بواردا.ئەمەش وای کرد ولات پێ بنێتە قۆناغیکی نوێوە.

بە پێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نیو دەوڵەتی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئەلبانیاو قوبروس لە ڕووی ئابوریەوە گەشەی بەرچاویان کردوە . لە ئێستادا، بۆ بوون بە ئەندام ئەلانبانیا لە تورکیا پێشکەوتووترە.

کارێکی دیکەی گرنگ کە حکومەتی ئەلبانیا پێی هەستا کردنەوەی دەرگای گەشتووگوزار بوو.ئەلبانیا خاوەنی سرووشتێکی زۆر زۆر جوانە،جا بۆئەوەی ئەم سرووشتە جوانە بەگەڕ بخرێت،هەزارەها پرۆژەی گەشتیاری لە سەرانسەری وڵاتدا کرانەوە.لەو شویێنانەدا هەموو خزمەتگوزاریەکان فەراهەم کراون،زۆر بە جوانی و بەڕووخۆشی بە پیر گەشتیارانەوە دێن.

هەر شتێک بۆ گەشتیار گرنگ بێت لەو شوێنانەدا دەست دەکەون.

بەمەش ئەلبانیا توانی لە ماوەی چەند ساڵێکدا بازێکی مەزنی گەشتیاری بدات . ساڵانە ملیۆنان خەڵک بەتایبەت ئەوروپی ڕو لە ئەلبانیا دەکەن.بەمەش داهاتێکی زۆر بۆ ولات دابین دەکەن کە داهاتی سەرەکی وڵاتە.

وێرای جوانی سروشت هەرزانیش هۆکارێکە بۆ هاندانی گەشتیار .کاڵاو دیاری و خواردن و مانەوە لە هۆتێلەکاندا یا لە ئەپارتمەندا زۆر هەرزانترە لە هەر وڵاتێکی دراوسێ،بۆ نمونە مۆنتەنەگرۆ.

خەڵکی ئەلبانیاش خۆیان حەزیان لە گەشت و ڕابواردنە،ئەوانەی لە هەندەران دەژین بۆ هاوینان زۆربەیان دێنەوە بۆ ئەلبانیا بۆ بەسەربردنی پشوی هاوینە،کە دیسان ئەمەش هاوکارە بۆ ئابووری وڵات .

بۆچوونم دەربارەی ئەلبانیا

لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، لە تێڤێکانەوە لە هەواڵی خراپ ناخۆش زیاتر هیچم دەربارەی ئەلبانیا نەدەبینی .ئەلبانیەکان تەمەڵن، دزن، شەڕفرۆشن، مەترسیدارن،گەندەڵن و تاد. ئەمانە لە زهنمدا چەسپیبوون، جا دەمێک بڕیاری سەفەری ئەلبانیام دا بڕێک دەترسام، هەروەها برادەرێکیش ئامۆژگاری کردم کە ئاگام لە گیرفانی خۆم بێت.بەڵام لە یەکەم ساتەوەخدا ئەو گومان و ترسانەم ڕەوینەوە.

لە (باری) ئیتالیاوە بە باخرە لە باژێڕی (دوورەس) دابزین،زۆربەی سەرنشینانی ئەلبانی بوون بۆ پشوی هاوینە دەهاتنەوە.( دوورەس) شارێکی گەشتیاریەو لەسەر دەریایە. هەر کە لە باخرەکە دابەزین خەڵکانێکی زۆر لەسەر شەقامەکان بە کلیلەوە وەستاون بۆ بەکرێ دانی شقە .من سەیارەکەم لای یەکێکیان ڕاگرت .بەنرخێکی هەرزان شقەکەیمان گرت .هەموو پێداویستیەکانی تێدا بوو . ڕۆژانە سەفەری هەندێک لەو شوێنانەمان دەکرد کە لە کتێبە گەشتیارەکەدا یاداشت کرابوون(دلیل سیاحی) .لەو جێگایانە ئەو خەڵکانەی دەمانبینین هەموو ڕێک و پێک و بە دەم بە پێکەنیەنەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین.

بەخشیش ئیجباری نیە بەڵام بۆ نانخواردنێک گەر یۆرۆیەک بدەیت خۆشحاڵدەبن و سوپاست دەکەن .

لە ڕۆژدا بلاجەکان یا کەنارەکانی دەریا جمەی دێت لە ئەلبانی و بێگانە،ئێوارانیش بە پیاسە و نانخواردن لە ڕیستوراندەکان و قاوە خۆردنەوە بە خێزانی کات بەسەر دەبەن

بە پێی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیان هیچ هەستێک ناکەیت کە لە وڵاتێکی ئیسلامیدایت،کەلتورێکی تەواو شارستانی ئەوروپی زاڵە بەسەریاندا، کە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لە ئەنوەر خۆجەوە بۆیان ماوەتەوە.کچانیان ئەو پۆشاکە دەپۆشن کە ئارەزوویانە،لەسەر دەریا خێزان پێکەوە مەلە دەکەن . لە فەرهەنگیاندا وشەی عەیبە بونی نیە.

