ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(1)

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رای هاوڵاتیان،به‌شداری پێكردنیان له‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا،یه‌كێكه‌ له‌ رێگه‌ شارستانی و مه‌ده‌نییه‌كان . پێویسته‌ ئامرازێك بێت ،هه‌میشه‌ په‌نای بۆ ببیرێت و بكرێته‌ یه‌كێك له‌بنه‌ماكانی بڕیاردان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

ئه‌و ئامرازه‌ پێویسته‌ بخرێته‌ دوو توێی ره‌شنووسی ئه‌و ده‌ستووره‌ی بڕیار وایه‌ بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ بنوسرێته‌وه‌.به‌ڵام گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ نه‌كرێته‌ ده‌ستی ئه‌م حزب و ئه‌وی دیكه‌ ،به‌ڵكو رێگه‌یه‌كی روون بێت بۆ بڕیاری چاره‌نووسسازی ئه‌م میلله‌ته‌ له‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان و شێوزای ژیانی له‌گه‌ڵ عێراق و ده‌رودراوسێ و،ته‌نانه‌ت شێوزای فه‌رمانڕه‌وایی له‌ هه‌رێم و...تد.

(2)

بڕیاردانی چاره‌نووس،یه‌كێكه‌ له‌مافه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان به‌هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌.بڕیاردانی چاره‌نووس به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌.ئه‌و مافه‌ له‌ یاسا و رێساكانی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی جێگه‌ی كراوه‌ته‌وه‌وهیچ هاودژییه‌كی نیه‌.

گرتنه‌ به‌ری رێگه‌ی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنان و گه‌یشتن به‌و مافه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ،له‌خودی مافه‌كه‌ گرنگتره‌،به‌تایبه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان.چونكه‌ بیرمان نه‌چێت نزیكه‌ی 100 ساڵه‌ كورد به‌هه‌ر هۆكارێك بێت په‌رش و بڵاوبۆته‌وه‌ به‌سه‌ر سه‌رانسه‌ری عێراق و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ عه‌ره‌بیش به‌هه‌موو كوردستاندا.رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسێیه‌ له‌هه‌ر بڕیارێكی جیابوونه‌وه‌ پێویستی به‌ ورده‌كاری زۆر هه‌یه‌،كه‌ جگه‌ له‌ رێگه‌ ئاشتیانه‌كان هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌رئه‌نجامی نابێت.

(3)

ره‌خساندنی ئازادی راده‌ربڕین وده‌رفه‌تی یه‌كسان له‌هه‌ر پڕۆسه‌یه‌كی ده‌نگدان بو َلایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كان،مه‌رجی سه‌ره‌كی ده‌نگدانی شه‌فاف و ئازاد ده‌بێت،مه‌رجی دیموكراسی بوونی ئه‌زموون و پرسه‌كه‌ ده‌بێت.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر رێگری و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینێك پڕۆسه‌كه‌ له‌كه‌دار ده‌كات وده‌یخاته‌ به‌رده‌م ده‌یان پرسیاری جددی.

كاتێك په‌نا بۆ ئامرازه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ده‌بێت نمونه‌ی "راپرسی"بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسێكی دیاریكراو،واته‌ تۆ بۆ هاوڵاتیان ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌،واته‌ تۆ رازی به‌وه‌ی ئه‌وان بڵێن "به‌ڵێ" یان "نه‌خێر" یاخۆ "بێده‌نگ بن،ده‌نگ نه‌ده‌ن یان كاغه‌زی سپی بده‌ن".لێره‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌ هاوڵاتی نیشتمانه‌كه‌ی تۆن، ئه‌وان خاین و تۆ شۆڕشگێر نیت،به‌ڵكو هه‌مووان هاونیشتمانیین!

Hiwa Omar

بۆ