ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەگەر نەگەرێینەوە بۆ سەردەمی پێشمەرگایەتی و شۆرش. ئەوا لە هەلبژاردنەکەی ئایاری ٩٩٢ وە کێشەو روبەروبونەوە لە نێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی دا دەستی پێ کرد لەسەر دەسەڵات و داهات. تا ئەوەبو بە فیتی دوژمنانی کورد لە عێراق لە دەرەوەی عێراق لە ئایاری ٩٩٤ دا گەیشت بە شەریکی خویناوی درندانە و ناوچەکەی زیاد لە دە ساڵ گەراندەوە بۆ دواوە. لەو شەرەدا یان بە واتایەکی تر ئەو شەرە لایەکیانی نەخست و لایەکیان سەربخات. ببێتە حوکمران وخاوەن دەسەڵاتی بێ چەند و چون. بەڵام کێشەکە لەو کاتە بە دواوە بە شێوەی پڕوپاگەندە و هەرەشە و ناوناتۆرە لە یەکتری لە پەرەسەندن دایەو ئەو بۆشاییە سیاسیەی کە دروستی کردوە بواری لەباری بۆ هێزو لایەنی تری ناوخۆ و دەرەکی ڕەخساندوە کە گۆمەکە زیاتر لێڵ لیخن بکەن...

ئەم واقعە نەخوازراوە ئەم ململانێیە لەسەر دەسەڵات و داهات کاریگەری قورسو هەمەجۆری لە کۆمەڵگاکەمان دا لێ کەوتۆتەوە.

لە پێش هەمو شتێکی ترەوە. خەڵکە زۆرینەکەی وڵات بەجۆرێکی بێ وێنەو ترسناک فرامۆش کراوە. خزمەتگوزاریەکان کە لە خۆیان دا نیوەناچڵ بوون. ئەوەی تەواوکرابو لەکار کەوت یان ئیفلیج بو. ئەوەیشی کە پڕۆژە بو دەستی پێ نەکرا.. بەتایبەتی لە لادێکان دا. چونکە زوربەی ئەو پڕۆژانە بە کۆن و نوێ/ یانەوە. هەر کاربەدەستانی حزبەکان خاوەن و بەپرسی جێبەجێکردنیان بوون.

لەبرێتی زامن کردنی بواری کار بۆ بێکاران. لەلایەکەوە سیاسەتی بەعەسکەر کردن, لەلایەکی ترەوە برەودان بە بواری بازرگانی لەگەل دەرەوە و پشتگوێ خستنی کشت وکاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازی. کە دیسان زۆرێک لەکاربە دەستە حزبی و حکومەتیەکان دەستیان بەسەردا گرتوە.. لەلایەکی ترەوە بە هۆی گەمەکردن بە موچەی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەولەت. هەروەها بە هۆی کرین و داگیرکردنی باشترین زەوی و ئاوی فەلاحەکانەوە دیسان لەلایەن کاربەدەستانەوە هێرشی کۆچ لە لادێ/ وە بۆ شارەکان هەرەوەها بۆ دەرەوەی وڵات لە پەرەسەندن دایە بە جۆرێکی مەترسی دار. هەروەها پشت بەستن بە داهاتی نەوت بە تەنیا کەلە (قورگی شێردایە).

لە روی فیکریشەوە ئەم بارودۆخە بێ هیوا دورو درێژە (٢٦ ساڵ) حوکمی خۆوڵاتی زۆرینەی خەڵکی ولاتی (بێجگە لەو کۆرو کۆمەلانەی سەربە حزبەکانی دەسەڵاتن) تووشی بێزاری و نائومێدی و سەغڵەت کردوە.. بەجۆرێک بەتەنگ هیچ روداوێکی سیاسی و گۆرانکاریەکەوە نەماون و بایەخی پێ نادەن. بگرە خوازیارن هەر گۆرانکاریەک روبدات کەلەم سەغڵەتیە دەربازیان بکات...

بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئەم هەرێمە, بێ موچەیە, بێکارە, برسی و بێ هیوایە و ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو خراپتریش ئەروا.

ئەو خەڵکە وای لێکراوە (هەژار و برسی و بێکارەکان) سوێند بەسەری ((سەدام / ی تاوانکار)) ئەخۆن!!

بەکورتی کورد واتەنی [ ئاشەوان لە خەیالێک وباراش هاریش لە خەیاڵێک]. ٢٦ ساڵ شەڕو پێکدادان و پروپاگەندە و کۆبونەوە و هات و هاوا و مشت ومڕ لەم هەرێمەدا درێژەی هەیە. تەنها و تەنها لەپێناو زەوت کردنی دەسەڵات و دەست گرتن بەسەر سامانی ولات دا!! واقع سەلماندی هیچ پەیوەندیەکی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەژارو لێقەماوانەوە نیە. لەم سەدان کۆبونەوە گشتی و تایبەتیانەدا. لەم شەرە ڕاگەیاندنە دا. لەم مشت و مڕو شەرە ناوناتۆرانەدا تەنها یەکجار باس لە کیشە چەق بەستوەکانی جەماوەرە رەش و روتەکە نەکراوە. کە ڕۆژانە بەرەو خراپتر ئەڕوا. هەمو ئەو هەوڵ و تەقەلایانە تەنها و تەنها لە پیناو بەرژەوەندی سیاسی و ئیداری و ئابوری کۆمەڵە کەسانیکی بەرپرسە لەحکومەت و حزبەکان دا.. تەنها بۆ دابەشکردنەوەی دەسەڵات و داهاتەکانە لە نێوان چەند پێرێکی دەست ڕۆیودا.

پەرلەمان, دەستور, سەرۆکایەتی, حکومەت ...هتـد کە هیچ کامیان لەوکاتانەش دا کە وجودیان هەبو. تەنها لە خزمەتی ئەو کۆمەڵە کەسانەدا بوە کە تا ئەمڕۆیش هەر شەریانە و پەیتا پەیتا کۆسپ و گیروگرفت بۆ ئەم هەرێمە دروست ئەکەن.

ئەم کۆمەڵگایە کراوە بە دوبەشەوە. بەشە یەکەم کاربەدەستان و دەست و پێوەندەکانیان کە دەستیان بەسەر هەمو شتێکی وڵات دا گرتوە. بەشەکەی تری هەژارو لێقەماو و برسی و ئاوارەکانە.. باوەرومتمانە لە نێوان ئەم دو بەشەی کۆمەڵگا دا نەماوە.. ئەمە حاڵەتێکی زۆر ترسناکە و حزبە دەسەڵاتدارەکان لێی بەرپرسن.