کاک مەسعود بفەرموو سەردانێکی ئەلبانیا بکە.

دەپرسم کەسێک لە ئێوە ڕۆژێک لە ڕۆژان کاڵایەک،ئامێرێک، پارچە قوماشێک یاشتێکی بەردەست کەووتووە یا کڕیویەتی کە لێی نووسرابێت ( Made in Albania )؟بیستووتانە بڵێن فڵان بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئەلبانیاوە هاوردە کراوە؟ یا بیستووتانە ئەلبانیا ئەندامی (ئۆپک )بێتو نەوت بەرهەم بهێنێت؟یاخود بیستووتانە ئەلبانیا خاوەنی پشەسازی مەزن بێت؟

بێگومان وەڵامەکانتان لا ڕوونە،ئەلبانیا خاوەنی هیچ لەم شتانە نیە. ئەلبانیا وێران ترو لە ئابوریشدا داڕماوتر بوو لە کوردستان.

بەڵام بە ویستو تێکۆشان و دڵسۆزی،لە ماوی نزیکەی ١٥ ساڵدا ئەو بازە مەزنەیان دا. ڕاستەو نکولی ناکرێت لە ئەلبانیا تا ئیستاش گەندەڵی هەیە،بەڵام هەرگیز بەو جۆرەی کوردستان نیە.خۆ گەر گەندەڵکار ئاشکرا ببێت بەپێی یاسا سزای توند دەدرێت و ناو و وێنەی لە میدیاکاندا ئاشکرا دەکرێت،نەک وەک کوردستان چاوپۆشی لێبکرێت یا پلەی بەرز بکرێتەوە.

کوردستان خاوەنی نەوتە،ساڵانە داهاتێکی زۆری چنگ دەکەوێت،خاوەنی زەوی زاری بە پیتە بۆ کشتوکاڵ،خاوەنی سروشتی جوانە بۆ گەشتیاری،خاوەنی چەندنینجۆرە کانە کە بڕێکیان زۆر بەنرخن .

ئەی باشە بۆ دەسەڵاتەکەی بەڕێزتان بە شەراکەتی یەکیتی لە ماوەی (٢٥)ساڵدا نەتانتوانی وەک ئەلبانیەکان بکەن،کە لە هیچەوە دەستیان پێکرد و هیچیان نەبوو وەک سەرچاوەی داهات . بەپلەی سەرەکی پشتیان بە گەشتو گوزار بەست پاشانیش کشووکاڵ.بەڕێزم بڕاو بکە ئەلبانیەکان زۆر خۆشگوزەرانتر دەژین لە کوردی باشوور.

گەر لە وڵاتێکدا دڵسۆزی،پلان،دەستپاکی،هەبوون، موعجزە دەخولقێنریت وەک ئەلبانیا، خۆ گەر ئەو شتانەش نەبوون ئەوە کارەسات ڕوودەدەن وەک کوردستان .

گەر داهات پێوەربوایە هەنوکە دەبوو کوردستان زۆر زۆر لەپێش ئەلبانیاوە بوایە.

جا بۆیە پێشنیار دەکەم بۆ کاک مەسعود با جارێ واز لە ڕیفراندۆم بهێنێت و بێت سەردنی وڵاتێکی (لەکۆندا پڕ قەیران) ی وەک ئەلبانیا بکات تا بزانێت چۆن دەژین.

لە ئەلبانیا نەحیزب و نە بنەماڵەکانیان گەندەڵن، نە ئاین بینەقاقای خەڵکی گرتووە، نە بە بیانوی شەرف بەردەوام کچ دەکوژرێت،نە کەسەحیزبیەکان قۆرخی ئابوری وڵاتیان کردوە .نە خەڵکیش لەسەر بیروڕای جیاواز تەرۆر دەکرێت.

ئەلبانیا بەردەوام هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت، وەستان لایان یانی شکست .لە کوردستانیش لە سایەی ئەو پارە زۆرەی نەوتدا کە جگە لە چەندکەسێک کەس نازانیت چەندو چی لێدێت،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاو بۆ دواوە دەنێنن.

دەزانی کاک مەسعود،دەمێک ئەم وڵاتە کەم دەرامەتانە (لەڕابردوودا پڕ لە کێشە)دەبینم لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانەی ئێستایاندا،گومانم لە دڵسۆزیتان لا درووست دەبێت، وە زۆر بەزەیم بە خەڵکی کوردستاندا دێتەوە کە چۆن گیرۆدەی دەستی ئێوە بوون،هاوکات هەزار نەفرەتیش بۆ دەسەڵاتە شکستخواردووەکەتان دەنیرم.